پەرلەمان چاوەڕێی وەڵامی وەزیری سامانە سروشتیەكانە

4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پەرلەمانتارێكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان رایگەیاند:" لە دوێنێوە بە نوسراوی فەرمی وەزیری سامانە سروشتیەكانمان ئاگادار كردۆتەوە بێتە پەرلەمان رونكردنەوە لەسەر گرانی نرخی نەوت و بەنیزن لەهەرێمدا بدات".
شێركۆ جەودەت، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە لیژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" نوسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە لە نزیکترین دانیشتن دا وەزیری سامانە سرووشتییەکان بانگهێشت بکرێت بۆ ئامادەبوون لەسەر بابەتی چارەسەرکردن و خستنەڕووی هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوت و گاز رونكردنەوە بدات".
ئەم پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند:" لەئێستا كۆبونەوەی پەرلەمان پەیوەستە بە ئامادەبونی وەزیرەوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوین تا كۆبونەوەی ئاسایی پەرلەمان بەڕێوە بچێت".
24 پەرلەمانتاری کوردستان رۆژی 19-10-2021 نوسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە بەپێی ماددەی 66 خاڵی یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان " ئێمەی ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان داوا لە بەڕێزتان دەکەین بابەتی (چارەسەرکردن و خستنەڕووی هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوت و گاز) لە نزیکترین دانیشتن دا بخەنە بەرنامەی کاری پەرلەمان." وەزیری سامانە سرووشتییەکان بانگهێشت بکرێت بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکەدا.
ئێستا نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە سەرووی هەزار و 300 دینارە، بەنزینی موحەسەن لە سەرووی هەزار دینارە و نۆرماڵیش بە 900 دینارە. هەروەها نرخی نەوتی سپی لە 120 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی 180 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
