ئیسلامییەكان بە یەك لیست بەشدارییان بكردایە دەبووینە خاوەنی هەشت كورسی
مستەفا عەبدوڵا، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوو بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتوو ئەوە دووپاتدەكاتەوە ئەگەر ئیسلامییەكان بە یەك هاوپەیمانێتی پێكەوە لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بەشدارییان بكردایە دەبوونە خاوەنی هەشت كورسی.
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»بایكۆت كردن لەلایەن هاووڵاتیانەوە دووبارە سوودی بۆ حزبە دەسەڵاتدارەكان هەبووە».
هاوڵاتی: بۆچوونتان لەسەر دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چییە؟
مستەفا عەبدوڵا: هەڵبژاردنی ئەمجارە یاساكەی جیاواز بوو، بازنەكان زۆربوون و یەكگرتوو بەشەش كاندید بەشداری كردو شەش بازنەی بە ئامانج گرت، لە چوار بازنەی سەركەوتنی بەدەستهێنا.
بەراورد بەهەڵبژاردنەكانی دیكە، یەكگرتوو لەسەدا پەنجای كورسییەكان و دەنگەكانی زیادیكردووە، بەوەش هەنگاوێكی دیكەی نا بۆ پێشەوە، چونكە پێمان وابوو لەساڵی 2018 هۆكار هەبوو بۆ دابەزینی دەنگەكانی یەكگرتوو، بەڵام لەدوای كۆمەڵێك بەخۆداچوونەوە و هەنگاونان بۆ چارەسەر لەپرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئەنجامەكەیمان بینی، كاندیدەكانیشمان ئەوانەبوون كە لەناو خەڵكدان و كاریان بۆ خەڵك كردووە و رۆڵی باشیان گێڕاوە.
بەكاركردنی یەكگرتووش وەك حزب زۆر باش بووە بۆ كاندیدەكان، ئەمانە هەمووی پێكەوە و بانگەشەی هێمن و ئارام بەپلانی ورد وایكرد سەركەوتوو بین.
هاوڵاتی: لەگەڵ كام لەلایەنەكان هەماهەنگیتان هەبوو لەڕۆژی دەنگدان لەو بنكە و بازنانەی ئێوە كاندیدتان نەبوو؟
مستەفا عەبدوڵا: هەر سەرەتا بڕیارماندا بانگەشەی هەڵبژاردن ئارام و ئاسایی بێت، چونكە فرەبازنەیە، لەهەندێك شوێن ئێمە كاندیدمان نیە و لایەنەكانی دیكە كاندیدیان هەیە، بۆیە پێویستی بەگۆڕینەوەی دەنگدەرانی یەكتر هەیە، بۆیە بڕیارماندا بانگەشەی هەڵبژاردنمان ئاڕاستەیەكی دژی نەبێت بەلایەنەكانی دیكە بەتایبەت ئەوانەی كەپێشتر یان ئێستا ئۆپۆزسیۆن بوون، بۆ ئەوەی بتوانین كاریگەری لەسەر دەنگەكانیان دابنێین، لەهەمانكاتدا چونكە فرەبازنەیە دەكرێت لەئاستی بازنەكان كە ئێمە لەبازنەیەك كاندیدمان نیە، یان ئەوان نیانە، لایەنگرەكانمان بەو ئاراستەیە بنێرین كە دەنگ بدەن بەلایەنەكانی دیكە، بۆیە لەو رووەوە جەماوەری هەموو لایەنە سیاسیەكانمان بەئامانج بگرین بۆ ئەوەی گرژی دروست نەكات، ئەگینا وەك نووسرا و رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ هیچ لایەنێك نەمانبووە و نەمانكردووە.
هاوڵاتی: ئەگەر لەگەڵ كۆمەڵی دادگەریی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بوونایە وەك یەكگرتوو تاچەند دەرئەنجامەكان گۆڕانكاری بەسەردا دەهات؟
مستەفا عەبدوڵا: باشترین بژاردە ئەوەیە كە لایەنە ئیسلامییەكان یەك لیستی هەڵبژاردن بن، چونكە دڵنیام كە ئێمە یەك لیست بووینایە ئێستا پێنج كورسیمان هەیە، ژمارەی كورسییەكان تا هەشت كورسی دەڕۆیشت و بەرزدەبۆوە، چونكە كەدەنگەكانی ئێمە و كۆمەڵی دادگەری لەهەر بنكەیەك كۆبكەینەوە، دەبووە ژمارەیەكی زۆر لەپێش زۆر لەحزبەكانی دیكەوە، بۆیە ئێمە زەرەرمان كرد.
وەك حزبە ئیسلامییەكان هەموومان زەرەرمان كرد، ئێستاش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەپێویستی دەزانین یەكبگرین و پێكەوە كاربكەین باشتر دەبێت.
هاوڵاتی: زۆربەی لایەنەكان دەنگەكانیان كەمی كردووە؟ لەلایەكیشەوە بایكۆت زۆر بوو، پێتانوایە ئەمە چ ئاماژەیەكە بۆ حزبە سیاسییەكان و بۆ ئێوە وەك یەكگرتوو؟
مستەفا عەبدوڵا: بایكۆت و بەشدارینەكردن پەیامە كەخەڵك نائومێدە، نائومێدكراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە، تووشی قەیران كراوە، پێیوایە گۆڕانكاری روونادات.
بۆیە ئەوە ستەمێكە لەهاووڵاتیان كراوە، بەڵام هاووڵاتیان ئەوە بۆیان نابێتە بژاردەی باش، چونكە جارێكی دیكە دەسەڵاتداران سوودی لێوەردەگرن لەو جۆرە تەشكیل و بیركردنەوانەی خەڵك، ئێمە پێمانوابوو نەدەبوایە وابێت، یەك لەكێشە گەورەكانی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەبوو، واتە زۆرینەی ئەوانەی نەچوون بۆ دەنگدان خەڵكی ناڕازی بوون، كاتێك ناڕازی ناچن و لایەنەكانی دەسەڵات بەفشاری دەسەڵاتەكەیان دەچن و هێزە ئۆپۆزسیۆن و جدییەكان زیان دەكەن، بۆیە بڕوامان وایە كەڕێژەی بەشداری زیاتر بوایە، ئێمە دەنگ و كورسیمان زیاتر دەبوو، لەهەر شوێنێك یەكگرتوو كاندیدی هەبووبێت بایكۆتی نەكردووە، لەشوێنەكانی دیكەش هەموو رێكخستنەكانی یەكگرتوو ئاڕاستە كرابوون بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەپێی ئەو كاندیدانەی كە بە شیاویان دەزانن بۆ پەرلەمانی بەغدا.
هاوڵاتی: ئەگەر حكومەتی داهاتوو پێكبهێنرێت و ئێوە بێبەش بكرێن، هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت؟
مستەفا عەبدوڵا: جارێ زووە باس لە پێكهێنانی حكومەت بكەین، چونكە هەموو شتێك كاریگەری و حساباتی خۆی هەیە، لەكاتی تەشكلیكردنی حكومەتدا، هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆئەوەی بزانین بەچ ئاراستەیەك مامەڵە دەكەین و بەبڕیاری سەركردایەتی بڕیار دەدەین.
هاوڵاتی: ئێوە تاچەند پشتگیری بەرهەم ساڵح دەكەن كە یەكێتی دەڵێت تاكە كاندیدیانە؟
مستەفا عەبدوڵا: ئەم خولە خولێكی نوێیە و بڕیارەكان و هەنگاوەكانی بڕیاری نوێی پێویستە كە تائێستا ئێمە باسمان لێنەكردووە، بەڵام ئەوە بڕیارێكی سەركردایەتی پێویستە و ئەو بڕیار دەدات كوتلەكەی دەنگ بەچی بدات، چونكە ئەوە پرسێكی سیاسی فراوانە و سەركردایەتی لەسەر ئەو پرسە بڕیار دەدات