دەمیرتاش زانیاری گرنگ لەسەر ئەردۆغان ئاشكرادەكات
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە رایگەیاند:" سەرۆکی تورکیا نەیهێشت پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت، چونکە ئەردۆغان پێیوابووە کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداری لە تورکیا، لە لایەنی سیاسییەوە، خزمەت بە حکومەتەکەی ناکات".
ئەمڕۆ سێشەممە ، 19ی تشرینی یەکەمی 2021، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ میدیای تورکی رایگەیاند:" رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا نەیهێشت کە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت، چونکە ئەردۆغان پێیوابووە کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداری لە تورکیا، لە لایەنی سیاسییەوە، خزمەت بە حکومەتەکەی ناکات".
سەڵاحەدین دەمیرتاش دەڵێت: "تەنیا 10 رۆژ مابوو رێککەوتنی دۆڵمە باخچە تەواوبکرێت و بڕیاربوو لە دوای ئەوە پەکەکە چەک دابنێت و لیژنەیەک سەردانی ئیمرالی بکات بۆ ئەوەی پەیامێک لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە بهێنێت کە پەکەکە بە تەواوی دەستبەرداری چەک دەبێت.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەشڵێت:"بەڵام ئەردۆغان نەیهێشت ئەوە رووبدات چونکە "وای دەبینی ئاشتی نابێتە هۆی زیادکردنی دەنگ بۆ خۆی و پارتەکەی. ئەوە ئەردۆغان بوو، کە نەیهێشت لیژنەی پیاو ماقووڵان سەردانی ئیمراڵی بکات."
دەمیرتاش باس لەوە دەکات ئەردۆغان ئێستا لە بەرامبەر کۆتاییهێنان بە پڕۆسەی ئاشتی پەشیمانە و لەو کاتەوە نەیتوانیوە پارێزگاری لە جەماوەر و شەرعیەتی خۆی بکات، بۆیە دەستی بە سیاسەتی خۆسەپاندن کردووە. ویستی بەمە قەرەبووی لەدەستدانی شەرعییەتەکەی بکات. بیرکردنەوەکەی هەستیاریی لەگەڵ دیموکراسیی هەیە."
ئەردۆغان بە شێوەیەکی بەرفراوان تۆمەتباردەکرێت بەوەی کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی تورکیا لە دەستی خۆیدا قورغبکات، بە تایبەتیش لە دوای ئەوەی کە سیستەمێکی نوێی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2017ـدا چەسپێنرا، کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی زیادکردن.
دەمیرتاش لە چواری تشرینی دووەمی ساڵی 2016 بە تۆمەتی پاڵپشتیکردن لە "تیرۆر" دەستگیرکرا و سەرەڕای دوو بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی، هێشتا ئازادنەکراوە.
دادگا ئەوروپییەکان ئاماژە بەوە دەكەن دەستگیرکردنی دەمیرتاش سیاسیی و نایاساییە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەكەن.هەروەها ئەنجوومەنی ئەوروپا، 17ی مانگی رابردوو داوای لە تورکیا کرد دەستبەجێ دەمیرتاش ئازادبکات.
