نزیكەی 10 رۆژنامەنووس لەهەرێمی كوردستان تیرۆركراونو بكوژەكانیان سزا نەدراون
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتی
رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ دادۆكیكردن لە ئازادی رادەربڕین ئاماژە بەوە دەدات كە نزیكەی 10 رۆژنامەنووس لەهەرێمی كوردستاندا تیرۆركراون و بكوژەكانیان لەیاسا هەڵهاتون و نادیارن و سزا نەدراون.
رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رادەربڕین و میدیا لەهەرێمی كوردستان بەشداری دەكات لەساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەوڵاتی لوبنان كە لەلایەن رێكخراوی نێودەوڵەتی رێكدەخرێت.
رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لەئازادی رادەربڕین لەم چاوپێكەوتنەدا دەشڵێت:» كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ریسالەو نامەی زۆر بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە، هیوادارم لەو ریسالانە تێبگەن، ئەگەر لەو نامانە تێنەگەن بێگومان كارەساتێكی زۆر گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت دەربارەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی تائێستا لەزینداندان و حوکمدراون».
هاوڵاتی: وەكو سەنتەری میترۆ وەك رێکخراوێكی ناحكومی هەرێمی كوردستان بەشداری دەكەن؟ ئامانجتان چییە؟
رەحمان غەریب: ئەوە سێ ساڵە وەكو رێكخراوێكی سەربەخۆ نوێنەرایەتی خۆمان دەكەین كە داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنووسی دەكات هەماهەنگی فراوانی لەگەڵ رێكخراوە جیهانییەكاندا هەیە كە لەسەر ئاستی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان موعتەرەفە.
هەموو ساڵێك ئەم یادە دەكرێتەوە كە تایبەتە بەتیرۆركردنی رۆژنامەنووسان، پێشەنگایەك دەكەنەوە بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی كوژراون یادیان دەكەنەوە، یان یادكردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆر لەناو رۆژنامەنووسان.
هەروەها مێزگرد دروست دەبێت و تایبەتە بەقسەكردن لەسەر ئەو گرفتانەی لەسەر ئازادی رادەربڕین و میدیا هەیە، هەروەها چۆن فشار لەسەر ئاستی جیهاندا بەهێز بكرێت و فراوان بكرێت بەئامانجی ئەوەی كاریگەریمان هەبێت لەسەر حكومەت و وڵاتەكانمان تا دەربازبوون لەسزا كۆتایی پێبهێنرێت تایبەت بەتیرۆركردن و كوشتنی رۆژنامەنووسان.
ئەمە هەماهەنگی نێوان رێكخراوی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی تایبەت بەئازادی رۆژنامەنووسانە.
هاوڵاتی: ئێوە هیچ ئامارێكتان لەبەردەستدایە كە لەهەرێمی كوردستان و عێراق چەند رۆژنامەنووس تیرۆر كراون و بكوژەكانیان لەسزا دەرچوون؟
رەحمان غەریب: ئێمە هەموو ساڵێك كە بەشدار دەبین بكوژی رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی عێراقدا زۆرەو باسی دەكەین، زیاتر لە 500 رۆژنامەنووس لەعێراق و هەرێمی كوردستان تیرۆر كراون.
ئەوەی پەیوەندیدارە بەتیرۆری رۆژنامەنووسان هەندێكیان تیرۆری راستەوخۆ بووەو پەیوەندی بە نووسین و بیروڕاكانیانەوە هەبووە وەكو (عەبدولستار تایەر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، ویداد حسێن، كاوە گەرمیانی) رۆژنامەنووسی دیكەمان هەیە كە بەدەستی داعش تیرۆركراون، ئەوانەی لەجەنگدا تیرۆر دەكرێن و ئەوانەی لەناو نیزامە سیاسییەكاندا تیرۆر دەكرێن هەر هەمووی دەچێتە ئەو خانەیەی دەربازیان بووە لەسزا، وەكو چۆن ئەوانەی داعش تیرۆری كردوون كەس نازانێت كێیە، لەناو هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا بەهەمان شێوە كە رۆژنامەنووس تیرۆركراوە ناناسێندرێتەوەو رادەكات، لەبەرئەوەی سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستاندا نییە.
هاوڵاتی: ئایا نزیكەی 10 رۆژنامەنووسێكمان هەیە كە تیرۆركراون و بكوژەكانیان هەڵهاتوون یان سزا نەدراون؟
رەحمان غەریب: دوو پەیامنێری كوردستان تیڤی لەگەڵ رۆژنامەنووسێكی پەكەكە، لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس ( ئامانج بابانی و ژنەكەی) لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسانەی تر كە پێشتر ناوم هێناون، ئەوانە هەموویان بكوژەكانیان نادیارن و سزانەدراون.
هاوڵاتی: ئایا لەهەرێمی كوردستان پاشەكشە لەئازادی رادەربڕین دەبینرێت؟
رەحمان غەریب: قەزیەی فراوانكردنی ئازادی رۆژنامەنووسی ، شتێكی نیزاڵییەو خەباتی بەردەوامی دەوێت كە بە نینۆكت دیوارێك هەڵبكەنیت دەبێت وا بەردەوام بین.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تا رادەیەك بڕوایان بە ئازادی رۆژنامەنووسی هەیە، چونكە یاساكان هەیەو جێبەجێ ناكرێت، یاسای بەدەستگەیشتنی زانیاری هەیەو رۆژنامەنووسان پێیان نادرێت، یاسا هەیە بۆ بكوژانی رۆژنامەنووسان، بەڵام خەڵك دەربازی دەبێت لەتیرۆركردنی رۆژنامەنووسان.
لەبەرئەوە سەرباری وجودی ئازادی رۆژنامەنووسی و سەدان كەناڵی میدیایی لەهەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئازادی گەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاریان نییە، ئازادی گەیشتنیان بە هەموو ئەو چالاكیانە نییە كە روودەدەن ، لەكاتی خۆپیشاندانەكان و تەنگەشەی سیاسی كێشەیان بۆ دروستدەكرێت، هەموو ئەمانە پێچەوانەی یاساكانە كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە.
هاوڵاتی: چ قسەیەكتان لەسەر سزادراوانی چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادینان هەیە؟
رەحمان غەریب: پرسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی پارێزگای دهۆك هەیەو حوکمدراون و هەندێكیان ئازاد كراون، هەموو ئەم جۆرە كەیسانە تێڕوانینی نەرێنی هەبووە لەئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتان و رێكخراوە بیانییەكان لەسەر دیموكراسی لەهەرێمی كوردستان، ئینجا ئەم نامەو ریسالانە كە كاریگەری هەبووە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ریسالەو نامەی زۆر بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە، هیوادارم لەو ریسالانە تێبگەن، ئەگەر لەو نامانە تێنەگەن بێگومان كارەساتێكی زۆر گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت دەربارەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووس و چالاكوانانەی تائێستا لەزینداندان و حوکمدراون.
هاوڵاتی: ئەو وڵاتانەی نامەیان بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە داوای چیان كردووە؟
رەحمان غەریب: هەموومان داوای سەروەری یاساو داوای دادگای دادپەروەر دەكەین، مەحكەمەی عادل كە سەرنجیشمان هەبێت لەسەر تۆمەتەكان با ناڕەواش بن، بەڵام خۆ دەكرێت دادگایەكی دادپەروەر هەبێت كە مەرجی زۆر زۆری هەیە ئەوەی كە ئەم بابەتە دەبینێت دەزانێت مەرجەكانی مەحكەمەی عادل چیە، لەبەرئەوەی مەرجی مەحكەمەی عادل نەبووە ئەمەش جارێكی تر عەلامەتی سەرسوڕمانی خستەسەر سەروەری یاسا لەهەرێمی كوردستان.
هاوڵاتی: دەتانەوێت چ پەیامێك بگەیەنن لە لوبنان تایبەت بە تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان لەهەرێم و عێراقدا؟
رەحمان غەریب: ئێمە داوای هاوپشتییان دەكەین كە هاوپشتییان هەیە بەردەوام، مەوزوعی دەربازبوون لەسزا مەوزوعێكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە لە سێیەمین خراپترینی ئەو وڵاتانەیە لەسەر ئاستی جیهان كە دەربازبوون لەسزای هەیە لەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان.
بۆ نموونە، تیرۆركردنی خاشقچی كە سی ئای ئەی ئەمریكی راپۆرتی لەسەر داوە، نەتەوەیەكگرتووەكان راپۆرتی لەسەر داوە، موخابەراتی توركی راپۆرتی لەسەر داوەو هەر هەموویان ئیدانەی وڵاتی سعودییەیان كردووە لە تیرۆركردنی ئەم رۆژنامەنووسەو پارچە پارچە كردنیدا، بەڵام ئایا چی كرا؟ ئێمە خەباتێكی بەردەواممان هەیەو دەبێت، چونكە دڵنیاین حكومەتی دادوەرمان دەبێت و یاسا تێیدا سەروەر دەبێت، ئێمە خەبات بۆ ئەوە دەكەین.