رێکخراوی نور: پێشێلكاری لە ناوەندەکانی دەنگدانی كەركوك ڕویداوە
(1).jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوی نوور ئەلجامیعە بۆ چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پێشێلکاری و دواخستنی زۆر لە ناوەندەکانی دەنگدان لە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، ئەنبار، کەرکووک و دیالە روویانداوە، وەکو رێگریکردن لە چوونی چاودێران بۆ نێو ناوەندەکانی دەنگدان و لەکارکەوتنی ئامێرەکانی هەڵبژاردن و بەردەوامیی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پێش ناوەندەکانی دەنگدان.
ئهمڕۆ یەكشەممە 10ى تشرینى یهکهمى 2021، رێکخراوی نوور ئەلجامیعە بۆ چاودێریی هەڵبژاردن، کە رێکخراوێکی ناحکومییە و لە ساڵی 2003 وە لە عێراق دامەزراوە، لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "هەرچەندە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لەو 10 پارێزگایەی عێراق کە تێیاندا چاودێریی پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەکەین بێ کێشە دەستیپێکرد، بەڵام تیمەکانمان زۆر لە دۆخەکانی رێگریکردن لە چوونی چاودێران بۆ نێو ناوەندەکانی دەنگدانیان بەدیکردووە، لەپاڵ بەدیکردنی دۆخی درەنگ کردنەوەی وێستگەکانی دەنگدان و لەکارکەوتنی زۆر لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان بۆ ماوەی 15 خولەک، لەگەڵ تێبینیکردنی دۆخەکانی گوشارخستنەسەر و تۆقاندنی دەنگدەران لە چەند پارێزگایەک".
رێکخراوی نوور ئەلجامیعە دەشڵێت، "ئێمە 1436 چاودێرمان لە 59 بازنەی هەڵبژاردن لە 10 پارێزگا بڵاوکردووەتەوە، هاوکات ناوەندێکی زانیاریمان هەیە پەیوەندیی بە هەموو چاودێرەکانەوە هەیە بۆ وەرگرتنی راپۆرتەکانی چاودێری لێیان، بەڵام بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 رێگە بە چاودێرە خۆجێیەکان نادات مۆبایلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەنە نێو ناوەندەکانی دەنگدان، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی هەیە لەسەر توانای چاودێرەکان بۆ کتوپڕ گواستنەوەی زانیارییەکان".
رێکخراوی نوور ئەلجامیعە بۆ چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق لە راپۆرتەکەیدا ئاشکراشی دەکات، "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانمان کە 1300 چاودێرمان بۆیان ناردووین، کێشەکانی پرۆسەی دەنگدانی گشتی کە ئەمڕۆ روویاندا بریتین لەمانە، 75 چاودێر کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی (نەینەوا، دەوروبەری بەغدا، ئەنبار، کەرکووک)ن رێگەیان لێگیراوە بچنە نێو ناوەندەکانی دەنگدان یان لە چەند وێستگەیەکی دەنگدان دەرکراون، ئەوەشی رێگەی لە چاودێرەکان گرتووە هێزە ئەمنییەکانن، چونکە ئاشنای رێکارەکان نین، هەروەها ئەوەی چاودێرەکانی لە وێستگەکانی دەنگدان دەرکردووە فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنن، 96%ی راپۆرتەکانمان دەڵێن هێزە ئەمنییەکان پێشی ناوەندەکانی دەنگدانیان گرتووە، 90%ی راپۆرتەکانمان دەڵێن هەموو ئەندامانی تیمەکانی ناوەندەکانی دەنگدان ئامادەبوون، هەروەها 13%ی راپۆرتەکانمان دەڵێن بانگەشەی هەڵبژاردن لە پێشی ناوەندەکانی دەنگدان بەتایبەت لە شارەکانی (کەرکووک، دیالە، بەغدا) بەردەوام بووە".
ئەمە لە کاتێکدایە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، زیاتر لە 627 هەزار چاودێری بیانی و خۆجێیی و لایەنە سیاسییەکان چاودێریی پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەکەن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق.
کاتژمێر 7:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە پرۆسەی دەنگدانی گشتی لەعێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 23 ملیۆن و 986 هەزار و 741 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. سێ هەزار و 226 کاندیدیش کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
