خزمەت نەكردنی سلێمانی پارتی و سەرۆكی حكومەت لێی بەرپرسیارە
هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پارتی و سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆمەتبار دەكات بەخزمەتنەكردنی سلێمانی و دەشڵێت:» هەر بڕە پارەیەك بۆ خزمەتكردنی سلێمانی داوا بكرێت دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی حكومەت لێی بەرپرسیارە».
هۆشیار ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەفراكسیۆنی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە سلێمانی قوربانی زۆری داوە، بەڵام وەك گوندێكی گەورە وایە.
هاوڵاتی: دیاریكردنی رۆژی 14ی مانگ وەك رۆژی سلێمانی تاچەند گرنگە؟
هۆشیار ئیسماعیل: دیاریكردنی ئەو رۆژە گرنگە، چونكە چەند بیروڕایەكی جیاواز هەبوو لەسەر ئەم رۆژە، هەر یەكەو وتوویەتی رۆژێكە بۆیە لەدڵەراوكێی ئەو كەسانەی ئەو رۆژەیان بەلاوە گرنگە شتێكی باشە، وەك پایتەختی رۆشنبیری گرنگەو لەدوای ئەو رۆژەوە هەفتەیەك چالاكی دەستپێدەكات، بۆیە ئەوە گرنگیی خۆی هەیە بۆ ناساندنی زیاتری كلتوری سلێمانی.
هاوڵاتی: دەبوو چی بكرایە بۆ سلێمانی لەڕووی خزمەتكردنەوەو نەكراوە؟
هۆشیار ئیسماعیل: دەبوایە زۆر شت بكرایە بۆ سلێمانی نەكراوە، گرنگترینیان پێشتر پەرلەمان بڕیاریدا، ملیارێك دینار تەرخانكرا بەڵام نەكراو تەنیا یەك ساڵ خەرجكرا، كە لەزۆر بواردا خەرجدەكرا بۆ بووژاندنەوەی بواری رۆشنبیری و كلتوری سلێمانی، بۆیە گرنگ بوو، بەڵام نەكرا.
هاوڵاتی: زۆرجار باس لەوە دەكرێت سلێمانی بووەتە گوندێكی گەورە بەراورد بەهەولێر؟
هۆشیار ئیسماعیل: سلێمانی لەچاو ئەو هەموو قوربانی و شۆڕشەكانی كە داویەتی و ئەو ئازایەتی و تێكۆشانی خەڵكەكەی، لەچاو ئەو هەموو شەهیدەی خەڵكەكەی زیاتری بۆ بكرایە، بەڵام سلێمانی ئێستاش دڵگیرە، شارێكە هەر كەسێك بێت، هەست بەئارامی دەكات لەناویدا، هەروەك گوندێكی گەورە، چونكە گوندیش ئێستا خۆشەو هەیە بۆ سەفەر و گەڕان دەچێت، ئەوەی ئێستا دێتە سلێمانی دڵخۆشە.
راستە دەبوایە زۆر زیاتری بۆ بكرایە، ئێمە پێمان خۆشە هەر شارێكی دیكەی كوردستان ئاوەدان بكرێتەوەو خزمەتگوزاری بۆ بكرێت، جا هەولێر بێت یان هەر شوێنێكی تر، بەڵام نەك لەسەر حسابی شاری سلێمانی بكرێت، ئێستاش زۆر خزمەتگوزاری هەیە لەسلێمانی هەیە لەهەولێر نیە بەتایبەت لەبواری خزمەتگوزاریی ئاوو ئاوەرڕۆدا هەولێر زۆر لەدواوەیە، ئەوەتا بینیمان بەلافاوێك چی لێهات.
هاوڵاتی: وەزیری دارایی و ئابووری كە لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە لەناو حكومەت، سلێمانی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنە لەكاتی خۆیدا؟
هۆشیار ئیسماعیل: ئێمە زۆر پێمان سەیرەو جێگەی سەرسوڕمانە، چونكە ئەو شتانە قسە نیەو پێویستی بەداتایە، چونكە هەموو داهاتەكان دەگەڕێتەوەو بەداتا لەبەر دەستیدایە، بەڵام كە بێت و بەگریمانە وەریبگرین، داهاتی سلێمانی 100 ملیارەو ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت، ئایا حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو 100 ملیارە پەكی كەوتووە، با بایی ئەو 100 ملیارە موچە دابەش نەكات، بەڵام مەعقولە هیچ وەزارەتێك دابەش ناكات و دەیبەستێتەوە بە داهاتی سلێمانییەوە.
نەك هەموو وەزارەتەكان راگرێت و كە 200 ملیارەكە هات هەمووی دابەش بكات، چونكە داهاتی سلێمانی ئەوەندە نیە كە لێكی بەینەوە لەبەرامبەر داهاتی نەوتی هەرێمدا كەنرخی نەوت لەئێستادا بووەتە 80 دۆلار بەرەو سەر، موچەش هەروەك ئەوكاتە دابەشدەكرێت كە نرخی نەوت بە 50 دۆلارو 55 دۆلار بووە، هیوادارم وەزیری دارایی وەڵامی ئەوە بداتەوە، ئەو جیاوازیە زۆرەی پارەی نەوت چی بەسەر دێت؟.
هاوڵاتی: سەرمایەداران و وەبەرهێنەران گلەیی ئەوە دەكەن رۆتینات زۆرەو كارەكان لەبەڕێوەبەرایەتییەكاندا سست دەڕوات؟
هۆشیار ئیسماعیل: بەڵێ ئێمەش دەزانین و ناڕازین كە رۆتیناتی زۆر هەیە، بەڵام ئەوە تەنیا لەسلێمانی نیە و لەهەولێرو لەهەموو شوێنیك هەیە، كاك قوباد زۆر هاوكارە هەم بۆ سەرمایەداران و هەم وەبەرهێنەرانیش، كارئاسانییان بۆ دەكات و هاوكاریانە، ئەو رۆتیناتە هەر هەیەو لەهەوڵی ئەوەدایە كەمی بكاتەوە و نەیهێڵێت ئەوەش بەتەنیا كاك قوباد لێی بەرپرس نیە، چونكە چەندین ساڵە هەر هەبوووە و ئاوا هاتووە و بەردەوام بووە.
بێگومان شتێكیش كە بە خەڵەتی دێت كاتی دەوێت تا چاكدەكرێتەوە، بابەتی قۆرخكاریش لەهەموو كوردستان و لەهەموو عێراقیش هەیەو بەردەوام كاری ئێمەش بۆ ئەوە بووەو بەردەوام وتوومانە هەر وەبەرهێنەرێك یان سەرمایەدارێك یان هەر كەسێك بینی لە بەڕێوەبەرایەتیەكدا بینایەك كە بەتەواوی قۆرخكاری دروست بووە، یان بەرتیلە، ئێمە ئاگادار بكەنەوە بەپێی یاساو رێنماییەكان و هەر شتێك بكەوێتە سەرشانی ئێمە وەك ئەنجومەن هاوكاردەبین لەڕووی دادگاو حكومەت و هەر لایەنێكەوە بێت.
هاوڵاتی: گۆڕانكاری لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی گەیشتووە بەچی كە باس لەگۆڕانكاری چەند بەڕێوەبەرایەتییەك دەكرێت؟
هۆشیار ئیسماعیل: هەر گۆڕانكاریەك بكرێت دەبێت سیڤی و ناوی كەسەكان بێتە لای ئێمەو لە رێگەی ئێمەوە دەكرێت و بەرزبدەكرێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیەكان و بۆ وەزارەتەكان و بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تائێستا هیچ شتێك بەفەرمی نەهاتووە بۆ ئێمەو هیچ گۆڕانكارییەك بڕیاری لەسەر نەدراوە.
هاوڵاتی: پێتانوایە كابینەی نۆیەم بەرپرسیارە لەخزمەتنەكردنی سلێمانی؟
هۆشیار ئیسماعیل: كابینەی نۆیەم واتە هەرسێ لایەنەكە تێیدا بەشدارن، بەڵام داواكاری كوردستان هەمووی یان سلێمانی كە جێبەجێنەكراوە بەرپرسیارێتی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی پارتی كە ئەو جێبەجێی نەكردووە، چونكە لەئەساسیەتەكانی حوكمڕانی لەدەست پارتیدایە و ئەو لایەنانەی پەیوەندی بەداراییەوە هەیە هەمووی لەئەستۆی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدایە كە پارتین، چونكە ئێمە نووسراو دەكەین بۆ بڕە پارەیەكی زۆر كەم، دەبێت لەئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لەسەربدرێت، لایەنەكانی تریش هەریەكەیان بەپێی حەجمی خۆیان بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەرشان، كە داواكارییەكان جێبەجێبكرایە، ئەم هەموو كۆچە و رۆیشتنی گەنجان نەدەبوو، تەنیا هەندێك داواكاری كەم جێبەجێكراوە كە لەئاست پێویستدا نەبووە.
هاوڵاتی: مام جەلال بەردەوام شاری سلێمانی بەشارە حەیاتەكە ناو دەبرد، ئایا ئەم شارە بەشارە حەیاتەکە ماوە؟
هۆشیار ئیسماعیل: هەموو كات مانای شارە حەیاتەكە ماوەو دەمێنێت لە بیرو هزری ئێمەداو لەدڵ و سینەماندایە، بەڵام هیوادارم بتوانین خزمەتێك بكەین بەسلێمانی كە ئەو خەڵكەی لێشمان تۆراوە ئاشتیان بكەینەوەو خزمەتێك بەخەڵكەكەی و بەشارە حەیاتەكە بكەین.