برایانمان لەحزبی سۆشیالیست پەیمانەكەیان جێبەجێ نەكرد

سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی چواری پارتی لەسلێمانی بۆ  هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

بەرپرسی لقی چواری پارتی لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەدات كەحزبی سۆشیالست پەیمانەكەیان جێبەجێ نەكرد بۆ دەنگدان بەكاندیدەكەیان لەبازنەی سێی سلێمانی.

سەعید سەلیم، بەپرسی لقی چواری پارتی لەسلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ  هاوڵاتى داوا لەخەڵكی سلێمانی دەكات كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو زیاتر متمانەیان پێبكەن تا بەشداربن لەئیدارەی خۆجێی و خزمەت بەخەڵك بكەن لەهەموو رووەكانەوە.

هەروەها ئەوەش رەتدەكاتەوە كە هەماهەنگیان لەگەڵ نەوەی نوێ هەبووبێت بۆ هەڵبژاردن و دەڵێت:»  وەك پارتی هەماهەنگیمان لەگەڵ كەس نەبووە، تەنیا خۆمان بووین و  بەپێی پلان و تەكنیكی هەڵبژاردنی خۆمان كارمان كردووە».

 هاوڵاتى: بەگشتی لەسلێمانی ئایا دەرئەنجامەكان بەدڵی ئێوەیە، پێشێلكاری هەبووە؟

سەعید سەلیم: خۆزگە بۆ جارێك ئێمە بمانتوانیایە لەكەشێكی تەواو ئارام و بێ ترس وەك ئامرازێك و بەكارهێنانی بۆ سەر هاونیشتیمانیان  پرۆسەی هەڵبژاردنمان تێپەڕاندایە، بەداخەوە ئەمجارەش ترس و تۆقاندن  هەبوو، خەڵك زیندانی كردن و تەوقیف كردن هەبوو، ئەو كەشە ئارامەی پێویست بوو بۆ دەنگدەر دروست بكرێت دروست نەكرا.

چوار لەسەرپەشتیارەكانمان  لە رۆژی دەنگدان هێزێك هاتووە گرتوویانن دوای هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر ئازادكران و تائێستا ئەو پێداویستیانەی پێیان بووە لایان ماوەتەوەو تەسلیمیان نەكراوەتەوە.

پێمان وابوو ناسكە خان و كاندیدێكی ترمان دەرچوون ئیستاش پێمانوایە بەدەنگە راستەقینەكانی خۆیان دەرچوون، نازانین بۆ وایلیهاتووەو بەڵام ئەكید سكاڵامان تۆمار كردووە و بزانین چۆن دەبێت.

 هاوڵاتى: سلێمانی بۆ پارتی گرنگە كە بەزۆنی سەوز ناسراوە، چۆن دەتانەوێت خزمەتی كادیر و ئەندامان و لایەنگیران و كەسوكاری شەهیدان بكەن؟

سەعید سەلیم: سلێمانی و هەموو شارو شارۆچكەكان  لای پارتی بەردەوام گرنگی هەبووە، سلێمانی هەموو كات بۆ ئێمە گرنگ بووە و جێگەی گرنگی پێدان بووە، سەرباری ئەوەی سوپاسێكی بێپایان بۆ پارتیەكانی سلێمانی و هەموو ئەوانەی لەدەرەوەی تەنزیمی پارتی بوون و دەنگیان بۆ پارتی بووە.

ئێمە سوپاسیان دەكەین دەزانین ئەوە مەردایەتی ئەوان بووە، كە ئێمەی لەسەرپێ هێشتۆتەوە و بەزیندووی و لەسەرپێ ماوینەتەوە، بەڵام داوای ئێمە لەهەموو خەڵكی سلێمانی ئەوەیە لەهەڵبژاردنی داهاتوو  متمانەی زیاتر بەپارتی بكەن بۆ ئەوەی بتوانین  زیاتر خزمەت بكەین، ئیدارەی لۆكاڵی ئێرە لەدەستی پارتی بێت ئەگەر پارتی لەحوكم بێت و ئیدارەی خۆجێی  لەدەست بێت بزانن چ گۆڕانكارییەك لەهەموو كایەكان دەكرێت و لەسلێمانی روودەدات، لەئاوەدانكردنەوەو خزمەتگوزارییەكانەوە.

 هاوڵاتى: حزبی سۆشیالیست بەیاننامەیەكیان دەركرد كە دەنگەكانیان دەدەنە ئەشواق جاف، بەڵام ئەوەش نەبووە فریاد رەس بۆ دەرچوونی؟

سەعید سەلیم: خۆی بەداخەوە برایانمان لەحزبی سۆشیالیست پەیمانەكەیان جێبەجێ نەكرد، رۆژێك پێش هەڵبژاردن كاك محەمەدی حاجی مەحمود بەیاننامەی دەركردو پەشیمان بوونەوە و رێككەوتنەكە جێبەجێنەكرا، نازانم هۆكارەكەی چیبوو.

 هاوڵاتى: راستە لەسەر ئاستی هەرێم پارتی هێزی یەكەمە، بەڵام بەگشتی 300 هەزار دەنگی پارتی كەمبووەتەوە، پێتوایە بایكۆتكردن بەگشتی بۆ حزبە سیاسییەكان چی دەگەیەنێت؟

سەعید سەلیم: جارێ زووە بۆ خوێندنەوەی بەراوردكاری، رێژەی بەشداربوو چونكە ئەنجامی كۆتایی نەبووە و ئەوەی كۆمسیۆن لەسەدا 80ی دەنگەكانە، بۆیە كەوردبین دەبێت دوای ئەنجامی كۆتایی بزانین هۆكارەكە چی بووە، ئایا رێژەی بەشداری كەمبووە، ئایا ئەوە بەشێكی جەماوەری پارتیە، ئایا ئەوە ئەو سیستمەی كەهەیە هۆكار بووە، چەند خەڵك كێشە و گرفتی بۆ دروستبووە كە نەیتوانیوە بەشداربێت، وەڵامەكانی دەبێت لە رۆژی دواییدا روونبكرێنەوە، چونكە ئێمە نازانین چەند خەڵكی ئێمە بەشداری نەكردووە.

 هاوڵاتى: باس لەهەماهەنگی دەكرێت لەنێوان پارتی و نەوەی نوێ، كە لەبازنەكانی هەڵبژاردن كاندیدتان بۆ یەكتری بەجێهێشتووە؟

سەعید سەلیم: وەك پارتی هەماهەنگیمان لەگەڵ كەس نەبووە، تەنیا خۆمان بووین و  بەپێی پلان و تەكنیكی هەڵبژاردنی خۆمان كارمان كردووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار