لەهەرێمدا دەرمان وەرگرتن وەك گوڵەبەڕۆژە بەكاردەهێنرێت ئەوە شتێكی زۆر خراپە
دیاری فەرەیدون قادر، پسپۆری جەراحی لەبەریتانیا بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
پزیشكێكی كورد كەپسپۆری جەراحیە لەبەریتانیا گروپێك پزیشكی هێناوە بۆ هەرێمی كوردستان و بڕیارە چەندین نەشتەرگەری ئەنجامبدەن و دەڵێت:» لەهەرێمدا دەرمان وەرگرتن وەك گوڵەبەڕۆژە بەكاردەهێنرێت ئەوە شتێكی زۆر خراپە».
دیاری فەرەیدون قادر، پسپۆری جەراحی لەبەریتانیا لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی كارو چالاكی خۆیان باس دەكات كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و دەشڵێت:» كەرتی تەندروستی لەهەرێمدا زۆربەی كراوە بەتایبەت، ئەمە كارێكی زۆر خراپە، چونكە خەڵكی بارودۆخی داراییان ئەوەندە باش نیە لەكاتێكدا لەوڵاتێكی وەك بەریتانیا لەسەدا 95 خەڵك بێ بەرامبەر دەرمان و چارەسەری وەردەگرێت».
هاوڵاتی: چۆن بوو بڕیارتاندا لەگەڵ كۆمەڵێك گروپ لەپزیشكانی بەریتانی سەردانی كوردستان بكەن؟
دیاری فەرەیدون: وەك پزیشكێك دەمزانی كوردستان شوێنێكە پێویستی بەخزمەتكردنە بەتایبەت لەبواری تەندروستی، بۆیە میوانداریی ئەم گروپەم كردووە بەهاوكاری وەزارەتی تەندروستی و وەزیرو دەزگای خێرخوازی بارزانی و سەندیكای پزیشككان كەهاوكارمانن لەهێنانی گروپەكەو كارئاسانیكردن بۆ كاركردن، بۆیە زۆر سوپاسیان دەكەم.
ئێمە گروپێكین زیاتر لە 50 پزیشكی پسپۆری جەراحی، هەر مانگەو گروپێكیان دێنە كوردستان و خزمەت دەكەین، بەپسپۆری جیاواز، ئێستا چوار پسپۆرین، پسپۆری ئێسقان و شكاوی، پسپۆری جوانكاری رووداوەكان، پسپۆری سوتاوی، پسپۆری شەویلگە لەشاری هەولێر رۆژانە نەخۆش دەبینن بەبێ بەرامبەرو نەشتەرگەری پێویستیان بۆ دەكرێت.
نەخۆشەكان لەڕێگەی خێرخوازەكانەوە سەردانمان دەكەن، یاخود لەڕێگەی كەمپەكانەوە یان دەزگای خێرخوازی بارزانیەوە لەوێوە نەخۆشەكان دەنێرن، بەڵام ئێمە وەك گروپەكە ژمارە مۆبایلمان هەیە هەر كەس ویستی سەردانی پزیشكەكان بكات دەتوانێت پەیوەندی بكات و سەردانیان بكات، ئێمە دەمانەوێت زۆرترین خەڵكی هەژار سودمەند بن لەئێمەو نەشتەرگەری پێویستان بۆ بكرێت یاخود دەرمانی پێویست وەربگرن.
هاوڵاتی: چەند رۆژە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان؟ رۆژانە چەند نەخۆش دەبینن؟
دیاری فەرەیدون: لەئێستادا پێنج رۆژە هاتووینەتە هەولێرو نەخۆشەكان دەبینین، رۆژانە لەشوێنە تایبەتەكانمان 80 نەخۆش دەبینین، بەڵام بەیانیانیش لەڕێگەی كەمپەكانەوە یان ناوەندێكی تایبەت هەبێت دەچین و چارەسەری نەخۆشەكان دەكەین.
پلانی جیاواز جیاوازمان هەیە دەچینە نەخۆشخانەكان بۆ نموونە نەخۆشخانەی پێشمەرگە یان هەر شوێنێكی تر، پلانمان هەیە خزمەتی ئێزیدیەكان بكەین كە هاوكارییان زۆر پێویستە كەپسپۆرێكی دەرونیشمان هەبووە بۆ حاڵەتە دەرونییەكان.
هاوڵاتی: خەرجیەكانتان لەكوێوە دابین دەكرێت كەنەشتەرگەری بەبێ بەرانبەر ئەنجامدەدەن؟
دیاری فەرەیدون: ئەم گروپە پزیشكە لەبەرنامەماندایە ساڵانە دوو ملیۆن دۆلار خەرج بكەین لەكوردستان لەبواری تەندروستیدا، ئەو پارەیە خێرخوازی گەورە گەورەیە لەوڵاتە جیهانیەكاندا وەك ئیمارات و بەریتانیا و ئەم پارانە بەكاردەهێنرێت بۆ نەخۆش.
ئێمە زیاتر جەختمان لەسەر ئەوەیە بەگروپێكی كەم بتوانین زۆرترین نەخۆش ببینین بۆ ئەوەی زۆرترینی بەشە پارەكە بۆ نەخۆشەكان بێت نەك ستافێكی زۆر.
لەئێستادا ئەوانەی نەشتەرگەرییان پێویست بێت هەموویان دیاریدەكەین و ئامادەیان دەكەین تا 13ی ئەم مانگە گروپێكی دیكەش دێنەوە كوردستان و پێكەوە نەشتەرگەریەكان بەهەمان شێوە بێ بەرامبەر ئەنجامدەدەین.
هاوڵاتی: وەك پزیشكێكی كورد كە لەبەریتانیادا كاردەكەن، چەند ساڵە وەك پزیشكێك لەگەڵ ئەو گروپانەدا كاری پزیشكی خێرخوازی ئەنجامدەدەن؟
دیاری فەرەیدون: ماوەی دە ساڵە كاری خێرخوازی دەكەم و ساڵانە شەش مانگ زیاتر دێمە كوردستان، بەڵام بەداخەوە زۆر كەس ناتوانێت ئاگاداری ئەم گروپە بن و پێویستە لەسەر راگەیاندنەكان هاوكارمان بن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵكی هەژارو موستەهەق بتوانێت سود لەم گروپە وەربگرێت.
ئێمە گروپێكی تەنیا خێرخوزاین و پەیوەندیمان بەهیچ لایەن و حزبێكی هەرێمەوە نیە، تەنیا هاوكاریمان پێویستە بۆ ئەوەی زۆرترین كەس ئاگاداری ئەم گروپە بێت و سودی لێوەربگرێت بۆیە هەر لایەنێك و كەسێك هاوكاریمان بكات دەستخۆشی لێدەكەین، تەنیا ئامانجان ئەوەیە هەژارو كەسانی موستەهەق خزمەت بكرێت.
هاوڵاتی: بۆچی هەولێرتان هەڵبژاردووە لەهەرێمی كوردستاندا؟
دیاری فەرەیدون: هەولێر وەك ئەوە هەڵبژێردراوە، كە ئاسانترە بۆ هاتوچۆو زۆربەی لایەنە تەندروستیەكانی لێیە، ئەگینا بۆ ئێمە هیچ شارێك و شوێنێك جیاوازی نیە و حەزدەكەین زۆرترین كەس لەسلێمانی و شوێنەكانی دیكەوە سەردانمان بكەن و خزمەتیان بكەین دهشمهوێت لێرهوه سوپاسى وهزارهتى تهندروستى بهتایبهت دکتۆر سامان و دهزگاى خێرخوازى بارزانى و سهندیکاى پزیشکان بکهم که زۆر هاوکارمان بوون.
هاوڵاتی: بۆچوونتان چییە لەسەر ئەوەی لەهەرێمی كوردستان كەرتی تەندروستی بەرەو كەرتێكی تایبەت دەڕوات و كەرتی گشتی كەمبووەتەوە بۆ خزمەتی نەخۆش؟
دیاری فەرەیدون: بەداخەوە كەرتی تەندروستی لەهەرێمدا زۆربەی كراوە بەتایبەت، خەڵكەكە لەحكومەت زۆر كەم دەتوانێت خزمەتگوزاری دەستكەوێت، كەئەمە كارێكی زۆر خراپە، چونكە خەڵكی بارودۆخی داراییان ئەوەندە باش نیە هەموویان بتوانن لەنەخۆشخانە تایبەتەكاندا دەرمان و چارەسەر وەربگرن. لەكاتێكدا لەوڵاتانی دەرەوە وەك بەریتانیا لەسەدا 95 خەڵك بەبێ بەرامبەر دەرمان و چارەسەری وەردەگرێت، دەرمان و بینین و نەشتەرگەری هەمووی بێ بەرامبەر، تەنیا ئەو كەسانەی خۆیان دەیانەوێت بەتایبەت پزیشكەكە ببینن دێنە نۆرینگەی تایبەت و سەردانت دەكەن.
هاوڵاتی: نەخۆش كە دەچنە لای پزیشك رەچەتەیەكی دوورودرێژی بۆ دەنووسێت كە دەیان جۆر دەرمان بەكاربهێنێت، لە بەریتانیا ئەمە چۆنە؟
دیاری فەرەیدون: شتێكی زۆر خراپ لەهەرێمدا دەرمان وەرگرتنە، كە وەك گوڵەبەڕۆژە بەكاردەهێنرێت، هەر پزیشكێك دەچیت رەچەتەیەكت بۆ دەنووسێت لەشەش جۆر كەمتر نیە نرخەكەشی 200 هەزارە.
زیاتر لە 15 ساڵە پرۆفیسۆری پسپۆری جەراحیم لەلەندەن سێ رەچەتەی ئاوام نەنووسیوە، هەر ناینووسین، چونكە ئەوە كاری ئێمە نیە ئەو دەرمانە زۆرانە بەخەڵك بكڕیت، بۆیە ئەوە زۆر خراپە كەدەرمان زۆر بەكاردەهێنرێت.