سێ هەزارو 700 پێشمەرگەو ئەفسەر دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەدات كە لەشەش مانگی كۆتایی ئەمساڵدا كاری زۆرباشیان كردووە بۆ گواستنەوەو یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و دەشڵێت:» چوار لیوای دیكە یەكخراونەتەوەو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە».
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژە بەوە دەدات كە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق رێككەوتوون كە لیوایەك لەوەزارەتی پێشمەرگەو لیوایەك لەسوپای عێراق بۆشاییە ئەمنییەكانی نێوان هەردوولا پڕبكەنەوە.
هەروەها جەختی لەوەشكردەوە كە لیواكەی وەزارەتی پێشمەرگە بەگواستنەوە دەخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق و مووچەو خانەنشینیان لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت.
هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كەناردنی دوو لیوا بۆ بۆشاییە ئەمنییەكان كاریگەری خۆی دەبێت، بەڵام ناوچەكە فراوانەو ناردنی ئەو هێزانە كەمەو پێویستی بەدوو لیوای دیكەش دەبێت.
هاوڵاتی: بەرپرسانی ئەمنی عێراق و هەرێمی كوردستانیش باسی زیادبوونی مەترسییەكانی داعش دەكەن، بەرنامەتان چییە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان؟
لیوا قارەمان كەمال: بە راستییەكەی ئەوەی ئێمە تەئكیدی لێدەكەینەوە هەماهەنگی زیاترە لەنێوان ئێمەو عێراقدا بەتایبەتی نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی لەنێوان هەردوولاماندا هەیە، ئەوە خاڵی هەرە سەرەكی و گرنگە.
خاڵێكی تر ئەوەیە كە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامبدەین پێكەوە، چونكە ئەو بۆشاییە ئەمنییانە گەورەن لەهەندێك شوێن دەگاتە 40 تا 60 كیلۆمەتر چوارگۆشە، هیچ هێزێكی تێدا نییە، هەم عێراق رێگە نادات هێزەكانی پێشمەرگە بچنە ئەو شوێنانە، هەم عێراق خۆیشی ئامادە نییە بچنە ئەو شوێنانە، زۆرجار تەئكیدمان كردووەتەوە كە پێویست دەكات ئەو بۆشاییە ئەمنییانە بە هێز پڕبكرێتەوەو پلانی ئەوەمان هەیە دوو لیوا دروست دەكرێت كەلیوایەكی وەزارەتی پێشمەرگەو لیوایەكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام ناوچەیەكی گەورەیەو چوونی دوو لیوا زۆر كەمە، راستە كاریگەری خۆی دەبێت، لیوایەكیان لەخانەقین تا مەنتیقەی كەركوك دەبێت و لیواكەی دیكە لەمەخمور دەبێت تا دەشتی نەینەوا، دوو لیوا كەمە بۆ ئەو سنورە و ئومێدەوارین دوو لیوای دیكە دروست بكرێت.
هاوڵاتی: پرسی ناردنی ئەو دوو لیوایە بۆ ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی باست كرد بەچی گەیشتووە؟
لیوا قارەمان كەمال: ئەم لیوایانە لەقۆناغی كۆتاییدایەو وەزارەتی پێشمەرگە ناوەكان ئامادە دەكات كەژمارەیان سێ هەزارو 700 پێشمەرگەو ئەفسەر دەبێت، لەچەند رۆژی داهاتوودا ناوەكان دەنێردرێت بۆ بەغداو دەگوازرێنەوە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، واتا موچەو خانەنشینیان لەسەر عێراق دەبێت، ئەمە هەنگاوێكی باشە.
هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق كۆبوونەوەمان كردووە تەئكید كراوەتەوە كە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەدا ئەنجام بدەین، چونكە داعش هەم مەترسی ماوە لەسەر هێزە ئەمنییەكانی هەرێم و عێراق و هاووڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانەدا، تائێستا داعش چالاكی هەیەو بەردەوام خۆی رێكدەخاتەوە لەبەرئەوە، ئەگەر ئەو ناوچانە بە هێز پڕ نەكرێتەوەو ئۆپەراسیۆنی هاوبەش نەبێت بەتەئكید داعش دەمێنێت و لەناو ناچێت.
هاوڵاتی: ئەم دوو لیوایە دەتوانین بڵێین تا كۆتایی ساڵ لەو ناوچانە جێگیر دەكرێن؟
لیوا قارەمان كەمال: لەچەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی پێشمەرگە ناوەكان دەنێرێت بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەمە مەشق و راهێنانی دەوێت و بەئۆتومبێلی جەنگی نوێ و ئینجا دەنێردرێنە واجب، دوای ئەوەی ناوەكان دەنێرین و رێكدەخرێن دواتر مەشقیان پێ دەكرێت ئینجا دەچنە واجبەوە.
باسی ئەوەمان كردووە كە دوو لیوا بۆ ئەو ناوچانە كەمەو وەك یەكەم هەنگاو هەنگاوێكی زۆر باشە، درێژییەكەی هەزار كیلۆمەتر دەبێت و ناردنی دوو لیوا زۆر كەمەو بەڵام كاریگەریی خۆی دەبێت.
هاوڵاتی: ئەگەر ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن، هێزەكانی هاوپەیمانان هاوكارتان دەبن؟
لیوا قارەمان كەمال: هێزەكانی هاوپەیمانان لە دروستكردنی ئەم دوو لیوایە بۆ ئەو ناوچانە سەرجەم چەك و پێداویستییەكانیان لەسەر هاوپەیمانان دەبێت، هەر كاتێكیش ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدرێت هاوكار دەبن.
هاوڵاتی: ژمارەی داعش باس لەنزیكەی 10 هەزار چەكدار دەكرێت، ئێوە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە دەزانن بەنزیكەیی چەند كەس دەبن؟
لیوا قارەمان كەمال: داعش لەجموجۆڵدایە لەهەر ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە ژمارەیان دەگۆڕێت، لەدیالە ژمارەیەكەو لە كەركوك و باشووری كەركوك ژمارەیەكە، لەناوچەی مەخمور و نەینەوا ژمارەیەكی دیكەیەو بەو ناوچانەدا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو ژمارە گەورەیە نین، بەڵام بەشێوەی پارتیزانی شەڕت لەگەڵدا دەكەن.
ئەو شەوەی ئەو دوو پێشمەرگەیە شەهید بوون، دوو تا سێ چەكدار لەدوورەوە رەبیەكەیان بینیوەو پێشمەرگەكە دەركەوتووەو تەقەیان لێكردووەو دواتر پێشمەرگەكەی دیكە چووە بە هانایەوە تەقەشیان لەو كردووەو شەهیدیان كردووە، ئەوە نییە مەفرەزەیەكی گەورە هاتبێت رەبایەكە بگرێت، ئەوان مەبەستیانە چۆن بتوانن زیانێكت پێ بگەیەنن و خۆیان بێ زیان لێی دەربچن.
هاوڵاتی: حسابی ئەوە دەكرێت كە ئەو دوو لیوایە دەچنە ئەو بۆشاییە ئەمنیانە تا رادەیەكی زۆر گیانیان پارێزراو بێت و ئەجهیزەو تەكنیكی نوێ بەكاربهێنن؟
لیوا قارەمان كەمال: سوپای عێراقی لە رووی ئیمكانییەتەوە ئیمكانییەتی باشی هەیە، لە رووی پێداویستی جەنگی و چەكەوە شتی باشی هەیە، هەم هاوپەیمانانیش وەكو باسم كرد هاوكار دەبن بۆ ئەو دوو لیوایە، بەتەئكید دۆخیان باشتر دەبێت لە رووی پێداویستییە سەربازییەكانەوە.
هاوڵاتی: پێتانوایە خەڵكی ئەو ناوچانەی داعشی لێییە یارمەتیان دەدەن؟
لیوا قارەمان كەمال: چارەسەری داعش تەنها هێز نییە، كۆمەڵێك بابەتی سیاسیشی هەیە تا ئەو بابەتانە چارەسەر نەكرێت كۆمەڵێك كەموكورتی ئیداری هەیە چارەسەر ناكرێت، داعش ئەو فرسەتە دەقۆزێتەوەو گەشە دەكات و دەمێنێت و عاتیفەی خەڵك بەلای خۆیدا رادەكێشێت، بەڵام داعش بەتەنها بە كردەوەی سەربازیی لەناو ناچێت، لەناوچە سوننە نشینەكاندا كێشەی زۆری خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاوەدانی هەیە، ئەمانە هەمووی وای كردووە داعش ئیستغلالی ئەو دۆخە بكات و بمێنێتەوە.
هاوڵاتی: پرسی چاكسازییەكان و یەكخستنەوەی هێزەكان گەیشتووەتە چ قۆناغێك؟
لیوا قارەمان كەمال:چاكسازییەكان بەردەوامەو بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئەم شەش مانگەی كۆتایی ئەمساڵ ئیشی زۆر باش كراوە، چوار لیوای دیكە خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پشتیوانی یەك و دوو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانی یەك فەرمانەكەی دەرچووەو پشتیوانی دوو نوسراوەكەی لەئەنجومەنی وەزیرانەو ئەویش دێتەوە، ئەوەش كۆتایی پێهاتووە لە رووی گواستنەوەی هێزەكان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
مەسەلەی یەكخستنی ژمێریاری میكانیزمەكە رێكخراوەو نووسراوەكەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەو تەنها رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوێت بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.
هاوڵاتی: واتا دەتوانین بڵێین یەكەی 70 و 80 ئیتر مووچەكانیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت؟
لیوا قارەمان كەمال: تا یەكەی ژمێریاری كە میكانیزمەكەیمان نوسیووەو نێردراوە بۆ حكومەتی هەرێم، كە موافەقەكەی گەڕایەوە بەدڵنیاییەوە لەوەزارەتی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن، چونكە پێشتر میزانییەی خۆیان جیاواز بووەو دەبێت بگۆڕدرێت و بگوازرێتەوە سەر وەزارەت.
هاوڵاتی: ئەی پرسی خانەنشینانی پێشمەرگە هەمووی خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم؟
لیوا قارەمان كەمال: دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگە هەمووی چووەتە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری و هیچ خانەنشینێك نامێنێت لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئێستا وەجبە وەجبە دەنێردرێت، ئەوەش ئیشی باشی لێكراوە.
لەسەر رێكخستنەوەی دۆسییەكان كە دەبێت هەموو پێشمەرگەیەك دۆسییەی تایبەت بەخۆی هەبێت خەریكی رێكخستەوەی ئەو دۆسیانەین.
هاوڵاتی: پلە بەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ئەفسەران بۆچی دوادەكەوێت؟
لیوا قارەمان كەمال: بەڵێ راستە، خۆی فەترەیەك پلە بەرزكردنەوە راگیرا، كە كرایەوە بەرزمان كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش داوای لیستی خانەنشینانیان كرد، ئێستا لیستێكمان ناردووە لەدوای ئەوە جەدوەلی 2018 و 2019 بەوەجبە وەجبە ئامادەیە بینێرین بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا رەزامەندی لەسەر بدەن.
لیستی خانەنشینان كە ژمارەیان زیاتر لە 800 ئەفسەرە ناویان رۆیشتووە بۆ خانەنشین، ئەوەش ئیشی تێدا كراوە، هۆكارەكەی پێشتر ئەوە بووە كە پلە بەزركردنەوە راگیرابوو.