حكومەتی هەرێم بەگۆشت و ئێسكی گەرمیانییەكان دروست بووە
هۆشیار عومەر عەلی، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی (5) بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتى
كاندیدێكی بزوتنەوەی گۆڕان لەبازنەی پێنج كە سنوری چەمچەماڵ و كەلارو دەربەندیخان و كفری دەگرێتەوە دەڵێت:» حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگۆشت و ئێسكی گەرمیانییەكان دروستبووە».
هۆشیار عومەر عەلی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی پێنج بەژمارە (33) لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» هەر كاتێك ئێمە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنێكمان هەبێت پارتی ئەو یارییە دەكات و كۆمەڵێك خەڵك دەهێنێت كە ئەوە شكاندنی كەرامەتی مرۆڤەكانە، دەیانخاتە سەر تەلەفزیۆن كە ئەمانە گۆڕان بوون و بوون بەپارتی
هاوڵاتى: هۆكاری خۆكاندیدكردنتان لەبازنەی (5) بۆ؟
هۆشیار عومەر: لە 2011 لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرسیارێتیم وەرگرت بەفەرمانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا وەك باژێروانی بزوتنەوەكە لەكەلار، ئەوكاتە بەڵێنم بەخۆم دا لانی كەم 10 ساڵ لەناو بزوتنەوەكەدا كاربكەم هەم لەپێناوی ئەوەی ئەزموونی پێویست پەیدا بكەین، هەم بەشێنەیی لەسەرخۆ كاربكەین و بیسەلمێنین كە ئەجێندای تایبەتمان نییە، ئەم جارە خۆم ئامادەیم دەربڕی، بەڵام سەرجەم ئەنجومەنەكانی كەلارو دەربەندیخان و كفری و چەمچەماڵ نووسراوێكی فەرمیان دا بە رێكخەری گشتی كەدەیانەوێت (هۆشیار عومەر عەلی) كاندید بێت بەهۆكاری ئەوەی پێشتر هیچ پۆستێكی نەبووەو شتی لەسەر نییەو دەتوانین كاری بۆ بكەین لەناو خەڵكدا.
زۆرجار ژەهری نائومێدی بڵاودەكرێتەوە لەم كاتەدا گرنگە لەمەیداندا بین، چونكە ئەگەر دۆخەكە ئاسایی بێت هەموو كەس دەتوانێت ئەو كارە بكات، ئەو تایبەتمەندیانەی وەرمانگرتووە لە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا مرۆڤ دەبێت لەسەختیدا لەمەیداندا بێت و ساحەكە چۆڵ نەكات.
هاوڵاتى: پێتانوایە گرفت بۆ گۆڕان دروست نەبووە لەگەرمیاندا كە غالب محەمەد بەسەربەخۆ خۆی كاندید كردووە كە پێشتر لە ریزەكانی گۆڕاندا بووە، كە ببێتە هۆی ئەوەی دەنگدەرانتان دابەش بكات؟
هۆشیار عومەر: ئێمە بەیەكەوە دەستمان بەكار كرد، دوو دەرفەتی گەورەی وەرگرتووە كە بەسەدان هەزار كەس پشتیوانیان كردووەو پێگەیان هەبووە، بەڵام چەندین ساڵە پشتیان لەسیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕانە بەو ئاراستە كاریان كردووە كە دژ بەگۆڕان بووەو وێنایەكیان دروست كردووە كەئەوان لەخەمی خەڵكدان كە كاری زۆر نابەجێیان كردووەو بێبەریشن لەگۆڕان.
كە دەچمە ماڵان ئەوەیە كە هیچ ئومێدێكیان نەهێشتۆتەوەو بەڵێنی قەبەو گەورەیان بەسەدان خێزان و دەیان كەس داوەو هیچیان جێبەجێ نەكردووە، ئێستاش كە خۆیان كاندید كردووە دەتوانن خۆیان تاقی بكەنەوە، ئێمە بەبەرنامەو ستراتیژی خۆمانەوە كار دەكەین.
هاوڵاتى: مەبەستم لە ئەنجومەنەكانی گۆڕانە لە كەلارو چەمچەماڵ و كفری و دەربەندیخان كە تاچەند پشتیوانیتان دەكەن تاسەركەوتوو بن؟
هۆشیار عومەر: هیچ كەسێك لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەفەرمی پشتیوانی (غالب محەمەد) ناكات لەبنكەوان وێستگە وانێكەوە بۆ سەرەوە لەهیچ مەكۆیەكی ئێمەدا لەگەرمیاندا، بەڵكو پشتیوانی كاندیدی فەرمی دەكەن لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا.
هاوڵاتى: تا چەند هەماهەنگییەك لەناو هاوپەیمانی كوردستاندا هەیە كە گۆڕان یەكێك لەكورسییەكانی گەرمیان ببات؟
هۆشیار عومەر: ئەم جارە سیستمی هەڵبژاردن جیاوازەو دەنگدەر دەنگ بەژمارەی كاندید دەدات، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە هەر چوار كاندیدەكەی گەرمیان بۆ هاوپەیمانی كوردستان بێت كە سێ پیاوو ئافرەتێكە.
دەمانەوێت هاوپەیمانی كوردستان گەورەترین فراكسیۆنی كوردستانی بێت لە بەغداو بەو شێوەیەش كاردەكات، هەماهەنگیش هەیە لەهەموو ئاستەكاندا لەنێوان گۆڕان و یەكێتی بۆ ئەوەی لەكوێدا گرفت هەبوو چارەسەری بكەین.
هاوڵاتى: بەردەوام گەرمیانییەكان گلەیی لەكاربەدەستانی حكومەتی هەرێم و دواجار سیاسییەكانی ناو حزبەكانی پێكهێنەری حكومەت دەكرێت كە كەسوكاری ئەنفال و قوربانیدانەكان خزمەت ناكرێن، چۆن دەتوانن بەڵێنێك بدەن لەئاست بەڵێنەكانتاندا بن؟
هۆشیار عومەر: هەمیشە وتوومە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگۆشت و ئێسكی گەرمیانییەكان دروست بووە.
هەندێك لەپەرلەمانتارانی پێشوو كە متمانەیان نەهێشتووە زیانێكی گەورەیان داوەو نەیانتوانیوە ئەو بەڵێنانەی كە داویانە جێبەجێی بكەن.
مرۆڤ عادەتەن لەناو ناوبانگی خۆی و خێزانەكەی دەترسێت كە لەوانە نەترسا كاری نابەجێ دەكات، ئێمە سوپاس بۆ خوا بەشێوەیەك كارمان كردووە كە متمانەیەكی گەورەمان هەیە لەناو خەڵكداو بۆ خۆمان لەناو ئەو ئازارانەدا گەورەبووین، پێویست ناكات بۆیان باس بكەین كە چ قوربانییەك دراوە.
ئێمە بە رووئیایەكی زۆر روونەوە دەچینە بەغدا پشت بەخواو بەپشتیوانی خەڵك، هەموو ئەو مافانەی كە مافی دەستورین لەشتی گەورە تا بچووك و ئاوەدانكردنەوەو بیناكردنی نەخۆشخانەكان كە پێویستیان پێیەتی، بۆ نموونە لەناحیەی رزگاری و چەمچەماڵ و كەلارو كفری كە نەخۆشخانەكانیان پێداویستی رۆژانەیان نییە بۆ نەخۆش بەناچاری رەوانەی سلێمانی دەكەن و خەرجییەكی زۆر دەكەن، پەیوەست بەزەمالە تا گەنجەكانی ئێمە بچنە دەرەوە بۆ خوێندن كە مافی دەستورییە كاری بۆ بكەین، ئێمە لە بەغداوە كاریان بۆ دەكەین لەڕێگەی پرۆژەیاساو دەركردنی یاساوە بەجددی كاریان بۆ دەكەین، لە رێگەی لێكتێگەیشتنەوە لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیكە هەماهەنگی دروست بكەین بۆ ئەو پرۆژانەی كە پەیوەستە بەكوردەوە كاریان بۆ بكەین، ئەو پرۆژانەی كە بۆ ناوچەكانی دیكە دەكرێن بیانهێنینە گەرمیانیش.
هاوڵاتى: بەڵام گۆڕان و یەكێتی لەناو حكومەتدا پێكەوەن بۆ نەتوانراوە نەخۆشخانەیەكی پێشكەوتوو لەگەرمیاندا دروست بكرێت كە نەخۆش ناچار نەبێت بیهێنێتە سلێمانی؟
هۆشیار عومەر: لەگەرمیان كەموكوڕی زۆر ماوەو زۆركەس دەیانوت یەكێتی و گۆڕان ئەوەندە ململانێكەیان توندە ئاگایان لەحكومەتی هەرێم نەماوەو ئەم ناوچەیە ناسەقامگیری تێدایە، ئێستا كە پێكەوە لەناو هاوپەیمانی كوردستانداین تا سەقامگیری دروست بێت و پێكەوە كاردەكەین.
ئێمە بەدوو ئاراستە كاردەكەین بەشێكی بۆ هەرێمی كوردستانەو بەشێكی بۆ عێراقە، ئەوەی پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە گۆڕانگاری و هەماهەنگی زیاترە لەحكومەتی خۆجێی و حكومەتی هەرێم لەجیاتی ئەوەی نوێنەرانمان لەحكومەت بەئاراستەی پێچەوانە كاربكەن، بەئاراستەی هاوبەش كاردەكەن، بەڵام ئەمە بەندە بەو رێكەوتنەی كە لەنێوانماندا هەیە بۆ پەرلەمانی عێراق، چونكە چەند جار رێككەوتن كراوەو جێبەجێ نەكراوە، ئێمە بەهیواین ئەم جارە جێبەجێ بكرێت و هەنگاوی گەورەتریش دەتوانین بنێین بۆ داهاتوو.
لەم دوو ساڵەی كە لەكابینەی نۆیی حكومەتی هەرێمین، سەرەڕای ئەو كێشەو قەیرانانەی كە هەیە كۆمەڵێك هەنگاوی گەورە نراوە لەڕووی پرۆژەو خزمەتكردنی خەڵكەوە بەگشتی بۆ سلێمانی و هەڵەبجەو ناوچەكانی دیكەش.
ئەو رێگەیەی لەنێوان كەلارو سلێمانیدایە كە ناونراوە رێگای مەرگ كە هەموو كەسێك دەزانێت لەكوردستاندا بە رووداوی هاتوچۆ خەڵك گیان لەدەستدەدەن رێگەی سلێمانی كەلارە، بۆ خۆم خوێندكاری زانكۆ بووم كەئەو پرۆژەیە بودجەی بۆ تەرخانكراوە، خەریكە پیر دەبم ئەو رێگەیە هەر تەواو نەكراوە، ئەوە زۆر بەجددی ئێستا كاری تێدا دەكرێت.
زۆرێك لەو پرۆژانە بودجەیان لە 2010 و 2011 بۆ دانراو كەس نەیزانی بودجەكەی چی لێهات یانی تەبەخوری كردبوو و بووە بەهەڵم، بەڵام دیارە ئەو رەخنەو گلەییانەی خەڵك هەیەتی بەجێیەو سیاسەت لەچاوی خەڵكەوە دەبینین، ئەمەش تایبەتمەندی سیاسەتی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو، هەرچەند خۆی لەناو یەكێتی پێگەی هەبوو بەڵام لەچاوی حزبەوە سەیری سیاسەتی نەدەكرد، لەچاوی خەڵكەوە سەیری سیاسەتی دەكرد، ئەو رەخنانەی كەخەڵك دەیگرێت پێموایە هەمووی بەجێیەو هەندێ جار خاترشیان گرتووین، دواجار بۆ هەڵبژاردنی دیكە دەچینەوە لای خەڵك.
هاوڵاتى: ئەگەر لەئاست بەڵێنەكانتاندا نەبن مافی خۆیەتی خەڵك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سزاتان بدات؟
هۆشیار عومەر: چ پەروەردەی خێزانیمان چ پەروەردەی سیاسیمان ئەگەر لێی تێگەشتبین، ئەوا ناكرێت هیچ بەڵێنێك بدەین كە ناتوانین جێبەجێی بكەین، كاندیدم بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەندێك كار هەیە رەنگە بەحكومەتی عێراقیش نەكرێت، بەشێك لەوانەی كاندیدن لەهەموو پارتە سیاسییەكان لەبەرئەوەی دەیانەوێت یەك جار بچنە پەرلەمان دوایی نایانەوێت ژیانی سیاسیان هەبێت هەموو بەڵێنێك دەدەن لەپێناوی گەیشتن بەپەرلەمان، ئەگەر بڕیاربێت 16 پاسەوانی هەبێت وەعد بەهەزار خێزان دەدات ئەگەر دەربچێت كوڕەكەی دەكاتە پاسەوان، ئەمە بێمتمانەیی دروستكردووە، خەڵك تەنها داوای ئەوە دەكات ژمارەی مۆبایل نەگۆڕین و جار جار بچینەوە لایان، بۆت دەردەكەوێت هەموو ژیانی خۆیان كردووەتە خزمەت كاندیدەكانەوە تا بوونەتە پەرلەمانتار بەشێك لەوانە بێوەفا بوون بەرانبەریان.
هاوڵاتى: بەشێك لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لەگەرمیان چوونەتە ناو پارتییەوە، ئەمە كاریگەری لەسەر دەنگدەرانتان دروست ناكات؟
هۆشیار عومەر: لەژیانی سیاسییدا وازهێنان لەپارتێكی سیاسی شتێكی سروشتییە، بەتایبەتی خەڵك بەخۆبەخش كارمان لەگەڵدا دەكات و وتووشمانە سوپاسی هەر كەسێك دەكەین كاتژمێرێك یا رۆژێك كاری بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كردبێت.
هەر كاتێك ئێمە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنێكمان هەبێت پارتی ئەو یارییە دەكات و كۆمەڵێك خەڵك دەهێنێت كەپێموایە ئەوە شكاندنی كەرامەتی مرۆڤەكانە، دەیانخاتە سەر تەلەفزیۆن كەئەمانە گۆڕان بوون و بوون بەپارتی.
كاتی خۆی خوالێخۆشبوو جەوهەر نامیق یەكێك بوو لەوانەی پارتی هەستاندەوە دوای ئاشبەتاڵ و سكرتێری مەكتەبی سیاسی بوو، چەند ساڵێك سەرۆكی پەرلەمان بوو وازی هێنا بەئاشكرا پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، ئێمە نەهاتین ئەم مەوزوعانە گەورە بكەین، ئێستاش رۆژانە خەڵك تەلەفونم بۆ دەكات كەدەڵێت من پارتیم یا یەكێتیم دەنگ بەتۆ دەدەم لەبەرئەوەی باوكت ئەنفالە لەبەرئەوەی گەنجی و لە روانینەكاندا قسە دەكەیت دوور لەزمانی تەشەنوجەوەیە.
وەختی خۆی پارتی كە ریفراندۆمی كرد وتی ئەمە قیتارە هەر كەس سەرنەكەوێت دوادەكەوێت، قیتارەكەشیان وەرگەڕاندو قوڕیان كرد بەسەر میللەتەكەشدا