هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی ڕێگا نییە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

  هاوڵاتى

پارێزگارى سلێمانى ڕایگەیاند:" بۆ ئێمە سەرکەوتنی پرۆسەکە لەسەرکەوتنی هەرکەس‌و قەوارەیەک گرنگتربوو".دەڵێت:" ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی ڕێگا نییە، سەرەتایەکی نوێیە بۆ خەباتێکی مەدەنیی‌و یاساییانەی وەها کە هەنگاو بەرەو حکومەتی هاوڵاتیی‌و دەوڵەت‌و سەروەریی یاسا بەرێت".

ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  دواى کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی له‌پەیامێکدا ڕایگه‌یاند، بۆ ئەوان لەدامەزراوەی بەڕێوەبردندا سەرکەوتنی پرۆسەکەو مانادانەوە بەهەڵبژاردنەکان وەک شاڕێی گۆڕانکارییەکان؛ لەسەرکەوتنی هەرکەس‌و قەوارەیەک گرنگتر بوە.

ده‌شڵێت:"پیرۆزبایی خۆمان پێشکەشی هەموو ئەو کاندیدو قەوارانە دەکەین کە توانییان لەناو بێمتمانەیی‌و بێباکیی‌و بەشدارینەکردنی ژمارەیەکی هەرەزۆری هاوڵاتیاندا؛ متمانەی بەشێک لەدەنگدەران بەدەستبێنن‌و ڕەوایەتیی نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی کوردستان‌و عێراق بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەربگرن".

پارێزگارى سلێمانى ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "هەموو ئەو کاندیدو قەوارانەشی نەیانتوانی پشکی سەرکەوتن لەکەمترین ڕێژەی بەشداریکردن بەدەستبێنن، لەبەردەم تاقیکردنەوەی سەرکەوتنێکی نوێدا دەبن ئەگەر بتوانن دڵی شکاوو متمانەی لەقکراوو بێخزمەتیی‌و گوێپێنەدانی ناڕازیی‌و دڵسۆزەکانی دوو لەسەر سێی هاوڵاتیانی بەشدارنەبوو لەهەڵبژاردنەکاندا؛ چاکبکەنەوەو ڕاستبکەنەوە".

ته‌ئكیدیكردۆته‌وه‌، "بۆ ئێمە لەدامەزراوەی بەڕێوەبردندا سەرکەوتنی پرۆسەکەو مانادانەوە بەهەڵبژاردنەکان وەک شاڕێی گۆڕانکارییەکان؛ لەسەرکەوتنی هەرکەس‌و قەوارەیەک گرنگتربوو، هەر ئەمەشمانکرد کە زەمینەی ئارام‌و هاوسەنگ‌و هاوبەش بۆ هەمولایەک بەبێ جیاوازیی زامنبکەین‌و بانگەشەیەکی ئارام‌و پارێزراوو هەڵبژاردنێکی هێمن‌و مەدەنیانە بەڕێبکەین".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی ڕێگا نییە، سەرەتایەکی نوێیە بۆ خەباتێکی مەدەنیی‌و یاساییانەی وەها کە هەنگاو بەرەو حکومەتی هاوڵاتیی‌و دەوڵەت‌و سەروەریی یاسا بەرێت؛ دیارە بۆ ئەو ڕێبوارانەی کە دەتوانن ڕاستگۆیانە ڕێگاکە تەیبکەن".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار