جه‌میل بایک: تورکیا بۆ جینۆسایدکردنی کورد پشتیوانی لە روسیا وەردەگرێت
7 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جه‌میل بایک، هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که رەخنە ئاڕاستەی روسیا دەکات کە پشتیوانی تورکیا دەکات بۆ "جینۆسایدکردنی" کورد، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە روسیا هاوکاری تورکیای کرد لە داگیرکردنی عەفرین.
جه‌میل بایک، لە چاوپیکەوتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی فورات، که ئه‌مڕۆ بڵاوکراوه‌ته‌وه، باسى دوایین پێشهات و گۆڕانکارییه‌کانی کوردستان و ناوچه‌که ده‌کات.
بایک دەلێت "تورکیا له‌ناوبردنی کورد پشتوانی له ڕوسیا وه‌رده‌گرێت، له جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا ئه‌ڵمانیا له جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌کاندا چ ڕۆڵێکی گێڕا، ئێستاش ڕوسیا بۆ جینۆسایدکردنی کورد هه‌مان ڕۆڵ ده‌گێڕێت.
هەروەها دەڵێت "به‌ڵام ئێستا ڕاستییه‌کی کورد له ناوچه‌که و جیهاندا هه‌یه، که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کوردی ئێستا کوردی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م نییه".
"به‌ڕێکخستنبوونی کورد له‌گه‌ڵ ستراتیژی ده‌وڵه‌تی تورک نایه‌ته‌وه"
جه‌میل بایک ئه‌وه‌ی به بیرهێنایه‌وه، که ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جه‌نگی سێیه‌می جیهانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و وتی "کورد نه‌ک ته‌نها له باکووری کوردستان، به‌ڵکو له ڕۆژئاوای کوردستانیش هۆشیاربووه‌ته‌وه، له باشووریش هه‌ندێک ده‌ستکه‌وتی به ده‌ستهێناوه. له ڕۆژهه‌ڵاتیش هۆشیاربوونه‌ته‌وه. کورد له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا هۆشیاربووه‌ته‌وه. داوای ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک ده‌که‌ن و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر هێڵی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیکی رێبه‌رایه‌تی و له ناو سنووره سیاسییه‌کانی هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌دا چاره‌سه‌ری بخوڵقێنن. ئێمه ده‌مانه‌وێت به نزیکایه‌تییه‌کی گونجاو و شایسته و ئاسان ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام هۆشیاربوونه‌وه‌ی کورد و به‌ڕێکخستنبوونی کورد و به‌ره‌و پێشبردنی ئه‌و چاره‌سه‌رییه له‌گه‌ڵ ستراتیژی ده‌وڵه‌تی تورک و له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی ئاکه‌په – مه‌هه‌په، که ده‌یانه‌وێت کورد پاکتاو بکه‌ن، نایه‌ته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له کوێ به دیموکراسیبوون هه‌بیت ئه‌وان دژایه‌تیی ده‌که‌ن".
جه‌میل بایک وتى: "نه‌ک ته‌نها دژایه‌تیکردنی کورد، به‌ڵکو هاوکات له‌گه‌ڵ دژایه‌تیکردنی کورد دژایه‌تیی به دیموکراسیکردنیش ده‌که‌ن. ده‌یانه‌وێت کورد بسڕنه‌وه و پاکتاوی بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ش به توندی دژایه‌تیی به دیموکراسیکردن ده‌که‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی کوردن و ده‌یانه‌وێت کورد بسڕنه‌وه دژایه‌تیی به دیموکراسیکردنیش ده‌که‌ن. له کوێ دیموکراسیه‌ت هه‌بێت له‌وێ بوونی کورد قبوڵ ده‌کرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. کورد قبوڵ بکرێت و له‌سه‌ر بناغه‌ی ژیانکردن به کولتور و ڕۆشنبیری و ناسنامه‌ی خۆیه‌وه، ئه‌وا ژیانێکی ئازاد دێته ئارا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ک که نه‌بینراوه و هاوتای نییه، دوژمنایه‌تیی دیموکراسی ده‌که‌ن. پێویسته به‌ستنه‌وه‌ی دیالکتیانهی نێوان دوژمنایه‌تیکردنی کورد و دیموکراسی به‌و شێوه‌یه لێکبدرێته‌وه و ببینرێت".
"کورد له عه‌فرین به‌رخۆدان ده‌کات و کۆتایی به داگیرکاریی ده‌وڵه‌تی تورک ده‌هێنێت"
جه‌میل بایک ئاماژه‌ی به مه‌به‌ست و پلانی نوێی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری تورک کرد و وتی "شه‌ڕی سێیه‌می جیهانی به‌رده‌وامه. هاوسه‌نگی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تێکچووه. ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت له قۆناغی بنیاتنانی هاوسه‌نگیی نوێ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سوود له ناکۆکییه‌کان و هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ت و تواناکانی وه‌ربگرێت. بۆ ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ هه‌ندێک هێزدا ڕێککه‌وتووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکخستنی کورد و هێزی سیاسی و سه‌ربازیی کورد رابوهستێنت و له‌ناوی ببات. پلانی له‌ناوبردن و تێکشکاندنی کورد له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، له ساڵی ٢٠١٤ه‌وه ده‌ستیپێکردووه. ئه‌و پلانه له ٣٠ی تشرینی یه‌که‌می ٢٠١٤ له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورک (مه‌گه‌که)دا بڕیاری لێدرا و هێرشیان له دژی شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان ده‌ستیپێکرد بۆ ئه‌وه‌ی کورد ده‌رپه‌ڕێنن بۆ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان".
باسى له‌وه‌ش کرد: "ئه‌وان ئه‌و سیاسه‌ته‌یان په‌سه‌ند کردبوو و جێبه‌جێیان ده‌کرد. ئێستاش به داگیرکردنی عه‌فرین به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکرا ئه‌و سیاسه‌ته له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن. بێگومان ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی تورکه، به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ت و قۆناغه به داگیرکردنی عه‌فرین کۆتایی پێنه‌هاتووه و درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌و سیاسه‌ت و قۆناغه له‌لای ئه‌وانه‌وه درێژه‌ی پێده‌درێت و کوردیش درێژه به به‌ره‌نگاری ده‌دات. کورد له عه‌فرین خۆڕاگری ده‌کات و کۆتایی به داگیرکه‌ریی ده‌وڵه‌تی تورک ده‌هێنێت".
"ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتوو دوژمنایه‌تی هه‌موو کورد بکات"
جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که وتی، کورد له‌م دۆخه‌دا بووه‌ته خاوه‌نی هێز و ئه‌وه‌ى وت: "ڕاپه‌ڕینێکی ئاسایی و باوی ناوچه‌یی نییه. ته‌نها کورد له باکووری کوردستان به‌هێز نه‌بووه، به‌ڵکو کورد له سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که‌دا به‌هێز بووه. ئه‌و به‌هێزبوونه‌ی کورد به‌شێوه‌یه‌کی باش و ئه‌رێنی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌هێزبوونی یه‌کتر دروست ده‌کات. خاوه‌نداری له یه‌کتر ده‌کات. ده‌وڵه‌تی تورکیش نه‌ک ته‌نها له پارچه‌یه‌ک، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتوو دوژمنایه‌تی هه‌موو کورد بکات. بۆ ئه‌وه‌ش شه‌ڕی بردووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆی. پلانی نوێ، بڵاوکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه له سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که‌دا".
بایک زیاتر وتى: "ئه‌وه‌ش به‌و مانایه دێت، که چۆن له جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا له‌ناوبردنی کوردیان له چوارچێوه‌ی هه‌ندێک په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌نجامدا و چۆن خۆیان هه‌ڵواسی به هه‌ندێک هێزی نێوده‌وڵه‌تیدا، ئێستاش ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ دروستکردنی هاوسه‌نگیی نوێ‌دا خۆیان هه‌ڵواسن به هه‌ندێک هێزی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا له‌و ڕێگه‌یه‌وه کورد له‌ناو ببه‌ن و هێرشه‌کانی خۆیان سه‌ربخه‌ن. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌موو ده‌رفه‌ت و تواناکانی تورکیایان پێشکه‌ش کردووه و پێیانداون. بۆ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی کورد، تورکیایان له‌سه‌ر مێزی قومار دانا. به تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر پێ رابگرێت و له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه، تورکیای خستووه‌ته سه‌ر مێزی قومار و قوماری پێوه ده‌کات".
"کوردی ئێستا کوردی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م نییه"
بایک له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ئه‌وه‌ی به بیرهێنایه‌وه، که ده‌وڵه‌تی تورک به پشتیوانیی ڕووسیا عه‌فرینی داگیرکردووه و ده‌یه‌وێت سیاسه‌ته‌کانی له سوریا به پشتیوانی رووسیا ده‌رێژه پێبدات.
بایک له لێکدانه‌وه‌یه‌دا بۆ په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌تی تورک و ڕووسیا وتی "به‌ڕاستی په‌یوه‌ندیی رووسیا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورک پارادۆکس و دژبهیهکبوونێکی گه‌وره‌یه! تورکیا تاوه‌کو ئێستا سوریای ده‌سوتاند و کاولی ده‌کرد و تاوه‌کو ئێستاش یه‌کێکه له سه‌رچاوه‌کانی نائارامی له سوریا، ئێستا ده‌یه‌وێت به خۆهه‌ڵواسین به ڕووسیا درێژه به سیاسه‌ته‌کانی له سوریا بدات. له کاتێکدا له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی کورد به شێوه‌یه‌کی دژوار ئه‌نجام ده‌دات، پشتوانی له رووسیا وه‌رده‌گرێت. له جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا ئه‌ڵمانیا له کۆمه‌ڵکوژکردن و جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌کاندا چ رۆڵێکی گێڕا، ئێستاش رووسیا بۆ کۆمه‌ڵکوژکردن و جینۆسایدکردنی کورد هه‌مان رۆڵ ده‌گێڕێت، به‌ڵام ئێستا راستییه‌کی کورد له ناوچه‌که و جیهاندا هه‌یه، که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کوردی ئێستا کوردی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌م نییه".
ئه‌وه‌شى وت: له ناوچه‌که پێشکه‌وتن له ئارادایه و گه‌ل داوای دیموکراسی ده‌کات. داوای دیموکراسی و دوژمنایه‌تیکردنی کورد له یه‌ک کاتدا و پێکه‌وه به‌ڕێوه ناچێت. هه‌رگیز داوای دیموکراسیی گه‌لان و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی تورک له‌گه‌ڵ یه‌ک نایه‌نه‌وه. رووسیا له‌لایه‌ک پشتیوانی کۆمه‌ڵکوژکردنی کورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه ده‌کات و له‌لایه‌کی تره‌وه راگه‌یاندراو بڵاوده‌که‌نه‌وه و ده‌ڵێن، چاره‌سه‌ری سیاسی له سوریا به بێ کورد نابێت. ئێمه باسی ئه‌وه ده‌که‌ین، که ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت کورد کۆمه‌ڵکوژ بکات و بیسڕێته‌وه و سیاسه‌تێکی له‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌بات، به‌ڵام ئاسان نییه (تورکیا) هه‌موان به‌پێی حه‌ز و خواستی دڵی خۆی بکاته دوژمنی کورد، چونکه ئه‌وه بۆ سیاسه‌تی خۆی به مه‌ترسی ده‌زانێت، بۆیه ناتوانێت ئه‌و سیاسه‌ته به‌پێی خواستی خۆی به‌ڕێوه‌ببات".
"ئێمه ڕێگا ناده‌ین که به ئاسانی ئه‌و پیلان و سیاسه‌ته به‌ڕێوه‌بچێت"
ڕاشیگه‌یاند: "له‌لایه‌کی تره‌وه به‌رخۆدانێکی گه‌وره له‌لایه‌ن کورده‌وه هه‌یه. ئه‌وه‌ش واده‌کات نه‌توانێت ئه‌و پلان و مه‌به‌سته نوێیه‌ی خۆی به ئاسانی به‌ڕێوه‌ببات. ئێمه ڕێگا ناده‌ین که به ئاسانی ئه‌و پلان و سیاسه‌ته به‌ڕێوه‌بچێت. کورد ده‌رفه‌ت به‌و سیاسه‌ت و پلانه نادات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین که ئه‌و شه‌پۆل بۆ هێرش و کوشتار و له‌ناوبردنی کورد به‌پێی شه‌رت و مه‌رجیی جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پلانی بۆ دانراوه و به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
جه‌میل بایک له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاوه وتی "ئه‌مریکا له‌سه‌ره‌تادا سیاسه‌تی ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌برد، که کورد له رۆژئاوای فورات قازانج بکات، به‌ڵام له بارودۆخی عه‌فرین و هێرش بۆ سه‌ر عه‌فرین ته‌نها وه‌ک سه‌یرکه‌ر جوڵایه‌وه. رووس له عه‌فرین بوو، له رۆژهه‌ڵاتی فوراتیش ئه‌مریکا. دابه‌شکردنی له‌و شێوه‌یه ده‌بینرا. هه‌ر ئه‌مریکا خۆیشی به ئاشکرا له دژی داگیرکردنی عه‌فرین نه‌وه‌ستایه‌وه و هه‌روه‌ها به هه‌ڵوێسته‌کانی دنه‌ده‌ر و هانده‌ری ئه‌و داگیرکارییه بوو".
"بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پشتبه‌ستوو بووه به هێزی خۆی"
بایک ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، کورد ئه‌و دۆخه ده‌بینێت و به‌پێی ئه‌وه ڕێکخستنی خۆی، هێزی خۆی بۆ پاراستن و به‌رگری به‌ره‌و پێش ده‌بات و له‌و باره‌یه‌شه‌وه ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو "ڕێبه‌ر ئاپۆ و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیمان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، که بۆ کورد هێزی خۆی و تێکۆشان به هێزی خۆی، ناچارێتییه. بزووتنه‌وه‌یه‌که، که داواکانی پشتبه‌ستوو ده‌بێت به‌گه‌ل و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ده‌جوڵێته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی کورد بزووتنه‌وه‌یه‌ک نییه که خۆی هه‌ڵبواسێت به ده‌وڵه‌تێکدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بجوڵێته‌وه. مه‌گه‌ر کورد به سیاسه‌تی پشتبه‌خۆبه‌ستن بتوانێت له پارچه‌کانی تردا سه‌رکه‌وتن به ده‌ستبهێنێت".
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "بێگومان کورد ده‌توانێت دیپلۆماسی ئه‌نجام بدات و له‌گه‌ل هێزه جۆراجۆره‌کاندا په‌یوه‌ندی دروست بکات، به‌ڵام خاڵی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه، که کورد پشتبه‌ستوو بێت به هێزی خۆی، هێزی سیاسی و سه‌ربازیی خۆی و یه‌کێتی به بنه‌ما بگرێت. هه‌روه‌ها زۆر گرنگه له‌گه‌ڵ هێزه دیموکراسیخوازه‌کانی ناوچه‌که‌دا بێت، چونکه کێشه‌ی کورد و کێشه‌ی به دیموکراسیکردنی ناوچه‌که له هه‌ناوی یه‌کتردان، چونکه تاوه‌کو کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر نه‌کرێت به دیموکراسیکردنی ناوچه‌که‌ش نایه‌ته‌دی. ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتنی دیموکراتیک هه‌بێت ئه‌وا کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌بێت".
"ساڵی ٢٠١٨ ده‌بێته ساڵی تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکه‌په"
هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که ڕایگه‌یاند، هێرشی فاشیزمی ئاکه‌په – مه‌هه‌په درێژه‌یان ده‌بێت و له‌وباره‌یه‌شه‌وه باسی ئه‌وه‌یکرد "ئه‌و هێرشه تا که‌ی درێژه ده‌کێشێت؟ تاوه‌کو تێکبشکێنرێت درێژه‌ی ده‌بێت. ئایا تێکدهشێت؟ بێگومان تێکده‌شکێت. ئه‌سته‌مه ئه‌و بیرکردنه‌وه و تێزه و ئه‌و سیاسه‌ت و فێڵکردنه به‌رده‌وامیی هه‌بێت، چونکه بواری نییه. هه‌م له رووی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م له رووی هێزه ناوچه‌یه‌کان و نه له‌لای کورده‌وه و نه له‌لای تورکه‌وه ئه‌و بواره نییه که خۆی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌ببات. هێرشی ئه‌وه‌نده گه‌وره و قورس ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌ک به‌رده‌وامییان ده‌بێت. دوای ماوه‌یه‌ک و کاتێک ئه‌نجامێکی به ده‌ستنه‌هێناوه تێکده‌شکێت".
جه‌میل بایک زیاتر وتى: "ئاکه‌په له‌وه ده‌ترسێت. توانای به‌رگه‌گرتن و ته‌حمولی ئۆپۆزسیۆن و ناڕه‌زایه‌تییه‌کی بچووکی نییه. بۆچی؟ ده‌ڵێن 'ئه‌گه‌ر له ماوه‌یه‌کی که‌مدا به ئه‌نجام نه‌گه‌ین تێکده‌شکێین و له‌ناو ده‌چین'، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئیراده و وره‌ی کورد تێکبشکێنن و ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد له‌ناو ببه‌ن، هێرشه‌کانیان زۆر ده‌که‌ن. ده‌بێت کورد له‌و ڕاستییه تێبگات. بێگومان ده‌بێت خۆیان له دژی ئه‌وه به‌ڕێکخستن بکه‌ن و به‌رخۆدان و به‌رگری بکه‌ن. نابێت سه‌یرکه‌ر بن. ئه‌و مه‌ترسییه له خۆییه‌وه له‌ناو ناچێت و هه‌ر له خۆیه‌وه ناڕه‌وێته‌وه. ئه‌وه به تێکۆشان نامێنێت. پێشتریش ئه‌و مه‌ترسییه هه‌بوو، به‌ڵام به تێکۆشان تێکشکێنرا. کوده‌تای ١٢ی ئه‌یلول تێکشکێنرا. سیاسه‌ت و هێرشی ساڵانی ١٩٩٠کان به تێکۆشان تێکشکێنران. ئه‌و هێرشه داگیرکاری و چه‌وسێنه‌رانه و تاڵانکاریه‌ی فاشیزمی ئاکه‌په – مه‌هه‌په به تێکۆشان تێکده‌شکێت. له‌و ڕووه‌وه ٢٠١٨ ده‌بێته ساڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکه‌په – مه‌هه‌په".
"له ئێستا به دواوه‌وه ده‌وڵه‌ته‌کان به قورسی به‌شداریی شه‌ڕی سوریا ده‌که‌ن"
جه‌میل بایک له درێژه‌دا باسی ئه‌وه‌یکرد، شه‌ڕی سوریا چووه‌ته قۆناغێکی نوێ و وتی "پێشتر شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرا، که هاوسه‌نگی بۆ هێزه‌کان دروست بکرێن. هه‌ر که‌س هێزی خۆی نیشان ده‌دا. له ئێستا به دواوه له سوریا شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، که کێ تا چه‌ند ده‌توانێت جێ بۆ خۆی بکاته‌وه. له قۆناغی سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی سوریادا شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، که کام هێز تا چ راده‌یه‌ک بوونی هه‌بێت و کاریگه‌ریی سیاسیی چه‌ند بێت. شه‌ڕ بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و شه‌ڕه‌ش له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا کۆتایی پێنایه‌ت. شه‌ڕی خوڵقاندنی هێز و نیشاندانی هێز ماوه‌یه‌کی درێژ به‌رده‌وامبوو. شه‌ڕی جێگرتن له سیستمی سوریاشدا درێژه‌ی ده‌بێت. پێشتر ئاکتۆره ناوچه‌یه‌کان زیاتر رۆڵیان هه‌بوو، به‌ڵام ئیتر له‌مه‌ودوا ده‌وڵه‌ته‌کان به چڕی و قورسی ده‌که‌ونه ڕۆڵگێڕاندن. ئاستی نوێی شه‌ڕ له سوریا به‌وشێوه‌یه ده‌بێت. ده‌بێته شه‌ڕێک که زیاتر ده‌وڵه‌ته‌کان به‌شدار ده‌بن تیایدا. ئه‌مریکا به‌شداره، رووسیا به‌شداره و تورکیاش که‌وتووه‌ته‌خۆ، فه‌ڕه‌نساش ده‌که‌وێته‌خۆ و ئێرانیش به‌شداره. بۆ ئه‌وه‌ش شه‌ڕه‌که چووه‌ته قۆناغی نوێییه‌وه".
"به پشتیوانیی ڕوسیا عه‌فرین داگیرکرا، به‌ڵام به‌رخۆدان درێژه‌ی ده‌بێت"
جه‌میل بایک هاوسه‌رۆکی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌جه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد، که رۆڵی کورد له شه‌ڕی سێیه‌می جیهانیدا گرنگه و بۆ ئه‌وه‌ش وتی "کورد له‌دژی سیاسه‌تی کۆمه‌ڵکوژکردن و سڕینه‌وه به‌رخۆدان ده‌کات. عه‌فرین له هه‌ر چوارلاوه گه‌مارۆ درابوو. به پشتیوانیی رووسیا عه‌فرین داگیرکرا، به‌ڵام به‌رخۆدان له عه‌فرین درێژه‌ی ده‌بێت. داگیرکردنی عه‌فرین سه‌رکه‌وتو نابێت. گه‌لی عه‌فرین ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆی و به شێوه‌یه‌کی ئازادانه و دیموکراسیانه درێژه به ژیانی ده‌دات. رۆژهه‌ڵاتی فورات کورد و گه‌لانی تر به به‌رده‌وامیی کاریگه‌رییان تیایدا ده‌بێت. گه‌لۆ به بێ قبوڵکردنی بوونی کورد ده‌توانرێت سوریایه‌کی نوێ بنیات بنرێت؟ ئه‌سته‌مه بنیات بنرێت. هه‌تاوه‌کو کورد کۆمه‌ڵکوژ نه‌کرێن ئه‌وا به بێ کورد سوریا بنیات نانرێت. کۆمهڵکوژکردنێکی له‌و شێوه‌یه‌ش ئه‌سته‌مه له هه‌موو سوریا ئه‌نجام بدرێت".
ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کردوه: "سوریا به بێ کورد ناتوانێت له‌سه‌ر پێ بمێنێته‌وه. گه‌ره‌نتیی یه‌کپارچه‌یی سوریا کورده. کورد لایه‌نگری یه‌کپارچه‌یی سوریایه. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش به‌و راده‌یه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کاندا دروست ده‌که‌ن. کورد ده‌یانتوانی له سوریادا ته‌نها له ناچه‌کانی خۆیاندا بمێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌کرد. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یان نه‌کرد، که ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ کورد له سوریایه‌کی دیموکراتیکدا ده‌بێت. هه‌تاوه‌کو وڵاتانی ناوچه‌که دیموکراتیک نه‌بن، کورد ناتوانێت ئازاد بێت. بۆ ئه‌وه‌ش کورد تێکۆشانی خۆی بۆ سه‌رتاسه‌ری سوریا بڵاوکرده‌وه. بۆ یه‌کێتی سوریا کورد جێ و رۆڵێکی کاریگه‌ری ده‌بێت".