چوونی ئێمە وەك كاندیدی سەربەخۆ بۆ بەغدا بۆ پارسەنگیی هێزی گەلە
نەورۆز عەباس ناسراو بە نەورۆزی مانگر، بازنەی 2ی سلێمانی بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
كاندیدێكی سەربەخۆ لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كە چوونیان بۆ بەغدا بۆ پارسەنگی هێزو دەنگی گەلە و بۆ سەفەقاتی بازرگانی نییە.
نەورۆز عەباس ناسراو بە نەورۆزی مانگر كاندیدی سەربەخۆ، لە بازنەی دووی سلێمانی ژمارە 21 لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» ئێمە ئەو شەڕە دەكەین كە حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان جوڵانیان نیە بۆی و وەك بابەتی ئیستحقاقی سەیر ناكرێت و ئێمە لەبەغدا تەواوكەری ئەو پەرلەمانتارانە دەبین كە بەخۆیان و حزبەكانیانەوە نەیانتوانیوە بیكەن و ئێمە تەواوكەری ئەو شتانە دەكەین».
هاوڵاتی: بۆچی بەڕێزتان وەك كاندیدێكی سەربەخۆ خۆتان كاندید كردووە؟
نەورۆز مانگر: وەك چالاكوانێكی مەدەنی، وەك كەسێك بەرگی كاری مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەنووسیم و بەرگریكاری ناو چین و تووێژەكانی بەرگریكاران و كاری خێرخوازی دەكەم و رێكخراوم هەیە و لەهەمووشی گرنگتر هەوڵی راستكردنەوەی پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی و سەپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان دەدەم لەچوارچێوەی دەقی دەستوردا كەئەوە یەكێكە لەپلانە سەرەكیەكانم.
هاوڵاتی: هەندێك لەپەرلەمانتار بانگەشەی جۆراوجۆر دەكەن لەكاتێكدا ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە؟
نەورۆز مانگر: ئەوە بابەتێكی راستە ئەرك و ماف تێكەڵكراوە، كە لەڕاستیدا هەندێك مافی دەستوری هەیە ئەركی پەرلەمانتاری كوردە لەپەرلەمانی كوردستان، بەڵام ئەم تێكەڵكردنە وەك موزایەدەیەكی سیاسی بەكاردێت، لەئێستادا چوونی ئێمە وەك كاندیدی سەربەخۆ بۆ بەغدا بۆ پارسەنگی هێزی گەلە نەك سەفەقاتی بازرگانی لەبەغدا، ئێمە ئەو شەڕە دەكەین كە حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان جووڵانیان نیە بۆی و وەك بابەتی ئیستحقاقی سەیر ناكرێت و ئێمە لەبەغدا تەواوكەری ئەو پەرلەمانتارانە دەبین كە بەخۆیان و حزبەكانیانەوە نەیانتوانیوە بیكەن و ئێمە تەواوكەری ئەو شتانە دەكەین.
هاوڵاتی: پێتان وایە خەڵك متمانە بەكاندیدی سەربەخۆ دەكات یاخود ئەو كاندیدانەی سەر بەحزبێكی سیاسین لەهەرێمدا؟
نەورۆز مانگر: زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە بێ ئەمەلیان لەو پەرلەمانتارانەی كە پێشتر چوونەتە بەغداو كە زۆرینەیان تەنیا ئیشیان بۆ خۆیان كردووەو هیچیان بۆ خەڵك نەكردووە.
بۆیە زۆرینە بڕوایان بەدەنگدان نیە، بەپێی ئەو ئامارەی ئێمە وەك رێكخراوی فریادڕەس لەناو خەڵكدا كردوومانە، لەسەدا 70ی خەڵك نایەوێت هەر دەنگ بدەن، ئەوەی كەئێستا دەگوزەرێت زۆربەی حزبەكان دەڵێن زۆربەی خەڵك دەنگ بەئێمە دەدات، بۆیە دیارە ئامارەكەی لەناو كۆمپیوتەر و شوێنی تایبەتی خۆیەوە كردووە، بەڵام بۆ سەربەخۆكان خەڵك ئەمەلێكی بچووكی هەیە كە سەربەخۆكان لەگەڵیان راستگۆبن، بۆیە زۆربەی ئەوانەی كە بڕیاریان نەداوە دەنگبدەن دەیانەوێت ئەمجارە دەنگ بەسەربەخۆكان بدەن و تاقی بكەنەوە.
هاوڵاتی: وەك بازنەكەی خۆت پلانت چییە ئەنجامی بدەیت ئەگەر سەركەوتنت بەدەستهێنا؟
نەورۆز مانگر: گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، كە پلانم هەیە كۆدەنگییەك دروست بكەین بۆ ئەو پرسەو بتوانین لەڕێگەی دروستكردنی بەنداوەوە چارەسەری بارودۆخەكە بكەین و كەرتەكە ببوژێنینەوە.
هاوڵاتی: تاچەند هەماهەنگی لەنێوان كاندیدە سەربەخۆكاندا هەیە؟
نەورۆز مانگر: هەماهەنگیەكی زۆر توندوتۆڵمان هەیە، بۆ نموونە لەهەندێك ناوچە كە لایەنگرم هەیە لە رانیە و قەڵادزێ و ئەو ناوچانە هاوكاری كەسێك دەكەم كە سەربەخۆیە و ئەویش لەبازنەی دوو هاوكاری من دەكات و بەو شێوەیە هاوكاری یەكتر دەبین.
هاوڵاتی: كاردانەوەی هاووڵاتیان چۆنە بەگشتی بۆ هەڵبژاردن ؟
نەورۆز مانگر: بەگشتی كاردانەوەی خەڵك بەگومانە، چونكە سی ساڵە ئەم حزبانە بەڵێنیان پێدەدەن و خەڵك هەڵدەخەڵەتێنن، بەڵێنەكان هیچی وەك خۆیان نیە، بەڵام كە ئێمە كاردەكەین و لەنزیكەوە پلان و بەرنامەی خۆمانیان پێ دەڵێین گومانەكانیان دەڕەوێنێتەوە و ئێمەش ئەوەمان لەسەرە كە بۆ خەڵكی بسەلمێنین كەسانێكی تەواو سەربەخۆین، وەك خۆم بۆ خەڵكم سەلماندووە بەكارەكانی پێشوو كە تەواو سەربەخۆم.
هاوڵاتی: پەیامی بەڕێزتان چییە؟
نەورۆز مانگر: لەڕۆژێكدا كە كوردستانمان رزگار كرد لەژێر دەستی حزبی بەعس هێنامانە دەرەوە، خەڵك شۆفڵی ئەدزی ئێمە مانمانگرت، ئێمە بڕیاری 688مان سەبارەت بە هێمنكردنەوەی كوردستان هێنایەدی، ئێمە توانیمان خەتی 36 بۆ 34 دروست بكەین كە تائێستا كاریگەری خۆی هەیە.
بۆیە دەمەوێت پەیامم ئەوەبێت بۆ خەڵكی كوردستان من دەمتوانی لەهەر حزبێك لە حزبەكانی كوردستان كە هەریەكەیان مەمنونن خۆم كاندید بكەم، بەڵام بە راستی حزبەكان ئەوەندە رەزا قورس و ناشرینن خەڵك حەزناكات دەنگیان پێبدات، ئەو دەنگەشی كە دەیهێنن هەمووی بە زۆرەملێیە، بۆیە حەزناكەم كەس بەو چاوە سەیرم بكات، بۆیە وەك مانگر و فریادڕەس داوا لەخەڵك دەكەم هەموویان بچن بۆ دەنگدان و دەنگبدەن بەكەسە سەربەخۆكان.