لەبەغدا شەڕی بودجەو مووچەو قووتی هاووڵاتیان دەكەین

نەرمین مەعروف، كاندیدی هاوپەیمانیی كوردستان لەبازنەی یەكی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتی

كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان كە پسپۆرییەكەی لەبواری ئابووریدایە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لەبەغدا شەڕی بودجەو قوتی هاووڵاتیان دەكەن و داواش لەخەڵك دەكات بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان وەكو سەنگەرێك بیبینێت بۆ بەرگری كردن لەمافەكانیان.

دكتۆرە نەرمین مەعروف، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی یەكی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی، دەشڵێت:» هەموو خەڵك شاهیدی ئەوە دەدەن كە لەچەند ساڵی رابردوو ئێمە وەكو كورد غەدرێكی زۆر گەورەمان لێكراوەو بابەتە ئابوورییەكان تێكەڵی بابەتە سیاسییەكان كراوە، لەبەرئەوە ئومێد دەكرێت كە ئێمە بچینە بەغدا بتوانین داكۆكی لەمافەكانی خەڵك بكەین».

 

هاوڵاتی: تاكە كاندیدی هاوپەیمانی كوردستانن كە پسپۆرییەكەتان بواری ئابووریە كەكورد بەردەوام شەڕی كردووە بۆ بەدەستهێنانی پشك و ئیستحقاقی خۆی لەپەرلەمان؟

د. نەرمین مەعروف: بەدڵنیاییەوە نەك لەبەرئەوەی خۆم كاندیدم بەشێوەیەكی گشتی ئەوانەی نوێنەرایەتی كورد دەكەن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی پەرلەمان پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەیە، كە وا دەكات حكومەت بەرنامەی دارایی بۆ ساڵێك  بەكاربهێنێت.

لێرەوە ئەوە پێمان دەڵێت مەسەلە داراییەكان پەیوەندیەكی گرنگیان بەسەر ژیانی هەموو خەڵكەوە هەیە، لێرەوە ئەو كەسانەی كە بەشداری گفتوگۆكان دەكەن لەپەرلەماندا پێویستە بەشێكیان لەو كەسانە بن كەپسپۆرییان لە بواری بودجەو داراییدا هەیە تا ئەو پرۆژە بودجەیەی كە پەسەنددەكرێت كەپەیوەندی بە قوت و گوزەرانی تاك بەتاكی كۆمەڵگەوە هەیە تا بەشێوەیەكی زانستیانەو پرۆفیشناڵانە  بەلەبەرچاوگرتنی هەموو رەهەندەكانی پرۆژە یاساكە رەچاو  بكرێت.

ئێمە وەكو كورد یەكێك لەكێشە سەرەكییەكانمان پرسی بودجەی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی عێراقەوە بووەتە بابەتێكی موزایەدەی سیاسی و لایەنەكانی دیكەی عێراق زۆربەی كات وەكو كارتی فشار بەكاریانهێناوە یان هەوڵیانداوە رێژەكەی كەمبكەنەوە كە لەم چەندساڵەی رابردوو رێژەكە لە لەسەدا 17%وە كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12.67، هەموو ئەم شتانە پێمان دەڵێن سەرباری پسپۆرییەكانی دیكە پێویستە پسپۆری بودجەو دارایی زۆر زۆر گرنگە لەپەرلەماندا هەبێت، چونكە یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی پەرلەمان مەسەلەی بودجەیە كە مافێكی دەستوری و داراییەو موچەیە.

 

هاوڵاتی: تاچەند هاوپەیمانی كوردستان بەگشتی كار بۆ سەرخستنی ئێوە دەكات؟

د.نەرمین مەعروف: هەر لەبەرئەوەی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستانم پاڵپشتیمان دەكات بۆ سەركەوتنمان، كاندید بوونم لەسەر قەوارەیەكی سیاسی، كە مەسەلەی كاندید كردنەكەم بۆ ئەوەیە كە پسپۆری بواری دارایی و ئابووریم، پەیوەندی بەپرسی جێندەرییەوە نییە كە من ژنێكم، لەسەر ئەساسی كەفائەتە.

 

هاوڵاتی: لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەریەككەوتنتان هەبووە لەگەڵ خەڵك، خەڵك چ داوایەكیان لێتان هەیە؟

د.نەرمین مەعروف: خۆشبەختانە لەماوەی سێ مانگی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەگەڵ چین و تووێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگا پەیوەندیم هەبووە، سەردانم كردوون و ئەوان هاتوون بۆ لام،  لەشۆسیال میدیا پشتگیری دەكرێم، هەموو ئەوانە سوپاس بۆ خوا پۆزەتیڤ بووە، خەڵكێكی زۆر بەگەشبینییەوە دەڕواننە ئەم هەڵبژاردنە، خەڵكێكی زۆریش بە ئومێدەوە دەڕواننە ئەم هاوپەیمانێتییە، ئەمە هەنگاوێكە بۆ یەكڕیزی گەلی كورد بەگشتی.

هەموو خەڵك شاهیدی ئەوە دەدەن كە لەچەند ساڵی رابردوو ئێمە وەكو كورد غەدرێكی زۆر گەورەمان لێكراوەو بابەتە ئابوورییەكان تێكەڵی بابەتە سیاسییەكان كراوە، لەبەرئەوە ئومێد دەكرێت كە ئێمە بچینە بەغدا بتوانین داكۆكی لەمافەكانی خەڵك بكەین پشتبەستوو بەماددە دەستورییەكان و بەپێی پسپۆرییەكەمان لەبواری ئابووری و دارایی بتوانین بەرگری لەخەڵك بكەین و ببینە دەنگ و رەنگی ئەوان، بەدڵنیاییەوە ئەوەی دەنگم پێدەدەن و ئەوانەشی دەنگم پێنادەن ئەگەر سەركەوتوو بم دەبمە دەنگی هەر هەموویان، ئەوەی دەبێتە پەرلەمانتار تەنها نابێت بەدەنگی حزبەكەی خۆی، بەڵكو وەكو كورد ببینە دەنگ و رەنگی هەموو چین و تووێژە جیاوازەكان.

تا رادەیەك گلەیی و گازندە لەئەدای حكومەتی هەرێم هەیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا كە ئێمە بۆمان روونكردوونەتەوە كە عیلاقەی بە بەشە بودجەكەی هەرێمەوە هەیە كە بڕدراوە،  حكومەتی هەرێم لەڕووی داراییەوە توانای نەبووە خزمەتگوزارییەكان پێشكەش بكات، خەڵك ئەگەر بیانەوێت گلەییان نەمێنێت موچە بەردەوام بێت دەبێت بەشدارییەكی كارایان هەبێت لەهەڵبژاردنەكاندا، هەر كەس لەئاست خۆیەوە بە بەشداری كردنی داكۆكی بكات لەمافەكانی خۆی لەناو عێراقی فیدراڵدا، بەشداری نەكردن لەهەڵبژاردنەكاندا چارەسەری كێشەكان ناكرێت بەپێچەوانەوە هێندەی تر ئێمە وەكو كورد لاواز دەبین و مافەكانمان پێشێل دەكرێت.

 

هاوڵاتی: پێتانوایە دەبێت نوێنەراتی كورد بەبێ جیاوازی رەنگ و حزب و سەربەخۆ لەپرسی مافەكانی كورد یەكهەڵوێست بن؟

د. نەرمین مەعروف: هیچ گومانی تێدا نییە ئەگەر بێت و سەیری بەرنامەو دروشمی حزبەكان و تەنانەت كاندیدە سەربەخۆكان بكەیت هەمووی باس لەبەرژەوەندی كوردو كوردستان دەكات، كەواتە ئێمە بەجیاوازی بیروبۆچوون و هەموو رەنگەكانەوە خاڵێكی هاوبەشمان هەیە كەئەویش پرسی بەرژەوەندییەكانی میللەتی كوردە، كەواتە ئێمە دەكرێت ئەم خاڵە هاوبەشە بكەینە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەموو تواناكانمان بۆ ئەوەی یەكی بخەین و بەیەك دەنگ و بەیەك هەڵوێست لە بەغدا هاودەنگی یەك بین و داوای مافەكانی گەلی كوردستان بكەین.

كورد بەراورد بەنەتەوەی عەرەب وەكو ژمارەو كورسی پەرلەمانیمان كەمترە، بەڵام لەساڵانی رابردووش هەر وابووەو ئەوەی وای كردووە كورد هەر بەزیندوویەتی بمێنێت بەردەوام بین لەخەباتی خۆمان ئەوەبووە كە خاوەنی ئیرادەیەك بووین و بە خەباتی چەكداری تا ئێرەمان هێناوەو ئێستاش لەڕێگەی خەباتی مەدەنییەوە دەكرێت پارێزگاری لەدەستكەوتەكان بكەین كە چەندین قوربانیمان بۆ داوەو گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە، بەڵام لێرە بەدواوە دەكرێت لەڕێگەی پرۆسەی دیموكراسییەوە لەگەڵ لایەنەكان بگەینە ئەنجامێك كە قازانجی گەلی كوردی تێدا بێت.

 

هاوڵاتی: بەردەوام كورد هەندێك پۆستی وەك ئیستیحقاق وەرگرتووە، لەوانە سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆك وەزیران، وەزیرێكی سیادی، لەگەڵ دوو وەزیرو چەندین پۆستی دیكە، پێتانوایە دەبێت نوێنەرانی كورد لەپەرلەمان موحاسەبەو چاودێری ئەوانە بكەن كە لەدەزگای جێبەجێكردندان؟

د. نەرمین مەعروف: ئێوەی باست كرد زۆر راستە، دیارە ئێمە لەچوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا جگە لەوەی مافی ئەوەمان هەیە نوێنەرمان هەبێت لەپەرلەماندا، بەڵام وەكو شەریكێك لەحوكمڕانی عێراقدا چەندین پۆستی ئیداریمان لەدامەزراوە فەرمییەكاندا هەیە كە پشكی كوردە.

لەماوەی رابردوودا زیاتر فۆكەس خراوەتەسەر ئەندامانی پەرلەمانی كورد لەبەغدا، هێندە فۆكەس نەخراوەتە سەر پۆستەكانی دیكە كە لەدەسەڵاتی جێبەجێكردندان، لەكاتێكدا ئەوانەی لەو پۆستەدان بەرپرسیارێتییەكەیان زیاترە لەئەندامانی پەرلەمان، تا رادەیەك كاری پەرلەمانتاری سنوردارە بەدەركردنی پرۆژەیاسا و یاسای بودجەو چاودێری كردنی ئەدای حكومەت، بەڵام دواجار ئەوانەی لەسوڵتەی تەنفیزیدان راستەوخۆ دەتوانن بڕیارەكان و یاساكان جێبەجێ بكەن.

ئێمە بێجگە بودجەو مووچە مافی دیكەمان هەیە وەكو خۆراكی مانگانەو پشكی دەرمان و پارەی جووتیاران و چەندین شتی دیكە وەكو زەمالەی خوێندكاران كە لەسەر ئاستی عێراق بوونی هەیە و پشكی هەرێم دیاری نەكراوە، هەروەها ئەو قەرزانەی كەدەدرێت بەعێراق لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتییەوە كورد مافی ئەوەی هەیە پشك و ئیستحقاقی خۆی وەربگرێت، ئەمانە هەمووی لەدامەزراوەكانی حكومەتەوە دەتوانرێت وەربگیرێت، خەڵكی زۆر زانیاریان لەسەر ئەمانە نەبێت.

 

هاوڵاتی: دوا پەیامت بۆ خەڵك چیە لەبارەی بەشداری كردن لەدەنگداندا، رۆژی 10ی 10 كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت؟

د. نەرمین مەعروف: گلەییەكانی خەڵك رەوایە كەدەیكەن لەحكومەتی هەرێم ، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی كوردستان و تەقیمی حكومەتی هەرێم نییە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراقە و بۆ مافی میللەتی كوردە، دەكرێت گلەییەكان هەڵبگرین بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەوكات خۆمان و دەسەڵاتی خۆمان دەتوانین گلەیی بكەین.

هیوادارم هەموو خەڵك بچێت بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ بەرگریكردن لەمافی خۆی و خێزانی خۆی، چونكە بە بەشدارینەكردنی گلییەكان چارەسەر نابێت و خزمەتگوزارییەكان باشتر ناكات، بەڵكو بە بەشداریكردن هیوادارین وەك پێش ساڵانی 2014ی لێبێتەوەو قوت و بودجەو پشكی هەرێم وەكو پێشتر رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار