باڵیۆزخانەی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکانی سوریا دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ئەوان سەرکۆنەی "هەڵکشانی تووندوتیژی" و هێرشەکانی ناو خاکی سووریا دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2021 باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە تویتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی زیادبوونی تووندوتیژییەکان و هێرشەکانی رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری سووریا دەکات. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێز لە ئاگربەستی ئێستا بگرن و سەرنجیان لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل بێت".
بڵاوکردنەوەی تویتەکە لە کاتێکدایە، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 20-10-2021 تورکیا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کۆنتڕۆڵکردنی شاری رەققە بە سەرکردایەتیی هێزە کوردییەکان لە دەستی داعش؛ رێکخراوە پەڕگیرەکە رەققەی وەکو پایتەختی دەوڵەتەکەی راگەیاندبوو.
هێرشەکەی رۆژی چوارشەممە لە کاتێكدایە لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا و بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئاگربەست لەو ناوچەیە راگەیێندرا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای تورکیا لە 9ی تشرینی یەکەمی 2019 لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی هێرشیانکردە سەر سنووری گرێ سپی.
