گۆڕان: پێویستمان بە گۆڕانكاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی ھەیە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند:"بە راشكاوی دەڵێین كە پێویستمان بە گۆڕانكاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەكە و سیاسەتەكانی ھەیە، چونكە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایكۆتی ھەڵبژاردنیان كردوە."
ئەمڕۆ دووشهممه 11ی تشرینی یهكهمی 2021، خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە:"ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەكەوتون."
ئاماژەی بەوەشكراوە:"لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەكاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین و، دان بەوەدا دەنێین كە ھەڵە و كەموكوڕی لە ئێمە بوە كە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەكان بۆیە متمانەی خەڵكمان بەدەستنەھێناوە. "
لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"بە راشكاوی دەڵێین كە پێویستمان بە گۆڕانكاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەكە و سیاسەتەكانی ھەیە، چونكە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایكۆتی ھەڵبژاردنیان كردوە، وەكچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان كردوە."
خانەی راگەیەراندنی گۆڕان لەكۆتایی راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت:"ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیكترین كاتدا گۆڕانكاری ریشەیی دەكەین."
دوێنی 10-10-2021 هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی عێراق بەرێوەچوو، تائێستا تەنیا ئەنجامە بەوراییەكان راگەیەندراون و بەو پێیە بزوتنەوەی گۆران هیچ كاندیدێكی نەیتوانیوە دەنگی پێویست بەدەست بهێنێت.بەو پێیەی بەر لە مانگێك پێش هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەكێتی و گۆران هاوپەیمانییەتیان راگەیاند و پێكەوە بەناوی هاوپەیمانی كوردستانی بەشداری هەڵبژاردنیان كرد.
