ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سبەینێ بکەن و بە گوێرەی راپرسی رێکخراوێکیش ٦١٪ی خەڵک بەشداری دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە سلێمانی ئەنجامدا و تیادا داوایانکرد خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکانی سبەینێ بکەن.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ڕاپرسییەکی پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتمانییەکانیش خرایەڕوو کە تیادا ئاماژەی بە چەندین پرسیار کردبوو کە لەشارە کانی هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو.
عیماد حامید، بەیاننامەی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی خوێندەوە، تێیدا داوا لە هاوڵاتیان دەکەن “بەگرنگییەوە لە پرسی هەڵبژاردن بڕوانن و بەشداربن لە چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، بۆ بەشدارییەکی ڕاستەقینەی هەڵبژاردن، چونکە بەشداریکردنی هاوڵاتیان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی دەنگدان جێدەهێڵێت و بازنەی بەلاڕێدابردنی دەنگ بچوک دەکاتەوە”.
فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژی دەنگدان و ئەنجامەکانیدا بکەن و “خۆیان دووربگرن لە هەر پێشێلکارییەک کە وێنەی هەڵبژاردن دەشێوێنێت و بێ متمانەیی زیاتر گەشە پێدەدات”.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئەنجامیی ڕاپرسییەکیش خرایەڕوو، کە سێ هەزار و ١٥٩ کەس لە هەرسێ پارێزگای سلێمانی، هەولێر و دهۆک بەشدارییان تێداکردووە، بەپێی ئەنجامەکانیش ٦١٪ی بەشداربووانی راپرسیەکە بڕیاریانداوە بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن و ٣٣٪یش بڕیاریانداوە بەشداریی لە پرۆسەکەدا نەکەن.
بڕیارە سبەینێ دەنگدانی گشتیی لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. سێ هەزار و ٥٢٣ کاندید کە هەزار و ٢ کاندیدی هاوپەیمانییەکان و هەزار و ٦٤٣ کاندیدی پارتەکان و ٨٨٧ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن.
