هاوپەیمانیی كوردستان باڵانسی هێز دەگەڕێنێتەوە
شوناس حسێن عەبدوڵا كاندیدی هاوپەیمانی كوردستانی بازنەی 1ی سلێمانی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان داوا لەهاووڵاتیان دەكات لە 10ی ئەم مانگە بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان تا باڵانسی هێز راستبكەنەوە، دەشڵێت:»هاوپەیمانی كوردستان باڵانسی هێز دەگەڕێنێتەوە».
شوناس حسێن عەبدوڵا، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی یەكی سلێمانی ژمارە 32 لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دەخاتەڕوو كە»لایەنە سیاسییەكان تا بتوانن یەكڕیز و تەبابن لەبەغدا، باشتر دەتوانن دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەدەستبهێنن، بەڵام یەكڕیزی نیشتیمانی كاتێك دروستدەبێت كە یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان بەگیانی لێپرسراوێتی و مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ یەكتردا بكەن».
هاوڵاتى: هاوپەیمانی كوردستان دەتوانێت چی بكات بەگشتی؟
شوناس حسێن: زۆربەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر خواستی بزوتنەوەكە تەكلیف كراون و دانراون، پێكەوەش لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستان پلانێكی تۆكمەمان هەیە بۆ چارەسەركردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز بۆ كوردستانی عێراق و هەموو هەوڵەكانمان بۆ یەكڕیزی كوردە بۆ ئەوەی بتوانێت بەیەكڕیزیی ئەو دەستكەوتانەی هەیەتی لەبەغدا وەریبگرێت و هەرێمیش لەسایەی دیموكراسیدا مافەكانی بەدیبهێنێت.
هاوڵاتى: پلانی بەڕێزتان چییە وەك كاندیدێكی گەنج لەناو هاوپەیمانی كوردستان؟
شوناس حسێن: كۆمەڵێك شت لەناو هاوپەیمانیدا كاری لەسەر دەكەین و دواتر وەك بەرەیەكی كوردستانی كاری لەسەربكەین، پێویستە گەنجانی هەرێم وەك گەنجانی عێراق بتوانن لەو قەرزانە سودمەند بن و چۆن گەنجانی بەشەكانی دیكەی عێراق دەتوانن لەهەموو ئەو قەرزە بچووكانە و پێشینانە سودمەند بن، گەنجی ئێمەش بتوانن سودی لێوەربگرن، ئەو زەماناتانەی كە لەلایەن كۆنسوڵەكانەوە بۆ خوێندن دیاریدەكرێت گەنجانی ئێمەش سودمەندی بن، بۆیە ئەوە یەكێكە لەكارەكانمان و كاری جددی بۆ دەكەین.
هاوڵاتى: تاچەند دروستبوونی ئەم هاوپەیمانەتییە بەردەوام دەبێت لەدوای هەڵبژاردنەكان؟
شوناس حسێن: تەمەنامان كردووە ئەمە سەرەتایەك بێت بۆ لێكنزیكبوونەوەی زیاتر بۆ ئەوەی لەداهاتوودا هەنگاوی دیكە بنێین، یەكێك لە خاڵە جەوهەریەكانی هاوپەیمانی كوردستان ئەوەیە بەیەكەوە بەهێزترین.
بۆیە تەمەننا ئەكەین ئەو رێككەوتنە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و لەداهاتوودا هەنگاوەكان بۆ لێكنزیكبوونەوەی زیاتر بێت، لەنێوان یەكێتی و گۆڕان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی ناو هەرێمی كوردستان.
هاوڵاتى: گلەییەكان زۆرتر روو لەحزبەكانی دەسەڵاتە، هاوپەیمانیەتیەكە كاریگەری نابێت لەسەر دەنگدەرانتان؟
شوناس حسێن: ئێمە بەیەكەوە هەنگاو دەنێین بۆ داهاتوو، ناگەڕێینەوە بۆ رابردوو، ئەم رێككەوتننامەیە درێژكراوەی ئەو دوو رێككەوتننامەیە لەسەردەمی مام جەلال و كاك نەوشیروان دا كراوەو تازە نیە و لایەنگران و دەنگدەرانی بزوتنەوەكەش ئەوە دەزانن و تێدەگەن كە ئەمە رێككەوتنێكی تازە نیە تا پێی نیگەران بن، بۆیە هیچ كاریگەریەكی لەسەر كەمكردنەوەی دەنگەكانی گۆڕان نابێت و بەڵكو بەشێكی زۆری خەڵكیش پێشوازیان لێكردووەو پێیان وایە دەبێتە خاڵی كۆكەرەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بتوانین لایەنەكانی دیكەش بێنە ژێر چەتری ئەم رێككەوتنەوە.
هاوڵاتى: یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان لەبەغدا تاچەند گرنگە؟
شوناس حسێن: بێگومان مێژوو سەلماندویەتی لایەنە سیاسییەكان تا بتوانن یەكڕیز و تەبابن لەبەغدا، باشتر دەتوانن دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەدەستبهێنن، بەڵام یەكڕیزی نیشتیمانی كاتێك دروست دەبێت كە یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكان بەگیانی لێپرسراوێتی و مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ یەكتردا بكەن.، كاتێك بەرژەوەندییە نیشتیمانیە باڵاكان پێش بەرژەوەندی حزبی بكەوێت.
بۆیە بەدڵنیاییەوە كورد تا یەكڕیز بێت باشتر دەتوانێت شەڕی زیاتری دەستكەوتەكان بكات، بەڵام كە باڵی كوردی دابەش ببێت بەدڵنیاییەوە ژمارەی كورسییەكان دابەشدەبێت و بەو پێیەش قەبارەی كوردیش لەبەغدا وەك پێویست گوێی لێناگیرێت.
هاوڵاتى: تاچەند هەوڵتان داوە لایەنگرە نیگەرانەكانی خوار گردەكە ئاشت بكەنەوە؟
شوناس حسێن: ئەم بزوتنەوەیە بزوتنەوەیەكی خەڵكی كوردستانە، بۆیە هەركەس لەناو بزوتنەوەكە كاربكات دەبێت بەو ئاراستەیە بیر بكاتەوەو كاربكات، بەردەوام ئەو سنگفراوانیە هەر هەبووە و لەلایەن رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەوە چەند جارێك ئەوە خراوەتەڕوو ئێمە لەجیاتی دەرگایەك دە دەرگامان كراوەتەوە بۆ هەر كەسێك كە رۆژگارێك لێمان زوویر بووەو قسەشی لەسەر كردوین، ئامادەین هەر كاتێك بێت بیانخەینە سەر چاومان، دووبارە پێكەوە كاربكەینەوە بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی باشتر.
بۆیە بەبەردەوامی تەماسمان لەگەڵ ئەو خەڵكانە و هەموو خەڵكانێكی دیكە هەبووە و پێمان خۆش بووە كە هەركات ویستیان بێنەوەو بەردەوام گفتوگۆمان لەگەڵ هەموو كەس كردووە، چونكە بڕوامان هەیە بزوتنەوەكە هی خەڵكە و لەپێناو خەڵك دروست بووە و مانەوەشی پەیوەستە بەخەڵكەوە، بۆیە دوركەوتنەوە لەخەڵك واتە دوركەوتنەوە لەمەبدەئەكانی كاك نەوشیروان كە ئەو بنیاتی ناوە.
هاوڵاتى: دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا تاچەند پێویستە؟چی بەخەڵكی ناڕازی و ئەوانە دەڵێن كە بایكۆتی دەنگدانیان كردووە؟
شوناس حسێن: دەنگنەدان واتە تەسلیم بوون بەو واقعە سیاسییەی كە هەیە لەعێراق و هەرێمی كوردستان، بۆیە زۆر زۆر گرنگە خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق بەتایبەت شاری سلێمانی دەنگبدات، چونكە شاڕێگەی گۆڕانكاری تەنیا دەنگدان و رووكردنە سەر سندوقەكانی دەنگدانە.
بۆیە خەڵك دەتوانێت لەسەر سندوقەكانی دەنگدان گۆڕانكاری ریشەیی و جوزئی بكەن، تائێستا بەدیلی دەنگدان نییە، گرنگە لەم واقیعە تێبگەن كە پرۆسەی دەنگدان دەتوانێت گۆڕانكاری بهێنێتە كایەوە، رۆژ بە رۆژ پشتیوانی هاوپەیمانی كوردستان لەزیادبووندایە، بۆیە ئومێد دەكەین لەڕۆژی 10ی مانگدا ئاهەنگی سەركەوتنی هاوپەیمانی كوردستانی بگێڕین.
هاوڵاتى: دوا پەیامتان بۆ خەڵك چییە؟
شوناس حسێن: تەمەنا دەكەم خەڵكی بەشەرەفی شاری سلێمانی لە 10ی 10دا بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و وەك هەڵبژاردنێكی پیشوەختە لەسەر داوای شۆڕشێكی جەماوەریی دروست بووە كە دەیان شەهیدو برینداری لێكەوتەوە لەناوەڕاستی عێراقدا، بۆیە زۆر گرنگە خەڵكی هەرێم بچن دەنگ بدەن و باڵانسی هێز لەكوردستانی عێراقدا راستبكرێتەوە.