دەیان جاش و مستەشار بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە مووچە لەحكومەتی هەرێم وەردەگرن
جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان ئاماژە بەوە دەدات كە سكاڵایان لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار كردووەو یاسایەك كە لەپەرلەمان دەرچووە و سەرۆكی هەرێم واژۆی كردووە جێبەجێی ناكەن، دەشڵێت:» دەیان مستەشارو جاش بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە مووچە لەحكومەت وەردەگرن».
جەمیل هەورامی، سەرۆكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژە بەوە دەدات كە پێیان دەڵێن ئێوە مووچەتان هەبووە لەشاخ دێن پارە لەپێشمەرگەی دێرین وەردەگرنەوە.
هەروەها ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە دەیان جار بەڵێنیان پێدراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بەڵام جێبەجێ نەكراوە» مەسعود بارزانی كە سەرۆكی هەرێم بووە بینیومانە، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی قسەمان كردووەو بەڵێن دراوە جێبەجێ نەكراوە».
هاوڵاتی: وەك پێشمەرگە دێرینەكان سكاڵاتان لە دادگای كارگێڕی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار كردووە، هۆكاری سكاڵاكە چییە؟
جەمیل هەورامی: دوێنێ سێشەممە سكاڵامان لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووەو ناردوومانە بۆ دادگای ئیداری، بەناوی منەوە وەك سەرۆكی پێشمەرگە دێرینەكان.
لەسكاڵاكەدا باسی یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007 كراوە كە پەرلەمان دەریكردووە ئەوكات لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە واژۆ كراوە، نووسراوە ئەم یاسایە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەكرێت.
ئێمە تاساڵی 2011 چاوەڕێمان كرد وەكو كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان هەر جێبەجێ نەكرا، ئەوكات لەگەڵ خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال قسەمان كرد لەگەڵ چەندین كەسی دیكە قسە كرا بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت.
گەورەترین گرفت لەو یاسایەدا لەماددەی 10 بڕگەی دووەم ئاماژە بەوە كراوە كە ساڵێك خەباتی شاخ بەدوو ساڵ هەژمار دەكرێت، ئێستا ئەوەیان جێبەجێ نەكردووە و وەكو عەسكەرو جەیش شەعبییەك، لەگەڵ ئەوەشدا دێن پارەت لێ وەردەگرن، بۆ نموونە دەڵێن 10 ساڵ پێشمەرگە بوویت مووچەت هەبووە دەبێت پارەی ئیستحقاقی خانەنشینیت بدەیت، پێشمەرگە كوا معاشی هەبووە هەمووی خۆبەش بووە مووچەی چی؟ ئێستا وامان پێ دەڵێن، پێشمەرگە هەبووە پێنج ملیۆن دیناریان لێوەرگرتووە هی سەردەمی شاخ، ئەم حكومەتە لێمان تێناگات.
حكومەتی هەرێم دەڵێن یاسای خانەنشینیمان لەبەردەمدایە، پێیان نەوتووین پێشمەرگە لەشاخ مووچەی نەبووە و هیچ رێنماییەك و بڕیارێك لەوبارەیەوە بۆ ئێمە نەهاتووە، لەكاتێكدا هەموو كەس دەزانێت پێشمەرگە مووچەی نەبووە لە شاخ.
ئەوەی لەبەرژەوەندی پێشمەرگە دێرینەكاندایە كە لەیاساكەدا هەیە، حكومەتی هەرێم گشتاندنی بۆ وەزارەتەكان و دائیرەكان نەكردووە.
هاوڵاتی: ئایا لەناو لیستی پێشمەرگە دێرینەكاندا هێشتا جاش و موستەشار هەیە مووچە وەربگرێت؟
جەمیل هەورامی: بەڵێ ئەوە ئێمە حەوت ساڵە داوا دەكەین ئەو لیستە پاك بكرێتەوە، دەیان جاش و موستەشار لەناو لیستی پێشمەرگە دێرینەكاندا بە پلەی ئامر لیواو پلەی بەرز خانەنشین كراون و پاسەوانیشیان هەیە.
پێشمەرگەی دێرین هەبووە هاتووەتە لام دەڵێت ئەگەر لەبەر بژێویی ماڵ و مناڵەكەم نەبێت مووچەی پێشمەرگە دێرینەكان وەرناگرم، ناكرێت لەگەڵ ئێمەدا جاش و موستەشار مووچە وەربگرن، موستەشار هەیە لە ئەنفالی یەك و دوو سێ رۆڵی هەبووە لەدادگای تاوانەكانی عێراق ناویان هاتووە، ئێستا بەپلەی لیوا خانەنشین كراون و خانوویان پێداون و ئوتومبێلیشیان هەیە.
هەریەك لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان، حزبی شیوعی، كۆمەڵی دادگەری، سۆشیالیست، زەحمەتكێشان، گۆڕان) 13 هەزارو 100 كەسمان خانەنشین كراون، كە ئێمە لێی بەرپرس بین، لەو ژمارەیە شەش هەزاریان لە شۆڕشی ئەیلول لە مەلایی و جەلالی، واتا لەساڵی 1961 تا 1991 بەو هەموو حزبە ئەوانەمان خانەنشین كراوە.
بەشەش حزب 13 هەزار خانەنشینمان هەیە، با پارتیش بەتەنها 13 هەزاری هەبێت ئەوە دەكاتە 26 هەزار خانەنشینی پێشمەرگەی دێرین بەڵام ئێستا بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە 70هەزار كەس مووچە وەردەگرێت
هاوڵاتی: واتا ژمارەی پێشمەرگە دێرینەكان بەگشتی چەند كەسن؟
جەمیل هەورامی: بەشەش حزب تەنها 13 هەزارو 100 خانەنشینمان هەیە، بەڵام ئێستا ژمارەی پێشمەرگە دێرینەكان 70 هەزار كەسە، بەڵام بەشێك لەو ژمارەیە پێشمەرگەی دوای راپەڕینی 1991 و خانەنشین كراون، چونكە بەپێی یاساكە 15 ساڵ خزمەتت هەبێت دەتوانیت خانەنشین ببیت.
واتا ئەوانەی لەوەزارەتی دارایی مووچەی پێشمەرگەی دێرین وەردەگرن، ئێستا ژمارەکە 70 هەزار كەس دەبێت.
ئێمە بەشەش حزب 13 هەزار خانەنشینمان هەیە، با پارتیش بەتەنها 13 هەزاری هەبێت ئەوە دەكاتە 26 هەزار خانەنشینی پێشمەرگەی دێرین، دەبێت پرسیار لەحكومەت بكرێت ئەو هەموو خانەنشینی پێشمەرگەی دێرینە چییە؟
هاوڵاتی: ئەو جاش و موستەشارانەی باست كرد لەناو ئەو شەش حزبەدان، یان لای پارتی تۆمار كراون؟
جەمیل هەورامی: لای شەش حزبەكە هیچ جاش و موستەشارێك بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشین نەكراوە، تەحەدا دەكەم لای ئێمە ئامر سرییەیەك و جاشێك خانەنشین نەكراوە، ناوی حزب نابەم شتەكە روونە و ئێستا لای حكومەتی هەرێم مووچە وەردەگرن.
هاوڵاتی: ئەگەر سكاڵاكەتان ئەنجامی نەبێت، چی دەكەن؟
جەمیل هەورامی: ئەگەر دادگا یەكلایی كردەوە ئێمە لەسەر حەقین ئەوكاتە بڕیاری دادگایە باوەڕی بە یاسا نییە كە لەپەرلەمان دەرچووەو سەرۆكی هەرێم پەسەندی كردووە، ئەوەتا ئەو حكومەتە ئیعتباری نامێنێت.
هاوڵاتی: ئایا باشتر نەبوو پێش سكاڵای یاسایی بەرپرسەكان ببینن بۆ چارەسەری كێشەكانتان؟
جەمیل هەورامی: ئێمە ئەوكاتەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووە بینیومانە، كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك قوباد تاڵەبانیمان بینیوە، كاك قوباد هاتووە بۆ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكان و قسەمان كردووەو هەموو ئەندامانی باڵای پێشمەرگە دێرینەكانی لێبووە و وەعدیان پێداین و جێبەجێیان نەكردووە، بۆیە پەنامان بردووەتە بەردەم دادگا بۆ چارەسەری كێشەكەمان.
لەدوای دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمەوە چەندین جار لە رێگەی زیرەك كەمال، كە خۆی ئەندامی كۆمەڵەكەمانە و راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانە هەوڵمان داوە تا بەرپرسانی حكومەت ببینین، كاك جووتیار عادل پێی راگەیاندووین ئەم هەفتەیە بێتەوە كاك مەسرور دەبینن و چەند جارێك پەیوەندی كردووەو ئەم هەفتەو ئەم هەفتەیەیان پێ كردووین، تەنانەت پێش هەڵبژاردن بڕیاربوو بیانبینین، ئەوە تا ئێستا نەمانبینیوە.
لەم حكومەتە زوڵم لەخۆمان بكرێت كە بەخوێنی خۆمان دروستمان كردووە، ئێمە خەباتمان كردووە بۆ ئەوەی یاسا هەبێت، ئێستا ئەم حكومەتە غەدرمان لێ بكات، ئێمە ناچین بەرد بگرینە حكومەت و پۆلیس ئەزێت بدەین، چووین لە رێگەی یاساوە سكاڵامان كردووە تا حەقی خۆمان وەربگرینەوە، دیارە ئەم حكومەتە مەجالی نەبووە و كاتی نەبووە ئێمە ببینێت.