بافڵ تاڵەبانی : ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی  دەربارەی سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای بزوتنەوەی گۆران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات بافڵ تاڵەبانی لە میانی کۆبوونەوەیەکدا وتویەتی، "گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین".

ئەمرۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2021 بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی ماڵی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری کۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان-ی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو بزوتنەوەیە کۆبۆوە.

دەقی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی:

وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد.

لەو سەردانەدا کە ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەژی ئەمین یاوەرییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران و لەدانیشتنێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و  پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان.
بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا روونیکردەوە یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت  و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین.
ووتیشی دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان.

ھاوسەرۆک راشیگەیاند ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەین.

ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێین و خەونی کاک نەوشیراون و سەرۆک مام جەلال جێبەجێبکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و  پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتوومان.
ھاوسەرۆک دووپاتیشکردەوە لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار