یەکێتی لە هەولێر: بەڵگەمان ھەیە تەزویر لە چەند بازنەیەکدا ئەنجامدراوە
"ئەنجامەکانی هەولێر و دهۆک نەک ڕێککەوتنی ناوخۆی لەسەر کراوە، بەڵکو دەستی دەرەکیشی تێدایە"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بەرپرسی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتی دەڵێت، "یەکێتی ئەنجامی ھەڵبژاردنی لە ھەولێر رەتکردۆتەوە". دەشڵێت، "دەستکاری دەنگەکان کراوەو یەکێتی بەڵگەی ھەیە کە تەزویر لە چەند بازنەیەکدا ئەنجامدراوە".
ئەمڕۆ دووشهممه 11ی تشرینی یهكهمی 2021، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، بەرپرسی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتی لە هەولێر وتی،"ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەولێر ڕەتدەکەینەوە و ئەنجامەکان دەستکاری کراون و وەک یەکێتی سکاڵامان تۆمارکردووە و چاوەڕوانی ئەنجامی سکاڵاکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بازنەکانی سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامەکان لە دەرەوە داخڵی ئامێرەکانی دەنگدان کراون و ئەنجامی ڕاستەقینە نین، بۆیە ئێمە ئەو ئەنجامە ڕەتدەکەینەوە".
دەربارەی هەبوونی ڕێککەوتن لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و پارتی بۆ دەستکاریکردنی دەنگەکان، باسی لەوەکرد، "بەهیچ شێوەیەک ڕێککەوتنی لەوشێوەیە نییە و ئەو دەنگۆیانە دروستکراون".
هاوکات لەبارەی ڕێککەوتنی پارتی و نەوەی نوێ، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، "ئەنجامەکانی هەولێر و دهۆک نەک ڕێککەوتنی ناوخۆی لەسەر کراوە، بەڵکو دەستی دەرەکیشی تێدایە".
