کۆمەڵ: داوای لێبوردن دەکەین

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى 

لە دوای بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق داوای لێبووردنی کرد و وتەبێژی کۆمەڵ دەڵێت "ئەو ئەنجامانەی بەدەستمان هێناوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان نەبوو، هەربۆیە داوای لێبووردن دەکەین."

محەممەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە دەڵێت "ئەنجوومەنی باڵا و سەرکردایەتی بەرپرسیاریێتی ئەم دۆخە لە ئەستۆ دەگرێت."

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە دەدات "هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی چارەسەری دۆخەکە دەستپێدەکەین و کۆمەڵ دۆخی زۆر سەختتر لەمەشی تێپەڕاندووە، بە بەرنامەیەکی نوێوە خۆمان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان ئامادە دەکەین."

هەر لە پەیامەکەدا ئەندامانی کۆمەڵی دادگەری دڵنیا دەکاتەوە کە بە بەرنامەیەکی نوێوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان ئامادە دەکەن.

بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە تاوەکو ئێستا راگەیێنراون، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە ئەویش لە سنووری بازنەی 4ی پارێزگای سلێمانی. 

وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راشیدەگەیێنێت "پڕۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هاوکات بوو لەگەڵ تەواوبوونی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵ، لە کاتێکدا سەرقاڵی تەشکیلکردنەوەی ئۆرگانەکانمان بووین چووینە نێو بانگەشەی هەڵبژاردن."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەبارەت بە ئەنجامەکان رایگەیاندووە "ئەو ئەنجامانەی بەدەستمان هێناوە لە ئاست چاوەڕوانییەکانمان نەبوو، هەربۆیە داوای لێبووردن دەکەین."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 11-10-2021 خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لێبووردنی لە دەنگدەرانی کردووە و دەڵێت، "بەربژێرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەهێنا و سەرنەکەوتوون".

 

خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە، دان بەوەدا دەنێن کە "هەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەکان، بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەهێناوە".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار