نێچیرڤان بارزانى: پێویستە حكومەتی داهاتوو وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانییەکانی خەڵک بێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق داوادەکەن، حکومەتی داهاتووی عێراق وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانییەکانی خەڵک بێت. 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی تشرینی یه‌كه‌می 2021،  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیی لە مارک برایسن ریچاردسن، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق کردو پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عێراق، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران و ئەنجامەکانى، پێشکه‌وتنی پرۆسه‌که‌ له‌چاو جارانی پێشوو و گرنگیی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی هه‌ر کێشه‌یه‌ک به‌ رێکاره‌ یاساییه‌کان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، سەردانى مانگى رابردووى نێچیرڤان بارزانى بۆ لەندەن، هەنگاوەکانى بەرەنگاربوونەوەى پەتاى کۆڤید_19، شەڕى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، تاوتوێکران.

هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕابوون لەوەى حکومەتى داهاتووى عێراق وەڵامدەرەوەى خواست و چاوەڕوانییەکانى خەڵک و هاووڵاتیان بێت. 

سەبارەت بە هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 و کاریگەرییەکانیشى بەتایبەتى لە بوارى پەروەردە و ئابووریدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، فراوانکردنى پرۆسەى کوتانیان بە ڤاکسینى دژى پەتاکە بە پێویست و گرنگ زانى، هەروەها خۆشحاڵییان بە پرۆسەى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بە یارمەتیى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، نیشان دا.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختى لە گرنگیى یەکڕیزیى لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و هەوڵەکانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەم پێناوەدا کردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها سوپاسى پشتگیریی و هاوکارییەکانى بەریتانیاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بە بەردەوامیى بەدواداچوونى ئەنجامى سەردانیان بۆ لەندەن و دیدار و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانى دیکەى بەریتانیا دا و ستایشى رۆڵى باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەى بەریتانیا لە بەغدا و هەولێر کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار