خالید شوانی: عەرەبەكانی كەركوك ناسنامەیان بۆ داعش و ئیرهابییەکان دەرکردووە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند:" بەشێک لە لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک دەستکاری تۆماری دەنگدەرانی کەرکووکیان کردووە. ئەمەش لەپێناو ئەوەی پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک زیاتر بێت لە کورد و دەشڵێت "هەر ئەوان پێناسی باری شارستانیان بۆ داعش و ئیرهابییەکان دەرکردووە."

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2021، خالید شوانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرکووک رایگەیاند "چەند رۆژێکە بۆمان دەرکەوتووە کە هەندێک لە لەلایەنە عەرەبییەکانی کەرکووک بە تەواوی دەستکاری تۆماری دەنگدەرانی کەرکوکیان کردووە، دەستکارییەکەشیان بۆ ئەوەیە پێکهاتەی عەرەبی لە کەرکووک زۆرتر بێت و بتوانن دەنگ بدەن و زۆرینەی کەرکووک بەدەستبهێنن."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی  پێیوایە کە بەشێک لە لایەنە عەرەبییەکان "کۆمەڵێک موئامەرەیان کردووە" و راشیدەگەیێنێت "یەکێک لەوانە هێنانی لیژنەیەکە لە بەغداوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی لیژنەی باڵای کۆمیسیۆنی کەرکووک بکەن. هەروەها داوایان کردبوو کارمەندەکانی فەرمانگەی یەک کە زۆرینەیان کوردن بگۆڕێن بە فەرمانبەری عەرەب و تورکمان و هەردوولایان داوایەکیان ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کردووە."

خالید شوانی باسی شتێکی "مەترسیدار" دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمڕۆ بۆیان ئاشکرا بووە کە ئەو لایەنە عەرەبیانە " داعشیان تۆمارکردووە لە بایۆمەتری ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرمانی دەستگیرکردنیان لە دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەیە."

دەشڵێت "چۆن ئەمانە تۆمارکراون و کێ کردوویەتی و کێن ئەوانەی لە پشت ئەو کارەوەن دەبێت بدرێنە دادگە. ئێمە شکاتمان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە دەنگی عەرەب لە کەرکووک زیاد بکەن، بۆیە دەبێ بزانین کە ئەم موئامارەیە چەند گەورەیە و داواکاری فەرمیمان داوەتە کۆمیسیۆن و لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش هەماهەنگیمان کردووە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا خالید شوانی رایگەیاند، کە ئەوان بێدەنگ نابن و داواکارییەکانیان دەدەنە باڵاترین شوێن بۆ ئەوەی بابەتەکە روون بکرێتەوە. 

خالید شوانی وتی "زیاتر لە 10 پێناسی باری شارستانی و زیاتر لە 10 کەس کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە لەنێو بەڵگەکانی ئێمەدا هەن و بەدەستمان گەیشتووە کە ئەمانە ئیرهابین و داعشن و پێناسەی باری شارستانیان بۆ دەرکراوە، ئەمانەش خەڵکی نزیکن لە بەرپرسانی عەرەب لە شاری کەرکووک."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار