كورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان براوە بووەو سەنگی بەهێزتر دەبێت
رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
بەرپرسێكی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات كەكورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان پارێزگاری لەدەنگەكانی كردووەو براوە بووە لەبەدەستهێنانی كورسی زیاتر ئەوەش بەهێزتری دەكات بەرانبەر شیعەو سوننە لە بەغدا.
رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لەهەولێر لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ
هاوڵاتى دەشڵێت:» بوونی كەمپی ئاوارە ئێزیدیەكانی شەنگال كەژمارەیەكی زۆرن وای كردووە كە پارتی هەرسێ كورسییەكەی شەنگال بباتەوەو لەناو شەنگالیش لایەنی سیاسی هەیە ئیش بۆ ئەجێنداكانی پارتی دەكات دژ بە یەبەشە»
هەروەها ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاتنی وەفدی باڵای ئێران بۆ عێراق، دەركەوت كە «هەژموونی ئێران لەعێراق پاشەكشەی كردووەو هاوئاوازەكانی ئەمریكا سەركەوتووبوون».
هاوڵاتى: لەسەر دەرئەنجامەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان، موسڵ، كەركوك، دیالە، سەڵاحەدین پێتانوایە كورد سەركەوتنی بەرانبەر عەرەبی سوننەو شیعە بەدەستهێناوە؟
رەشاد گەڵاڵی: لەپارێزگای موسڵ لەكۆی 33 كورسی كورد، 11 كورسی بەدەستهێناوە، پارتی 9 و یەكێتی دوو كورسی، واتا كورد لە سێ بەش بەشێكی كوردسییەكانی بردووە، ئەمە ئەو واتایە دەگەیەنێت كە پەیامێكە بۆ شیعەو سونەكان كە كورد بەشێكی گرنگە لەناو ئەو پارێزگایە بەبێ كورد ناتوانرێت كێشەكانی موسڵ یەكلایبكرێتەوە.
راستە كە دێتە سەر وردەكاری هەژموونی پارتی لەموسڵ لەیەكێتی و لایەنەكانی دیكە زیاترە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەروانگەی قەزێی نەتەوەییەوە سەیر بكەین سەنگی كورد لەم پرۆسەیەدا دەركەوت هیچ كوتلەیەكی سوننی و شیعی بەقەدەر پارتی نییەو یەكەمی سەر ئاستی پارێزگای موسڵە.
لەسەر پارێزگای كەركوك كورد كە شەش كورسی لەكۆی 12 كورسی بەدەستهێناوە گرنگە، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر دوو پرۆسە كراوە كە عەرەب و توركمان پێیانوابوو دەرئەنجامی هەژموونی ئاسایش و پێشمەرگەیە كورد دەتوانێت شەش كورسی بەدەستبهێنێت، ئەگەر نا كورد قەبارەكەی بەو شێوەیە نییە، دەركەوت كورد پارێزگاری لە شەش كورسییەكەی خۆی كردووەو واتا نیوەی كەركوك كوردەو نیوەكەی دیكەی عەرەب و توركمانە.
بۆ سەڵاحەدین دەرچوونی كاندیدێكی یەكێتی ئەو پەیامە دەگەیەنێت كە سەنگی كورد بوونی هەیەو ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ گۆڕان لەناو هاوپەیمانێتییەكدا بووین و لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو لێكتێگەیشتن هەبووە و یارمەتیدەر بووە، هەرچەندە پارتی كاندیدی هەبووەو دەرنەچووە.
لەدیالەش دەرچوونی كاندیدێكی دیكەی یەكێتی بۆ رەوایەتی كێشەی نەتەوایەتیمان لەو سنورە گرنگە، ئەم كوردسیە ئەهەمییەتی خۆی هەیە بۆ سەنگی كورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان.
هاوڵاتى: پێتانوایە هێزە شیعییەكان كە نزیك بوون لە ئێران شكستیان هێناو هاو ئاوازەكانی ئەمریكا بەتایبەت سەدر سەركەوتنی بەدەستهێناوە؟
رەشاد گەڵاڵی: پێموایە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاتنی وەفدی باڵای ئێران بۆ عێراق، دەركەوت كە ئێران پاشەكشەی كردووەو ئەوانەی نزیك بوون لە ئەمریكا سەركەوتوو بوون.
برۆ سەیری دەرئەنجامی هەموو كوتلەكانی بەدرو نەسرو حیكمەو مالكی و حەشدی شەعبی بكە هەموویان پاشەكشەیان كردووە، تەنها تەیاری سەدری نەبێت كە خۆیان بەعێراقی دەزانن و لەڕووی مەرجەعییەوە پێچەوانە بیردەكەنەوە لەگەڵ ئێران و سیستانی، بۆیە وای دەبینم دوای ئەم پڕۆسەیە ململانێكان توندتر دەبن، لەم پرۆسەیە هاوئاوازەكانی ئەمریكا سەركەوتوو بوون.
هاوڵاتى: یەبەشەو ئەو لایەنانەی كە بەشێك بوون لە رزگاركردنی شەنگال نەیانتوانی كورسی بەدەستبهێنن، بەڵام پارتی سەرەڕای بەجێهێشتنی شەنگال سێ كورسیەكەی قەزای شەنگالی بردەوە، هۆكار چییە؟
رەشاد گەڵاڵی: تا ئاوەدانكردنەوە لەموسڵ ئەنجام نەدرێت وەك ئەوەی لە روومادی ئەنجامدرا ئاوارەكانی شەنگال چەكێكی كاریگەر دەبن بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستان هەر كاتێك بۆی بكرێت بەم شێوەیە دەنگی یەكەم دەبێت لەشەنگالدا، بۆیە موسڵ بایەخی زۆری هەیە.
چەندین كەمپی ئاوارەی ئێزیدی بە كوردو تەنانەت عەرەبیشەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەمنی پارتیدان، ئاوارەی ئێزیدی كە دوای ئەو وەزعەی بەسەریاندا هات كە بەهەزاران كەسیان بوونە قوربانی و ژنان رفێندراون كەوتنە بەر دەستی داعش و كەرامەتیان شكێندراو ئەتككران بێشەرمانە، كەچی تەماشا دەكەین هەرسێ كورسییەكەی شەنگال بۆ پارتی بوو، چونكە ئاوارەكان لەژێر دەستی پارتیدا بوون، بوونی كەمپ لەژێر دەسەڵاتی پارتی لەڕووی ئیداری و ئەمنییەوە زاڵ بووەو هەژموونی خۆیان هەیە لەسەریان كە سودمەندی یەكەم بێت لەبوونی ئاوارەكان.
یەكێتی لەشەنگال هەڵەی سیاسی كرد دەبوو وردتر مامەڵەی بكردایە، كاندیدی بۆ كورسی كۆتای ئێزیدییەكان هەبووایەو نەچوایەتە كێبڕكێ لەگەڵ پارتی بۆ سێ كورسیەكەی شەنگال، چونكە پارتی ئاوارەكانی لەبەردەستدا بووە، چونكە كاندیدەكەی یەكێتی دەنگی زیاترە لەو كاندیدە دەرچووەی كورسی كۆتا كە بەدوو هەزار دەنگ رۆیشتووە كە حزبی ئیسڵاحە.
ئەمەی لەناو شەنگال روویدا كەپارتی سێ كورسیەكەی بردووە بەتەنها پەیوەندی بە یەبەشەوە نییە، چونكە حزبەكەی حەیدەر شەشۆ كە یەكێتی بوو دواتر بەشانۆگەرییەك زیندانی كردوو دواتر هەزاران چەكداری لەلایەن پارتییەوە موچەی پێدرا رۆڵی هەبوو لەوەی یەبەشە ئەو كورسییە نەبات، چونكە پەیوەستن بەپارتییەوە و ئەجێندای پارتی جێبەجێ دەكەن.
هاوڵاتى: لەسەر ئاستی موسڵ ئەو 22 كورسییەی دیكەی موسڵ كێ بردوویەتی، ئوسامە نوجێفی یان حەلبوسی یان ئەو سونانەی كە نزیك حەشدی شەعبین؟
رەشاد گەڵاڵی: ئوسامە نوجێفی سەركەوتوو نەبووەو زەرەرمەندی یەكەم بوون و سەركردە كۆنەكان هیچیان سەركەوتوو نەبوون.
تەنانەت حەلبوسیش كە پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵی هەبوو لەگەڵ كوێت و خەلیج دواكەوت ئەوەیش كورسی زۆری نەبووەو بەشێك لەو سونانەی كە كاندیدی حەشد بوون كورسییان هێناوە.
هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی تاكە حزب دەبێت لەبەغدا شیعەو سوننەكان گرنگی پێدەدەن؟
رەشاد گەڵاڵی: پێموایە ئەم وەزعەی كە دروست بووە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر كۆمەڵێك سكاڵامان لەبەردەستە كە بەشێك لەم كێشانە لەسەر ئاستی بەغدا یەكلاییدەبنەوە، بەڵام لەم پرۆسەیەدا باڵادەستی پارتی دەركەوت و دەریشكەوت حزبێكی بێ ركابەرە لەساحەكەدا و پاشەكشە لەزۆربەی حزبە كوردییەكان روویداوەو تەنها یەكگرتووی ئیسلامییە كەدەنگ و كورسییەكانی زیادی كردووە.
بەگشتی دەنگدەرانی پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ بەشداری دەنگدانیان نەكردووەو بەشێكی زۆریان بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان كردووە، پارتی لەسەر ئاستی دهۆك كورسی و دەنگەكانی كەمی كردووە، تەنها لەهەولێر دەنگ و كورسی زیادی كردووە، لەموسڵ براوەی یەكەمە.
سەركردایەتی سیاسی بەتایبەتی سەركردایەتی پارتی غرور نەیگرێت و نەبێتە هۆی ئەوەی هیچ حسابێك بۆ لایەنەكانی دیكە نەكات، چونكە پارتی بووە حزبی یەكەمی كورد لەبەغدا كە بۆ زۆربەی هاوكێشەكان بەشداری كاریگەری دەبێت و پرسەكان یەكلاییدەكاتەوە كە بووە خاوەنی 32 كورسی لەپەرلەمانی عێراق، هەم شیعەو هەم كوتلەكانی دیكەی سوننە گفتوگۆ زیاتر لەگەڵ پارتی دەكات.