لەسەدا 78ی خەڵكی هەرێم بڕوایان بەحزب و پەرلەمان و حكومەت نییە

رێبوار فەتاح، شارەزا لەكاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

شارەزایەكی كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە رێژەی بایكۆت و دەنگدان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق تەنها لەسەدا 22 بووەو دەشڵێت:» لەسەدا 78ی خەڵكی هەرێم بڕوایان بە حزب و پەرلەمان و حكومەت نییە، بۆیە بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە».

رێبوار فەتاح، شارەزا لەكاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی جەخت لەوە دەكاتەوە هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە نێودەوڵەتیەكان ئەو راستەیە دووپاتدەكاتەوە و شەرعیەت لەحزبەكان دەسەنێتەوە دەڵێت خەڵكێكی زۆر كەم بۆ دەنگدان چوون.

هاوڵاتی: پێتانوایە زۆرینەی خەڵك بۆچی بایكۆتی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقی كرد؟

رێبوار فەتاح: خەڵك بایكۆتی كردووە، لەبەرئەوەی هیچ باوەڕێكی بەگۆڕانكاری نیە، دووەم مانای ئەوەیە شەرعیەتی لەو حزبانە سەندۆتەوە كە لەكوردستاندا دەسەڵاتدارن، دیارە بەهەڵبژاردن هیچ لەدەسەڵاتی ئەم حزبانە ناگۆڕێت، ئەمانە خۆیان سەپاندووە، دیارە لەناوخۆی حزبەكاندا، لەو بڕوایەدام ناكۆكیان تێكەوتووە.

هاوڵاتی: بەشدارینەكردنی خەڵك لەهەڵبژاردن سزایە بۆ حزبەكان یاخود بۆ حكومەتی هەرێم؟

رێبوار فەتاح: لەم هەڵبژاردنە هەموو حزبەكان شكستیان خواردووە، لە پارتیەوە بیگرە تاكو گۆڕان كەخەڵك هەر لەناویبرد واتە كەخەڵك دەنگی پێنەدا، واتە مانای ئەوەیە هیچ باوەڕی نەما وەك هیوایەك و هیوای لەگۆڕان بڕی، پارتی لەسەدا 12 بۆ لەسەدا 14ی هێنا كە دەكاتە دوو ئەوەندە و نیوی نەوەی نوێ، كە حزبێك بەو هەموو دەسەڵات و پارەو سوپاو ئاسایش و زێرەڤانی و پاراستنەوە بتوانێت نیو ملیۆن دەنگ بهێنێت مانای ئەوەیە گەورەترین شكستی خواردووە، یەكێتیش لەسەدا 8ی هەیە، بۆیە ناتوانرێت بە لەسەدا هەشتەوە حوكمی وڵاتێك بكات، بەڵام  دیارە ئەمانە چەكداریان هەیە زیاتر بەو رێگەیە حوكم دەكەن، تا بەڕێگەی دەنگ و  كۆمەڵی مەدەنی و دەنگدان.

هاوڵاتی: سلێمانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە كاندیدی سەربەخۆی زۆر هەبوو، بەڵام دەرنەچوون، ئەمە پەیوەندی بەچیەوە هەیە بەڕای بەڕێزتان؟

رێبوار فەتاح: دەنگ نەهێنانی سەربەخۆكان چەند هۆكارێكە، یەكێك لەوانە پەیوەندی بەسیستمەكەوە هەیە، چونكە سیستمی بازنە بوو، ئەگینا لەوانەیە هەندێكیان دەنگیان زۆر لەوانە زیاتر هێنابێت كە بردویانەتەوە.

خاڵێكی تر  سەربەخۆكان لەحزبەكانی دیكەوە هاتوون، یان خەڵك بڕوای بەئەوە نەماوە پەرلەمان دەزگایەك بێت ئەوە بهێنێت تۆ دەنگی پێبدەیت، پەرلەمان هیچ نیە جگە لەچایخانەیەك كە حزبەكان دایانناوە بۆ ئەوەی سەركردایەتی  حزبەكان دەیكەن و دەیڵێن ئەمان مۆری بكەن، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە  تەنیا شەرعیەت سەندنەوە نەبوو لەحزبی دەسەڵاتدار، بەڵكو پووچكردنەوەی ئەو خەیاڵەش بوو كەپەرلەمان دەتوانێت گۆڕانكاری بكات و پەرلەمانی لەناوبرد، چونكە پەرلەمانێك ناتوانێت حوكم بكات بە لەسەدا 20ەوە، ئەمڕۆ لەكوردستان نە پەرلەمان، نە حزب، نە حكومەت هیچ شەرعیەتێكی نیە.

هاوڵاتی: خەڵك توانی ئەوە بە لایەنە سیاسیەكان بگەیەنێت ئەمە دوا بزمارە لەتابوتی لایەنەكانیاندا؟ ئەم پەیامە گەیشتووە؟

رێبوار فەتاح:  پێموایە خەڵك بەزوڵاڵی بەحزبەكانی وتووە كە ئێوەمان ناوێت و  شەرعیەتیشتان لێدەسەنینەوە، جا لەئەوە روونتر دەبێت چی بێت، ئەو هەموو حزب و دەسەڵاتەی كە سی ساڵە حوكم دەكات، لەسەدا 20 بووە رێژەی دەنگدان بەزۆر پاڵت پێوەنا چووە لەسەدا سی، لەكاتێكدا هێزی تایبەت بەزۆر دەنگی پێدراوە، كارتیان لێسەندووەو پێیان وتووە كەتۆ دەنگمان پێنەدەیت نان بڕاو دەبیت، واتە بۆ نانی خۆی دەنگی داوە، ئەگەر هێزی تایبەتی لێبسەنیتەوە،  لەو سەدا  20بۆ 30 دەربكەیت هیچی وا نامێنێتەوە، چونكە یەكێكی وەك پارتی ئێستا خۆی نیو ملیۆن فەرمانبەری هەیە كە موچەیان پێدەدات، واتە تەنیا نیو ملیۆن دەنگی هێناوە لەسێ ملیۆن و نیو.

هاوڵاتی: پێتانوایە ساختەكاری كراوە بۆ بەرزكردنەوەی ژمارەی دەنگدەران و كەمكردنەوەی بایكۆت و نەچوون بۆ دەنگدان؟

رێبوار فەتاح: بڕوام وایە تەزویرات هەر كراوە، چونكە ئەوەی خۆی بە زۆر دەنگ بەخەڵك بدەی ئەوە خۆی تەزویرە، بەداخەوە كۆمسیۆن سەربەخۆ نیە، چونكە حزبەكان دەستنیشانیان كردووە، كەكۆمسیۆن سەربەخۆ بوایە، رێژەی دەنگدان لەسەدا 20 بووە لەهەرێم و لەعێراقدا لەسەدا 25 بووە، هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتوەكان و لایەنە نێودەوڵەتیەكان ئەو راستیە دووپاتدەكاتەوەو شەرعیەت لەحزبەكان دەسەنێتەوە، دەڵێت خەڵكێكی زۆر كەم بۆ دەنگدان چوون، گەواهیكی دیكەش هەیە، لەدوای پاشنیوەڕۆوە دەنگەكان  زۆر زیادیكرد،  بۆیە گەواهیدەری زۆر هەن، بەو هەموو فشارەشەوە هێشتا ئەو رێژە لەدەنگدانەیان هێناوە، كە هەرچی شەرعیەت هەیە نیانە بۆ حوكمكردن، ئێستا بەبڕوای من ئەسەد لەسوریا هەڵبژاردنی ئازاد بكات لەوە زیاتر دەنگ دەهێنێت، یان  راستە ئەمە بەراوردێكی باشیش نیە، بەڵام بەبڕوای خۆم كە حكومەتی بەعس بمایە و  لەسەدا 12ی ئەهێنا هەر بەئازادی ئەوەندەی دەهێنا، بۆیە هەرچۆنێك لێكیدەیتەوە، ئەوە گۆڕان تەخت بوو، بەڵام پارتی و یەكێتی شەرعیەتیان نەماوە، بۆیە لێرەوە بۆ كوێ دەچین ئەوەیان نازانرێت.

هاوڵاتی: پێتوایە ئەو لایانەنەی كە دەنگگیان كەم هێناوە، پێداچوونەوە بەخۆیاندا دەكەن؟

رێبوار فەتاح: نەخێر، گۆڕان تەواو لەگۆڕ كراو زیندوو نابێتەوە، چونكە ئەقڵی زیندوو بوونەوەی لێدەركراو خەڵكیان هەموو دەركردو لێی جیابوونەوەو لەخۆیان بایی ببوون، پارتی و یەكێتیش حزبێك نین گۆڕانكاریان تێدابكرێت، چونكە حزبێكن بەكەڵكی ئەم سەردەمە نایەن، كۆنن و تازە نابنەوە و كۆمەڵێك خەڵكن و تایەفەیەكن و یانەیەكی حزبی و سیاسین،  بەڵام ئەوەتا دەرفەتێك هاتۆتە پێشەوە ئەوان توانیان كۆنتڕۆڵی دۆخی كوردستان بكەن و هەندێك لایەنی نێودەوڵەتی لەبەرئەوەی كەلێنێك نەبێت، هاتن و ئەمانەیان سەپاند، ئەگینا ئەمانە توانای حوكمكردنیان نیە.

: بەڵام مەبەستم ئەوەیە كەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبەردەەماندایە كەساڵی داهاتوو دەبێت بكرێت؟

رێبوار فەتاح: ئەمە بەڕاستی تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ خەڵك، خەڵك ئێستا هێز و توانای خۆی دەزانێت، كە دەتوانێت چی بكات، بۆیە ئەگەر تەزویرات نەكرێت، رێژەی دەنگدان دەچێتە خوار لەسەدا 10وەو ئەوەش تەنیا خۆیانن و ئێستا خۆیان بۆ بەرەی بایكۆت ئامادەدەكەن بۆ پەرلەمانی كوردستان و دژی ئەوە بوەستن، بەڵام ناتوانن بیكڕن، چونكە بەرەی بایكۆت هی حزبێك یان سەركردەیەك نیە پێی بڵێن پارەت دەدەینێ و واز بێنە، چونكە بەرەی بایكۆت دەنگێكی جەماوەرییە، كەس نازانێت لەكوێدایە كێیەو كەس نازانێت سەركردەكانی كێیە،  سەركردەكانی هەموو كەسێكە، بۆیە ناتوانرێت هیچی لێبكرێت، بۆ پەرلەمانی كوردستان بایكۆت كارێكی زۆر باشتر دەكات.

: ئەگەر بتوانن بەراوردێك لەنێوان هەرێم و بەریتانیا بكەیت ئایا هاووڵاتی بەریتانی حزبەكان سزا دەدەن لەهەڵبژاردنەكاندا؟

رێبوار فەتاح: بەڵێ، بەڵام بەراورد ناكرێت، چونكە لێرە حزب چەكداری نیە، ئاسایشی نیە، حكومەتی نیە، كۆمپانیای نیە، حزب كۆمەڵێك خەڵكن، ئەجیندایەكیان پێیەو پڕۆگرامێكیان هەیە، بەخەڵك دەڵێن كە دەنگ بە ئێمە بدەن، ئێمە ئەم پڕۆگرامە جێبەجێدەكەین، كە پەیوەندی بەلایەنی تەندروستی و خۆشگوزەرانی و  رێگاوبان و پەیوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە، بە بازرگانی بچووكەوە، كۆمەڵێك پەیامیان هەیە پێكەوە دەبێتە پڕۆگرامێك بۆ چاككردنی ژیانی خەڵك، لێرە كاری پەرلەمانتاری كارێكە خەڵك حەزدەكات بیكات، رەنگە  وای ببینێت،  خزمەتی خەڵك دەكات، بەكاری پەرلەمانتاری ناتوانی كۆمپانیا بكڕیت و دەوڵەمەند بیت.

بۆیە هیچ كات بەراورد ناكرێت، لەكوردستان حزب دەسەڵاتە، جەیشە، سەركردەی هەیە، ناڕۆن، خۆی ئەڕوات كوڕەكەی دەسەپەنێت، بۆیە لێرە وانیە، لە شەمەندەفەرا لەتەنیشتەوە دانیشتوە تۆ نازانی، ئەوە نیە جەیشێكی بەدواوە بێت، بۆیە لێرە ئەقڵیەت و كلتورێكی دیكەیە، ئەو پڕۆگرامەش كە پێشكەشی دەكات جێبەجێدەكرێت، كەجێبەجێی نەكات خەڵك سزای دەدات، بۆ نموونە دیڤید كامیرۆن سەر بەحزبی پارێزەران بوو، وتی كەئێمە هەڵبژێرن ریفراندۆم دەكەین لەسەر جیابونەوەی سكۆتلەندو برێكزت، لەجیابوونەوەی سكۆتلەند سەرنەكەوتن، چونكە  ملی نەدا جیاببنەوە، بەڵام خەڵك دەنگیدا لە برێكزت جیابێتەوە، بۆیە كە لەئەوروپا جیابۆوە، كامیرۆن سیاسەتەكەی شكستی خوارد، بۆیە  رۆژی دوای ئەوەی لەكاتژمێر نۆی بەیانی دەستی لەكاركێشایەوە، وتی بۆ سەركردایەتی ئەم وڵاتە نابم، چونكە من سەركردەی وڵاتێكم كە بەشێكە لەئەوروپا، بەڵام لای ئێمە ئەو كلتورە نیە، بۆیە زۆر جیاوازە و گرنگە خەڵكی كوردستان و عێراق فێری ئەوەبێت حزب دەزگایەكی مەدەنیە، پەیوەندی بەهێزی چەكدار و بازرگانی و داگیركردن و خاڵی سنوری و فرۆكەخانە و هێنانی هێزی دەرەوە نیە، حزب دەبێت بچوك بكرێتەوە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە پەیامێكی زۆر روونە كە دەبێت حزب بچوك بكرێتە بۆ دەزگایەكی بچوكی مەدەنی بێ چەك كە منافەسەیەك بكات بەپڕۆگرامێكی شەریفی راستگۆوە بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە حكومەت و پەرلەمانەوە و ئاواتی خەڵك بهێنێتەدی، نەك دەزگات هەبێت و یەكێك  رەخنە بگرێت لەسەرۆككۆمار یان سەرۆكوەزیران یان سەرۆك حزبێك و لەزیندانی توند بكەین، یان مامۆستایەك داوای قوتی خۆی بكات ساڵێك لەزیندانی بكەیت، بۆیە ئەمە دەزگایەكی پۆلیسیە، ئەمە نە هەرێمە، نە حكومەتە، نە دەسەڵاتە، نە پەرلەمانە، كۆمەڵێك خەڵكن خێری كوردستان دەخۆن و هەرچی قسە بكات سەری پاندەكەنەوە و هەڵبژاردن و دەنگدانیش هەرچی بایەخ بێت نیەتی، بۆیە خەڵك دەرسێكی قورسی داداون و لێرەشدا ناوەستێت، بۆیە ئێستا لەسەدا 78 خەڵك هێزێكە لەدەرەوەی حزبەكان و بڕوای بەحزبەكان نییە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار