پرسی ژەهرخواردكردنی بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی دەبێت لە دادگا یەكلابكرێتەوە

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ  هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



تەشەنەكردنی كۆرۆناو رێگری هەندێك لەهەڤاڵان لەهەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ هۆكاربوو بۆ درێژەدان بەو ئەزموونە سەرنەكەوتووە

 

سازدانی: ئارا ئیبراهیم

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی بە راشكاوانە قسە لەسەر كێشەو پرسە ناوخۆییەكانی حزبەكەی دەكات و ئاماژە بەوە دەدات كە لەكۆنگرە بڕیاریانداوە پاش شەش مانگ، ئەزموونی هاوسەرۆكی هەڵسەندگاندنی بۆ بكرێت و پەیڕەو هەموار بكرێتەوە، دەشڵێت:» بەشێك لەهەڤاڵان رێگربوون لەهەمواری پەیڕەوی ناوخۆو بوونە هۆكاری بەردەوامی ئەو ئەزموونە سەرنەكەوتووەی یەكێتی».

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ  دەشڵێت:» سیستمی هاوسەرۆكی لەناو یەكێتی فەشەلی هێناوە».

 هاوڵاتی: دۆخی یەكێتی بەتایبەت دوای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان چۆنە؟

ئارێز عەبدوڵا: دوای هەڵبژاردن ئێمە ئێستا تێگەیشتووین كە خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەكانی شێوازی كاركردنی خۆمان دەزانین بۆ ئەوەندە كورسیمان هێناوەو كورسی دیكەمان نەهێناوە، واتا هەڵسەنگاندنێك بۆ ئەو دۆخە كراوە تا سوود لەلایەنە باشەكانی بكەین و لایەنە نەرێنییەكانیش دووبارە نەبێتەوە.

 هاوڵاتی: ئایا سیستمی هاوسەرۆكی فەشەلی هێنا لەناو یەكێتیدا؟

ئارێز عەبدوڵا: با بەڕوونی باسی بكەین، سیستمی هاوسەرۆكی دوای كۆنگرەش دژی بووم، دژی ئەو شێوازە بووم و ئەزمونێكی سەركەوتوو نەبوو بەگشتی، واتا ئەگەر ئەو كێشانەش روویان نەدایە هەر سیستمی هاوسەرۆكی ئەزمونێكی سەركەوتوو نەبوو، هەر دەبوو چاوی پێدا بخشێنینەوە.

شێوازی بەڕێوەبردنی یەكێتی لەپەیڕەوی یەكێتی لەناو كۆنگرە پەسەندكرا، دەرفەتێكی شەش مانگیمان دا، وتمان ئەزمونی هاوسەرۆكی تاقیدەكەینەوە.

دوای شەش مانگ لایەنە باش و خراپەكانی ئەو شێوازەمان بۆ دەردەكەوێت ئەوكاتە پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەكەینەوە، واتا لەكۆنگرە بڕیارماندا پەیڕەوی ناوخۆ هەمواربكەینەوە لەهەر بابەتێك كە هەڵەمان كردبێت یان لەهەر بابەتێك ئەگەر گونجاو نەبێت هەمواری بكەینەوەو بیگۆڕین، چونكە ئەو هەستەمان هەبوو هەڵەو كەموكوڕی هەیە بەدوو هۆكار.

یەكەم: لەمێژ بوو كۆنگرە نەبەسترابوو، كێشەی كەڵەكەبوو زۆر بوو، دەمانویست كۆنگرە بەسەركەوتوویی تێپەڕێنرێت و بێ دروستبوونی كێشە.

دووەم: لەسەروبەندی كۆنگرە پەتای كۆرۆنا پەیدا بوو ئەویش كاریگەری زیاتری هەبوو كە پەلەی زیاتر بكەین لەتێپەڕاندنی كارەكانی كۆنگرە، بۆیە شەش مانگمان دانا بۆ تاقیكردنەوەی ئەو سیستمە نوێیەی كاركردنی یەكێتی، بەڵام دواتر پەرەسەندنی كۆرۆناو دوایش دەركەوت هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆ لەبەرژەوەندی هەندێ لەهەڤاڵان نەبوو، بۆیە ئەو هەڤاڵانەی لەهەمواركردنەوەی پەیڕەو لەبەرژەوەندیاندا نەبوو رێگریان دەكرد، لەئەنجامیشدا كێشەی گەورەمان بۆ دروست بوو كە ئەو ئەزموونە سەرنەكەوتووە درێژە پێبدرێت.

 هاوڵاتی: پێتانوایە پاشەكشەی دەنگەكانی یەكێتی بەهۆی ئەو كێشانەوە بووە كە روویانداوە؟

ئارێز عەبدوڵا: دوو سێ هۆكار هەبووە بۆ پاشەكشەی دەنگەكانی یەكێتی یەكەم: هەموو حزبەكان دەنگیان كەمی كردووە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق.

دووەم: پێش ئەوەی ئەو كێشانەش بتەقێتەوە ئێمە كێشەی گەورەمان هەبووە، واتا هەموو كێشەكان بەگشتی كاریگەری هەبوو، یەك هۆكار نییە، بەڵكو كێشە كەڵەكەبووەكانی یەكێتی بێگومان كاریگەری هەبووە، كێشەكانی ئەم دواییەی ناوخۆی یەكێتیش بەڵێ یەكێك بووە لەهۆكارەكانی پاشەكشەی یەكێتی.

سێیەم: هەندێ هەڵەی تەكنیكیمان كردووە لەهەڵبژاردنەكاندا، چونكە هەڵبژاردن زەحمەت و ئاڵۆز بووەو هونەرو بەڕێوەبردن و راگەیاندنێكی زۆر یەكانگیری دەوێت و وەكو جاران نییە وردە وردە ئاڵۆزتر دەبێت، ئێمە هەندێ هەڵەمان كردووە وای كردووە كەژمارەی كورسیەكانمان كەمی كردووە.

 هاوڵاتی: پارتی چاوی لەپۆستی سەرۆك كۆمارەو ئەگەر سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت باسی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكەن كە بۆ پارتی بێت، قسەتان چییە لەو بارەیەوە؟

ئارێز عەبدوڵا: ئەگەر لێبگەڕێن پارتی چاوی لەپۆستەكانی سلێمانی و بەسڕەش دەبێت، بەڵام خۆ بەدەست پارتی نییە، ئێمەش چاومان لەوەیە یان لانی كەم لەبەرئەوەی پارتی لەماوەی سێ ساڵی رابردوو رێگری لەوە كرد كە پارێزگاری كەركوك كوردێك بێت، ئەمجارە پێویستە زۆر نەرمی بنوێنێت بۆ ئەوەی یەكێتی پارێزگارێك لەكەركوك دابنێت.

 لەبەرئەوە بەهۆكاری ئەو پێداگیرییەی پارتی نەچوونە ژێربار بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد وای كرد كەئەو سێ ساڵەی رابردوو عەرەبێكی شۆڤێنی پارێزگاری كەركوك بێت، ئۆباڵی ئەوە دەكەوێتە ئەستۆی پارتی.

 بۆیە ئێمە چاومان لەوەیە  كە پارتی قەرەبووی ئەو بابەتە بكاتەوەو جارێكی دیكە ئەو گرفتانە دروست نەكات.

سەبارەت بەپۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتنێكی دوورودرێژمان لەگەڵ پارتی هەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەگەر پارتی پابەندە بەو رێككەوتنانە كە پێكەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەین و پۆستەكان دابەش بكەین ئەوەی كردوومانە تائێستا ئەوا پێویستە هەر باسی پۆستی سەرۆك كۆمار نەكات وەكو جاری رابردوو و كاندیدی هەبێت، پێویستە بۆ یەكێتی بێت.

ئێمە كاتی خۆی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بووین لەبەرانبەردا پارتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆك كۆمار بووە بۆ یەكێتی، ئەوە لەلایەك وەكو دابەشكردنی بەرژەوەندییەكانیشمان بووە، لەلایەكی دیكەوە بۆ پاراستنی یەكڕیزی و یەكدەنگی بووە لەبەغدا.

ئەگەر پارتی پێیانوایە لەبەغداش سەرۆك كۆمار هی ئەوان بێت و سەرۆكی هەرێم لەدەست ئەوان بێت و سەرۆكی حكومەت لەدەست ئەوان بێت، ئێ بێگومان ئێمەش قسەی دیكەمان دەبێت و چاو بەهەموو ئەو رێکكەوتنانەو بەو شێوازە كاركردنە هاوبەشەدا دەخشێنینەوە كە هەمانە.

 هاوڵاتی: بۆ نموونە پارتی كاندیدی بۆ پارێزگاری كەركوك دیاری كردووە كە فەرەیدون عەبدولقادر یان رێبوار تاڵەبانی دەبێت؟

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە بە كەسێك رازی دەبین بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كە خۆمان لەئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەر بدەین، ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە لەسەر ناو، كێ دەڵێت یەكێتی كەسێكی بێلایەن كاندید ناكات؟.

نەمزانیوە پارتی بەفەرمی باسی كەسیان كردبێت، بەڵام فەرەیدون عەبدولقادر یەكێتییە، ئینجا ئەوان دێن پیاوەتی بەئاوی حەمامەوە دەكەن ئەوە شتێكی ترە، ئێمە هیچ گومانمان لەدڵسۆزی و توانای فەرەیدون عەبدولقادر نییە.

 هاوڵاتی: پرسی ژەهرخوارد کردنی چەند بەرپرسێكی یەكێتی چۆنە كە باسی دەكەن؟

ئارێز عەبدوڵا: باسی ژەهرخوارد کردن دەكرێت، نازانم ئەو برادەرانەی كە باسی دەكەن پێویستە بەڵگەنامەكانی خۆیان بدەنە دادگاو سەركردایەتی یەكێتی بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت، خۆ تائێستا هیچ ناوێك نەهاتووە راستە گومان هەیە، بەڵام گومان هەیەو هەندێك لەسۆسیال میدیاو دەزگاكانی راگەیاندن بابەتەكان زۆر گەورە دەكەن.

تائێستا پەنجە نەخراوەتە سەر كەسێك بڵێن فڵان كەسە، لەبەرئەوە ئەو بابەتە پێویستی بەبەدواداچوون و بڕیاری دادگا هەیە، كۆمەڵێك خەڵك لەناو یەكێتی باسی ئەوە دەكەن كە ژەهرخوارد کراون، ئەوانە پێویستە  بەڵگەكانیان تەسلیمی حزب و دادگا بكەن.

لەدادگا بەسەر چ لایەنێكدا سەلمێندرا دەبێت سزا بدرێت، لە حزب بەسەر كێدا ساغ ببێتەوە دەبێت حزب سزای بدات، تائێستا تەنها قسەیەو ئەگەر دادگا بڕیار نەدات هەر بەگومان دەمێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار