بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی لە مەسرور بارزانی دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا سەرۆککۆماری عێراق پیرۆزبای لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ئەو ئەنجامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستیهێناوە.
ئەمڕۆ دووشهممه 11ی تشرینی یهكهمی 2021، بەپێی راگەیێنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 11-10-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق پێگەیشت.
لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە پەیوەندییەکەدا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق "بە بۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هەرێمی کوردستان و سەرانسەری عێراق، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت کرد و هەڵبژاردنی بە پرۆسەیەکی سەرکەوتوو ناوبرد."
لە بەشێکی راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "سەرۆککۆمار پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ ئەو ئەنجامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەستیهێناوە."
بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن رایگەیاندون؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 32 کورسی بەدەستهێناوە و لایەنەکانی دیکەش بەمشێوەیەیە: یەکێتی: 15 کورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 1 کورسی و بزووتنەوەی گۆڕانیش هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێناوە
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە گشت لایەنەکان، هەرچی زووتر بکەونە گفتوگۆ و بە هاوکاری و هەماهەنگی کار بکەن بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بخەنە خزمەت بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و سەرانسەری عێراق و خزمەتێکی شایستەی سەرجەم گەلانی عێراق بکرێت.
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە 8ی مانگی ئۆکتۆبەر و پرۆسەی دەنگدانی گشتیی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوون.
