قوباد تاڵەبانی داوای هاوكاری لە سوید دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی سوێد لە عێراق، کۆبووەوە و داوای کرد کە حکومەتی سوێد هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری رێکخستنەوەی باجدا.
رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2021 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان لەگەڵ یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی نوێی سوێد لە عێراق كۆبووەوە و دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەرێم و سوید گفتوگۆیان كرد.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە حکومەتی سوێد کردووە زیاتر هاوکاربێت لە پرۆسەی چاکسازی لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە بواری رێکخستنەوەی باجدا، "بەو پێیەی وڵاتی سوێد لەو رووەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لە ریزی وڵاتە پێشەنگەکانە".
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باڵیۆزی سوێد ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاری و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی سوێد ئامادەیە تیمی پسپۆڕ بۆ کاری راوێژکاری رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات".
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە و هەردوولا هاوڕابوون کە عێراق بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبێت و هیوایان خواست لایەنە عێراقییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە دانوستاندن بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاستی چاوەڕوانیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئەوە خراوەتەڕوو، "باڵیۆزی سوێد ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی یارمەتیی سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق".
