هاوردەكردنی دەرمانی قاچاغ بۆ هەرێمی كوردستان زیادی كردووە

‌د. بارێف زاهیر سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: مەزهەر كەریم

سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات كەهاوردەكردنی دەرمانی قاچاغ بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامەو زیادیشی كردووە، دەشڵێت: «ئەو قودرەتە نیە هەموو دەرمانێك فەحس بكرێت، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەش، هەموو جۆرە دەرمانێك بەقاچاغ دێتە كوردستانەوە».

د. بارێف زاهیر سەرۆكی سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ  هاوڵاتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە  «پێدانی ئەم هەموو جۆر دەرمانە لەسەر ئەساسی پزیشكی نەبێت ئەوكاتە ئێمە رێك بیرمان بۆ ئەوە دەچێت، لەوە دەچێت كۆمپانیاكانی دەرمان یاخود ئەو كەسانەی كە بەجۆرێك لەجۆرەكان شتی نائەخلاقی تەندروستیو پزیشكییان ئەنجامداوە، دەبێت ئەو كەسە رووبەڕووی دادگا بكرێتەوە كەدزینی پارەیە لەنەخۆش».

 هاوڵاتی: جۆرێك لەئاڵۆزیو فەوزا دەبینرێت لەهاوردەكردنی دەرماندا بۆچی؟

د.بارێف زاهیر: لەهاوردەكردنی دەرماندا سەدو هەشتا بۆ دووسەد كۆمپانیای فەرمی هەیە لەعێراقو هەرێمی كوردستان دەرمان هاوردە دەكات لەدەرەوە بۆ ناوخۆی كوردستان، ئەگەر فەوزا هەبێت لەهاوردەكردنی دەرمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی كات شوێنی نافەرمی یاخود قاچاغ دەرمان ئاوردە دەكات، ناویان تۆمارنەكراوە لەوەزارەتی تەندروستی هیچ كەسێك ئاگادارنیە، ئێمە نازانین كێن، بەڵام ئەگەر زۆر وردبینەوە لەشارەكانو سنورەكان دەزانرێت كێنو ئەوانە دیاری بكرێن، بەڵام كاری هێنانی دەرمانی قاچاخ لەوەتەی من بەبیرم دێت هەر هەبووە، لەئێستادا تەسەور دەكەم زیادی كردبێت، چونكە ئەو قودرەتە نیە هەموو دەرمانێك فەحس بكرێت، بۆ پڕكرنەوەی ئەو بۆشاییەش، بۆیە بەشێك لەدەرمان بە قاچاخ دێتە هەرێمی كوردستان، كە جۆری دیاری كراوی نیە هەموو جۆرە دەرمانێك دێت.

 هاوڵاتی: لەئێستادا مۆڵەتی مەدخەلی دەرمان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە راگیراوە هۆكارەكەی چیە ئایا رێكدەخرێتەوە؟

د.بارێف زاهیر: مۆڵەتی مەدخەری دەرمان نیە، بەڵكو كۆمپانیای هێنانو هاودەكردنی دەرمانەو لەئێستادا راگیراوە، بۆچی راگیراوە، كردنەوەی كۆمپانیای دەرمان كەیو چۆن دەكرێتەوە ناتوانم وەڵامێكی دەقیق بدەمەوە، جگە لەوەزارەتی تەندروستی، بەڵام تەنیا دەتوانم وەك رێگەپیشاندەرێك لەوبارەیەوە قسە بكەم، وەزارەتی تەندروستی دەیانەوێت بەپێی رێنماییەكانی هاوردەكردنی دەرمانو فەحسكردنی دەرمانو فروشتنو هێنانو بڵاوكردنەوەی لەنەخۆشخانەكاندا رێنمایی تازەی بۆ دەربكەن.

 هاوڵاتی: ئێوە وەك سەندیكای دەرمانسازان تەنیا بەرگری لەكارمەندەكانتان دەكەن یان بەرگریش لەو خەڵكەش دەكەن كەدەچێتە بەردەم پزیشكێكو لەڕەچەتەیەكدا چەندین دەرمانی بۆ دەنووسێت؟

د. بارێف زاهیر: ئێمە سەندیكای دەرمانسازانین، بەڵام سەندیكای دەرمانسازان مانای ئەوە نیە تەنیا ئیش بۆ ئەوەبكات دەرمانساز خۆش بژی، سەندیكای دەرمانسازان یەكێك لەهەدەفەكانی ئەوەیە كەبتوانێت دەرمان بەشێوەیەكی سالمو رێکوپێكو تەندروست بگاتە دەستی نەخۆش، ئەمە یەكێكە لەئەهدافەكان لەیاساكانی ئێمەدا نووسراوەتەوە، ئەمە واتای ئەوەیە لەهەر شوێنێكدا نەخۆشێك بەشێوەیەكی ناتەندروست یاخود بەنرخێكی ناتەندروست یاخود بەشێوەیەكی ناڕێكوپێك دەرمان بگاتە دەستی، جا سەبەبكار هەركەسێك بێت ئێمە ئیجرائاتی لەگەڵ دەكەین ئەگەر هاتوو سەبەبكارەكە پەیوەندی بەدەرمانخانەكانی ئێمەوە بوو، ئیجرائاتەكانیش بەم شێوەیەیە ئەگەر هاتوو سەرپێچی لەجلوبەرگدا بێت ئەوا ئاگادار دەكرێتەوە پاشان دەرمانخانەی پێدادەخرێت ئەگەر پەیوەندی بەنەخۆشەوە بوو ئەوا رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە ، یاخود پەیوەندی بەپزیشكێكەوە هەبوو یان هەر كەسێكی دیكە بوو ئەگەر شوێنەكە شوێنێكی فەرمی بوو وەك عەیادەی پزیشكێك.

ئێمە چەندین جار نووسراومان كردووە بۆ سەندیكای پزیشكان تاحاڵەتێك روویداوەو بەدواداچوونی بۆ بكەن، بەڵام ئەگەر شوێنێكی نافەرمی بوو وەك لاكۆڵانەكان، كە بەداخەوە لەئێستادا زۆر زۆر شایعەو لە لاكۆڵانەكاندا هەیە، ئەوە دەچێتە قاڵبێكی دیكەوە، دەچێتە قاڵبی ئەمنی قەومییەوە، ئەمە دەچێتە قاڵبی پەیڕەوكردنی یاسا لەلایەن حكومەتەوە بەرامبەر ئەو كەسانە، ناتوانم بچم ئیجرائات لەگەڵ شوێنێكدا بكەم كەخۆی بۆخۆی نافەرمیە.

 هاوڵاتی: زۆرترینی خەڵك گلەیی ئەوە دەكەن كەپزیشك لەدوای دیاریكردنی نەخۆشیەكەی چەندین جۆر دەرمانی جیاوازی بۆ دەنووسێت؟

د. بارێف زاهیر: ئەم پرسیارە دوو روانگەی هەیە، یەكەم پزیشك خۆی دەزانێت چی بۆ نەخۆش دەنووسێت، كەس ناتوانێت ئیجباری بكات، چونكە ئەو پشكنین بۆ نەخۆشەكە دەكات، دیاری دەكات، ئەو دەزانێت ئەو نەخۆشە چی دەوێت، لەوە دەچێت دە جۆر دەرمانی بوێت، لەوە دەچێت بەیەك دەرمان حەلی بكات، بەڵام دەبێت لەسەر ئەساسێكی زانستی بێت كە دەبێت سەندیكای پزیشكان ئەوە دیاری بكەن، پێدانی دەرمانەكە لەسەر ئەساسی پزیشكی بووە یان زانستی بووە یان لەسەر هەر ئەساسێكی دیكە بووبێت، روانگەی دووەم پێدانی ئەم دەرمانە یان پێدانی ئەم هەموو جۆر دەرمانە لەسەر ئەساسی پزیشكی نەبێت، ئەوكاتە ئێمە رێك بیرمان بۆ ئەوە دەچێت، لەوە دەچێت كۆمپانیاكانی دەرمان یاخود ئەو كەسانەی كە بەجۆرێك لەجۆرەكان شتی نائەخلاقی تەندروستیو پزیشكیان ئەنجامداوە، دەبێت ئەو كەسە رووبەڕووی دادگا بكرێتەوە كەدزینی پارەیە لەنەخۆش، بۆیە ئەمە شتێكی زۆر نائەخلاقیە، هەركەسێك ئەو كارە بكات لەئەخلاقی پزیشكی لایداوە، كەحاڵەتی وەهابووەو هەیە، بەڵام خۆشبەختانە زۆر نیە.

 هاوڵاتی: پزیشكانی وڵاتان بە نەخۆشەكانیان دەڵێن ئیسراحەت بكە یان تەنیا ئاو بخۆ، بۆ لای ئێمە پزیشك ئەوە جێبەجێ ناكات، نمونەی زیندوی ئەوەش چەند پزیشكێكی بەریتانی هاتوونەتە هەولێر لە باسی ئەوە دەكەن فەوزا هەیە لەپێدانی دەرمان بەنەخۆش ؟

د. بارێف زاهیر: ئاو بخۆو ئیسراحەت بكە، ئەمە تەنیا بۆ هەموو نەخۆشێك نیەو بەهەموو نەخۆشێك ناڵێن، لەئەوروپاش ئەگەر یەكێك ئیلتیهاباتی ڤایرۆسی هەبوو ئەوا پێیدەڵێن بڕو ئیسراحەت بكەو ئاو بخۆ، چونكە ڤایرۆس ماوەی حەفتاو دوو كاتژمێری خۆی تەواو دەكاتو تەواو دەبێت یاخود نەخۆشی سكچون دەرمانی بۆ نانووسن یان تا لێهاتن دەرمانی بۆ نانووسن، دەڵێن بڕۆ لەماڵەوە ئیسراحەت بكە، خواردنەكانت شەكرو خوێی تێدابێت بۆ قەرەبووكردنەوە، بەڵام كەیەكێك بزانن بەڕاستی نەخۆشە لەهەر جێگەیەك بێت دەرمانی بۆ تەرخان دەكەن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین دەرمان بەڕێژەیەكی زۆر دەنووسرێت كە زۆر كات نەخۆش تەحەمولی ئازار ناكات و داوای دەرمان دەكات.

 هاوڵاتی: كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان لەكوردستان كاری پێناكرێت، بۆ نموونە دەرمان هاتووەتە كوردستان لەدەرمانخانەكان دەفرۆشرێت كوالێتی زۆر نزمە بۆچی رێگەدەدەن دەرمانی كوالێتی نزم بێت؟

د. بارێف زاهیر: ناتوانین بڵێین كوالێتی كۆنتڕوڵ كاری پێناكرێت، كاری پێدەكرێت، بەڵام بەپێی پێویست دەرەقەتی ئەو هەموو دەرمانە نایەت و ناتوانێت سەیتەرە بكات، چونكە دەرمان بەڕێژەیەكی زۆر دەهێنرێتە كوردستان، هیچ كەوالێتی كۆنتڕۆلێك نیە بتوانێ هەموو دەرمانێك فەحس بكات، لەجێگەی كوالێتی كۆنتڕۆلێك دوو كوالێتی كۆنتڕۆڵ هەیە یان سیان هەیە، ئێمە یەك دائیرەمان هەیە، ئەمەش پێویستی بەوەیە توانایەكی زۆری بدرێتێ، تەنیا كاری پشكنین بێت، بەڵام كاریان زۆر پێسپێردراوە كەژمارەی فەرمانبەرو ئامێریان كەمە.

 هاوڵاتی: ئێوە لەگەڵ لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان قسەتان كردووە ئەم كێشانە چارەسەر بكرێت یان نا؟

د. بارێف زاهیر: كۆنتاكتمان زۆر باشە لەگەڵ لیژنەی پەرلەمان، عادەتەن لەكاتی یاسادانانو یاسا قبوڵ كردن ئێمە كارمان پێیان دەبێت، ئەوانیش بەهەمان شێوە، ئەوان زیاتر موتابەعە دەكەنو پرسیار دەكەن.

 هاوڵاتی: لەئێستادا وەك چۆن دوكانو ماركێت لەگەڕەكەكاندا زۆر بووە ئەوەهاش دەرمانخانە زۆر بووە، ئێوە وەك سەندیكا چاودێری ئەم دەرمانخانانە دەكەن یان نا، نموونە خەڵك هەبووە دەرمانی كڕیوە ماوەیەكی كەمی ماوە تا بەسەربچێت؟

د. بارێف زاهیر: ئێمە زۆر زۆر پێخۆشحاڵینو سەرمان بەرزە ژمارەی دەرمانخانە بەشێوەیەكی وەها زیاد بكەین كەخەڵك پێمان بڵێت ماشەڵا بەقەدەر هێندەی سۆپەرماركێت دەرمانخانە هەیە، ئەمە سەربەرزیە بۆ ئێمە، لەهەموو كوچەو كۆڵانێکدا بەشێوەیەكی فەرمی خزمەتی نەخۆش بكەین، كەژمارەیان نزیكەی دوو هەزار دەرمانخانە دەبێت لەشارەكانی هەرێم، وەك چاودێریش لەڕێگەی لیژنەكاتی تەندروستیو بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی تەندروستیو لیژنەكانی قایمقامیەتەوە چاودێری دەكەین.

 هاوڵاتی: لەكابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمدا باس لەوەكراوە حكومەت كۆمپانیایەكی گشتی دەرمان پێكدەهێنێت بەهاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەت ئەوە چی بەسەرهات؟

 د. بارێف زاهیر: كاتی خۆی ئەو كارە نەكرا كەكابینەی پێشوو، وەزیری تەندروستی كابینەی پیشوو لەكاردابوو، ئەوكات ئەو كارە نەچووە پێش و لەئێستادا هیچ نەكراوەو وەك خۆی ماوەتەوە.

 هاوڵاتی : ئەگەر مۆڵەت بكرێتەوە بۆ دەرمانساز تەنها مۆڵەت بەسە یان پێویستی بەڕێكارەكانی كۆمپانیاكانی كردنەوەی مەدخەلی دەرمان كەمتر بكرێتەوە، هەموو كەسێك نەتوانێت ئەوە بكات؟

د. بارێف زاهیر: تەنیا مۆڵەت نیە، بەڵكو بیستو هەشت خاڵمان وەك شەرتو مەرج لەسەر دەرمانخانە داناوە كاتێك دەكرێتەوە، دەبێت هەموو مەرجەكانی تێدابێت بەپێی یاسا كەزۆرە ئەوەها باس ناكرێت.

 هاوڵاتی: كۆمپانیاو كارگە هەیە بۆ دروستكردنی دەرمان لەسلێمانی كاری بۆ كردووە ئەو دەرمانەنەی ئەوان بەرهەمی دەهێنن چاودێری بكەن تابزانن كەوالێتیەكی باشە لەچاو ئەو دەرمانەی لەدەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت؟

د. بارێف زاهیر: ئەوەی من دەیزانم‌و ئێمە دەیبینین نەك كارگەی دەرمان لەسلێمانی، هەردوو كارگەی دەرمان لەهەرێم جۆریەتیان زۆر باشە، هاتنەناوەی دەرمانی بیانیش بەهۆی بازاڕی ئازادەوەیە كەدێتە كوردستان نەك خراپی دەرمانی خۆمان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار