بافڵ تاڵهبانی: یەکێتی خواستیەتی حکومەتی داھاتو لەئاست پێویستی ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ تاڵهبانی ڕایگەیاند:" یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتوی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات".
ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی تشرینی یهكهمی 2021، بافڵ تاڵهبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی له دهباشان له شاری سلێمانی پێشوازیی له ئۆلیڤییێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان كرد و بهپێی راگهیهندراوی كۆبونهوهكه پێشھاتە سیاسییەکان و ھەلومەرجی دوای ھەڵبژاردن و قۆناغی نوێی ئەرک و بەرپرسیارێتی خەباتی سیاسی گفتوگۆی لهسهر كراوه.
لهوبارهیهوه بافڵ تاڵەبانی تێڕوانینە سیاسییەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەخواستی یەکێتی کرد بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانیی و تەوافق، کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموولایەک بێت و رایگەیاند یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتووی عێراق لەئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات.
هاوسهرۆكی یهكێتی روونیشکردوهتهوه كه پەرۆشی ئەوەن کورد بەیەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچینە بەغدا و بۆ ئەوەش دەستپێشخەری یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێزەسیاسییە کوردستانییەکانی كردوه و رایگهیاندوه "دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بکەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان."
ھەر لەدیدارەکەدا تەئکید لەسهر ھاریکاری زیاتر و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردوولا کرایەوە بەشێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات.
