لەبەغدا شەڕی پاراستنی كەلتووری نەتەوەكەم دەكەم
ئیبراهیم ئەحمەد، كاندیدی سەربەخۆ بازنەی 1ی سلێمانی ژمارەی 29 بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
كاندیدێكی سەبەخۆ داوا دەكات كەخەڵك بگەڕێتەوە بۆ رێزو خۆشەویستی و نەبنە كۆیلەی هیچ كەسێك، دەشڵێت:» لەبەغدا شەڕی پاراستنی كەلتوری نەتەوەكەم دەكەم».
ئیبراهیم ئەحمەد، كاندیدی سەربەخۆ لەبازنەی یەكی سلێمانی بەژمارە 29، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوە دەخاتەڕوو كە»ویستوومە بەردەوام كاربكەم بۆ ئەوەی رێز لەناسنامەی نەتەوە بریندارەكەم بگرین، نەتەوەیەكی گەورە كە نەگەیشتوین بەمافەكانی خۆمان، شەڕی كورد تەنیا شەڕی ئازادی خاك نیە، بەڵكو دەیانەوێت بمانشكێنن و وردە وردە لەناومان ببەن».
هاوڵاتی: ئامانجتان چییە وەك كاندیدێكی سەربەخۆ؟
ئیبراهیم ئەحمەد: گرنگترین شت بۆ هەر تاكێك سەربەخۆییە، حەزم كردووە بەردەوام خۆم خاوەنی خۆم بم، هیچ كات حزبی نەبووم و سەر بەهیچ حزبێك نیم، راستە لەدەزگایەكی حزبیدا كارم كردووە، بەڵام زۆر بێلایەنانە و سەربەخۆو ئازادانە و بێ جیاوازی كارم كردووە، بۆیە شانازی بە ئەوەوە دەكەم كەسەربەخۆم.
هاوڵاتی: دەتانەوێت چی بكەن بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەگەر وەك كاندیدێك سەركەوتن بەدەستبهێنن؟
ئیبراهیم ئەحمەد: ساڵانێكە دروشمم كاركردن بووە بۆ هونەرو كلتور، لەو بوارەدا بەردەوام كارم كردووە، پێشتر كۆمەڵێك كارو پڕۆژەم كردووە، پڕۆژەم هەبووە بۆ كاری دەستی، ئەو پیشەیەی كە لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا گرنگی و بەهای خۆی هەیە، هەم لەڕووی دارایی و لەڕووی گەشتیاری گرنگن.
زۆر پڕۆژەم هەبووە بۆ فێركردنی گەنجان بەكاری دەستی و پڕۆژەم هەبووە بۆ بەتەمەنەكان و خانەنشینان بتوانین سودیان لێوەربگرین مێژوویەكیان لێ بنووسینەوە، هەم خزمەتیش بەو چینە بكات، سلێمانی وەك شارێكی رۆشنبیری بەداخەوە زۆر پشتگوێخراوە، بۆیە دەمەوێت لەناوەندی شارەوە ببێتە ناوەندێك بۆ كلتوری و گەشتیاری.
هاوڵاتی: پێتوایە ئەو بەڵێنانەی دەدرێت لەكاتی بانگەشەدا جێبەجێدەكرێن؟
ئیبراهیم ئەحمەد: ئومێدم دەكرد ئەو بەڕێزانەی كە لەوێن بیانتوانیایە هەر یەكەیان یەك پڕۆژە جێبەجێبكەن، بۆ ئەوەی لەو ناسنامە و كلتورە دەوڵەمەندەی هەمانەو كورد خاوەنیەتی، وەك نەتەوەیەكی ئاشتیخواز و پێشكەوتوو بناسێنرێین، چونكە هونەر ئاستی هۆشیاری نەتەوەیە و ناسنامەی نەتەوەیە.
هاوڵاتی: خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر گلەییان لەوە هەیە لەكاتی بانگەشەدا زۆر بەڵێن بەخەڵك دەدرێت، بەڵام ئەم بەڵێنانە هیچی نابنە كارو پەرلەمانتاران كاری لەسەر بكەن؟
ئیبراهیم ئەحمەد: بەداخەوە خەڵكیان گەوجاندووە، كە جارێك دوو جار دەنگمان پێدان و گرنگیان بە خەڵك نەدا پێویستە خەڵك خۆی هۆشیار بێت، هەڵنەخڵەتێن بە بەڵێنی درۆ، ساڵێك دوان سێ، ئەوە كارەساتە تۆ هەر بڕوا بەئەمانە بكەی، كە هەر بڵێت ئەمە ئەكەم و نایكا، بۆیە بەداخەوە هەڵگرتنی ئەم بەڵێنە گەورەو دروشمە قەبە و زلانە نیشانەی نەكردنیەتی، وەك كورد دەڵێت بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنیەتی.
بۆیە شەرمە ئەوەندەی كار لەسەر بودجە و پارە دەكرێت، بۆ خەڵك تەنیا بە چاوی پارە سەیر دەكرێت لەكاتێكدا مرۆڤەكان سەرچاوەی هەموو شت ێكن.
بۆ رێز لەكەسایەتی مرۆڤەكان ناگیرێت، بۆیە دروشمم بۆ ئەوەیە شۆڕشێكی رۆشنبیری بەرپا بكرێت، پێویستە خەڵك هۆشیار بكرێتە لەوەی چی دەگوزەرێت لەم هەرێمە، بۆچی دەبێت لەهەموو بابەتێكدا باس باسی موچەو پارەبێت لەكاتێكدا ئەوە كاری پەرلەمانتار نیە، ئەوە ئەركی حكومەتە و دەبێت ئەركی خۆی جێبەجێبكات.
هاوڵاتی: پێتانوایە خەڵك متمانە بەكاندیدانی سەربەخۆ دەكات؟
ئیبراهیم ئەحمەد: بەداخەوە ئەوەی ساڵانی رابردوو رویداوە وایكردووە، بەمەبەست وایانكردووە متمانە نەهێڵن و چاك و خراپیان بە یەكەوە سوتاندووە، بەپارە خەڵكیان وا دەستەمۆ كردووە، بەداخەوە بەشێكی زۆری خەڵك تەنیا دوای بەرژەوەندی خۆی كەوتووە، ئێستا خەڵك هەیە زۆر ناڕازییە، بەڵام وەرە پارەی بەرێ بە لایەكی تردا دەیشكێنێتەوە، هەموو پیرۆزییەكان دەشكێنن.
هەموو ئەمانەش كاریگەری لەسەر متمانە هەیە، خەڵكیان فێری زۆر شتی ناشرین كردووە كە لە كلتوری ئێمەدا نەبووە، بەڵام ئەوەی لەنزیكەوە دەمناسێت ساڵانێكی زۆرە كاردەكەم و دەرفەتی زۆر گەورە هاتۆتە پێشم، بەڵام نەمكردووە ببومایە بە كۆیلە، نابمە كۆیلەی كەس وپارە و هیچ شتێك، بۆیە دەبێت خەڵك خۆی ئەوە قبوڵ نەكات و نەبێتە كۆیلەی هیچ كەس و شتێك، چونكە ئەمە سەرچاوەی نەهامەتییەكانە.
هاوڵاتی: شێوازی بانگەشەكردنی لایەنەكانت پێ چۆنە؟
ئیبراهیم ئەحمەد: ئەو هێرشكردنانە تەنیا بانگەشەیە و هیچیی تر نیە، چونكە لەسەركردەكانی خۆیانەوە گوێمان لێ بووە، كە وتوویانە لەكاتی بانگەشەدا هێرشی توند دەكەین، بەڵام دواتر كە بانگەشە تەواو بوو ئێمە هەر ئەو براو دۆستەین، كە پێكەوە هاوبەشین و هیچ كێشەمان نیە، تەنیا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی حەماسی لایەنگرەكانیانە.
بانگەشەیەكی تەقلیدیەو دوورم لەو بانگەشەیە، كە بەتەنیا خۆم و چەند كەسوكارێكم بانگەشە دەكەین و كە ئەوانیش چەندان تیمیان هەیە، بەپارەی دزراوی ئەم میللەتە دەیان و سەدان تیمیان دروستكردووە، وێنەكانی منیان لێكردۆتەوە و وێنەی خۆیان هەڵواسیوە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ زمانی خۆشەویستی و بانگەشەیەكی گونجاوو رێزگرتن لەكەسایەتی یەكتری ئەنجام بدەین.
هاوڵاتی: تا چەند وەك كاندیدانی سەربەخۆ لەناو خۆتاندا هەماهەنگیتان هەیە؟
ئیبراهیم ئەحمەد: بەو پێیەی پەیوەندیەكانم باشە تا ئەندازەیەك هەماهەنگم و پەیوەندیەكانم پاراستووەو دژایەتی هیچ كەسێك ناكەم، بەڵام بەگشتی هەماهەنگیمان نیە لەناو هەموو كاندیدەكاندا.
هاوڵاتی: كۆتا پەیامت چییە؟
ئیبراهیم ئەحمەد: شەڕی كورد تەنیا شەڕی ئازادی خاك نیە، بەڵكو دەیانەوێت بمانشكێنن و وردە وردە لەناومان ببەن، با بگەڕێیتەوە بۆ خۆشەویستی و پەیوەندیە توندوتۆڵەكەی كلتوری خۆمان، با متمانە بگەڕێنینەوە و با هەموو كەس وەك یەك سەیر نەكەین و بە چاك بڵین چاك و بە خراپیش بڵێن خراپ، شەڕی من شەڕی ناسنامەی بەرزو پیرۆزی ئەم نەتەوەیەیە.