پەیوەندیی نێوان کوردو موقاوەمەتی ئێران لەئاوێنەی مێژوودا!
چاوخشانێک بەسەر پەیوەندیی بزاڤی کوردی و بزووتنەوەی سەراسەری لەئێران!
عبدولرەحمان گەوركی
3 ساڵ لەمەوپێش
عبدولرەحمان گەوركی
خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواکانی، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. دیکتاتۆری پەهلەوی هەرگیز دانی بەم مافانەدا نەنا و سەرکوتکەری گەلی کوردو شۆڕشگێڕانی کورد بوو. لەشەهیدکردنی قازی محەمەد و هاوڕێیانییەوە بۆ ئیسماعیل شەریفزادە و مەلا ئاوارە و... هتد. بە هاتنە سەرکاری خومەینی لەساڵی 1979دا پێشێلکارییەکانی مافەکانی کورد زیادی کرد. هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی ئازادییەکان لەسەرتاسەری ئێران، خومەینی فتوای دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد کە لەئەنجامدا کورد لە گوندو شارۆچکەکانی کوردستان کۆمەڵکوژ کرا. بۆ رووخاندنی رژێمی پاشایەتیی محەمەد ڕەزاشاه پەهلەوی، خەڵکی کوردستان هەروەک ناوچەکانی دیکەی ئێران هەستان بەڕاپەڕین. بەڵام بەهاری ئازادی لەکوردستان زۆر زوو کۆتایی هات. هێشتا مانگێک بەسەر سەرکەوتنی گەل بەسەر شادا تێنەپەڕیبوو کە هێرشی خومەینی بۆ سەر کوردستان لە ئازاری 1979 دەستی پێکرد. لەکاتێکدا کە بەقۆستنەوەی هەستی ئایینی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران، هێرشی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەستی پێکردبوو، خومەینی لە رۆژی 19ی ئابی 1979 فەرمانی جیهادی دژ بەکورد دەرکرد. ئەوە بوو کە بینیمان چۆن و چەند کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کوردستان لەلایەن پاسدارانی رژێمەوە ئەنجامدرا. ئەمانە جگە لەدەستگیرکردن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و تاڵانکردنە کە تائەمڕۆ بەردەوامە. هەژاری و بێکاری و گرانی و دیاردە کۆمەڵایەتیەکانی تر لەکوردستانی ئێران لەوپەڕی خۆیدایە. هەموومان لەم ساڵانەی دواییداو لەناوچە سنوورییەکان رۆژانە شاهیدی کوشتنی کۆڵبەران بووین. هێرشی زەمینی و مووشەکی و ئاسمانی و هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەئێستایشەوە. تائێستا سەدان کوردی ئێرانی لە ەرێمی کوردستان لە ایەن تیرۆریستانی هێزی تیرۆریستیی قودسی سەر بەسوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە شەهید کراون. لەگەڵ ئەوانەشدا، بەردەوام ڕژێمی ئێران گوشاری خستۆتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەهەرێمی کوردستان دەربکات. کارنامەی ڕژێمی ئێران لەمەڕ مافەکانی خەڵک و بەتایبەتی مافی خەڵکی کوردستانی ئێران ئەوە نیشان دەدات کەدەسەڵاتی ئایینی لەئێران نە دەتوانێت و نە دەیەوێت وەڵامی ئەرێنی بداتەوە بە پرسی نەتەوەکان لەئێران. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەدرۆ خۆی بە دۆستی پارچەکانی دیکەی کوردستانی ئێران دەردەخات. بەڵام ئەمە راست نیە. ئەم رژێمە لە کاتێکدا بە درۆ باس لەدانوستان دەکات، هۆکاری سەرەکییە لەزیانی قورسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بۆ سەر پارچەکانی دیکەی کوردستان لە ناوچەکەدا. هەموومان لەبیرمانە کە چۆن ئەم رژێمە زۆر جار سنووری نێودەوڵەتی نێوان ئێران و عێراقی بەزاندووە بە جلوبەرگی کوردی و کەلتوری کوردییەوە بۆ نەهێشتنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی خۆی لەسەر خاکی عێراق. تیرۆرکردنی دوو سکرتێری گشتی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر مێزی دانوستان، روونترین بەڵگەی بێباوەڕی رژێمە بە دانوستان و چارەسەر پرسەکانە و لەوانە پرسی کورد بەهێمنی و بە رێگەی دانوستان کح ئەگەر رژێم باوەڕی بەدانوستان و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکانی ئێران بووایە، ساڵانی سەرەتای هاتنە سەرکاری، باشترین کات بوو. چون هەرگیز خەڵک و نەیارانی ئەم رژێمە خۆازیاری ئەوە نەبوون دەست بۆ چەک بەرن. چونکە هیچ کەس و هیچ لایەنێکی سیاسیی راستەقینە، دەستپێکەری شەڕ نەبووە و پێشوازی لەشەڕ ناکات. شەڕ کاتێک رەوایە کە دەسەڵاتی سەرکوتکەر بەسەر کۆمەڵیدا سەپاندبێت! هەموومان دەزانین لەکوردستانی ئێران پرسێکی مێژوویی هەبووە بە ئێستایشەوە. ئەویش مافی رەوای خەڵکی کوردستانە، کە جگە لەمافە گشتییەکانی گەلانی ئێرانە، کەسرووشتی رژێمی ئێران لە گەڵیدا ناتەبایە و یەکناگرنەوە. خەڵکی کوردستان بەشێکن لەگەلی ئێران کە هەروەک ئەوانیتر بەشدارییان دەکرد لەڕووخاندنی رژێمی حەمەرەزاشای پەهلەوی و چاوەڕوانی ئەوە بوون کە ماف و داواکارییەکانیان بەدەستبهێنن. چاوەڕوانییان لە روخاندنی رژێمی پاشایەتی ئەوە بوو کە ستەمی نەتەوەیی و ئایینی لەکوردستان نەمێنێت. بەڵام بەهۆی تاوان و سیاسەت و بەرنامەی سەرکوتکارانەی خومەینی و پاشماوەکانی، ئەم ماف و داخوازییانە هەرگیز جێبەجێ نەکراوان. چونکە ئەم رژێمە دژی خەڵک و دژی مافەکانیانە. خومەینی دوای دزینی سەرکردایەتی راپەڕینی گەلی ئێران، لەکوردستانی ئێران دەستبەجێ بەسەرکوت و کوشتن خۆی دەرخست. چونکە بە نیازبوو ئەوەی بیەوێت بیکات. خومەینی و هاوبیرانی خومەینی، کوشتن و تاڵانکردنی نەیاران و جیابیرانیان بەشەرعی و رەوا دەزانی. چونکە ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە شەرعییەتی خۆیان و رژێمەکەیان لە خوا وەربگرن و بڵێن رژێمەکەیان رژێمێکی خودایی و پیرۆزە. هەربۆیە هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی ئازادییەکان لە کۆمەڵگادا، خومەینی و رژێمەکەی لە دژی گەلی ئێران وەستانەوە، کە بەر لەهەر شتێک، ناسەقامگیریی رژێمەکەیان بۆ مایەوە . بۆیە خەڵکی کوردستانی ئێران وەک خەڵکی سەرانسەری ئێران بەخێرایی بۆیان دەرکەوت کە دەبێت ئەم راپەڕین و شۆڕشە بەردەوام بێت بەوەستانەوە بەرامبەر بە رژێمی مەزهەبیی دەسەڵاتدار، بۆ ئەوەی بە یەکجاری دیکتاتۆری لەخاکەکەیان بسڕنەوە. ئەمە رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژووییە لەنێوان گەلی ئێران و رژێمە سەرکوتکەرەکان کە موجاهیدین و موقاوەمەتی ئێران هەڵقوڵاوی لەو توانا گەورەیەیەن کە لەکۆمەڵگادا هەیە . بە هەڵکەوت نییە کە لەسەروی دروشم و داخوازییە سەرەکیەکانی خەڵک لەڕاپەڕینە مەزنەکانیاندا لەساڵانی 2017 و 2019دا، هەروەک لەناڕەزایەتی دەربڕینی جۆراوجۆریاندا، رووخاندن و نەهێشتنی ئەم رژێمە دووپات دەکرێتەوە.ئەو راستییەی کە ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر دەدرەوشێتەوە ئەوەیە کە «تا ئەو رژێمە لەسەر کار بێت، هەرگیز مافی گەلی ئێران و لەوانە مافەکانی کورد مسۆگەر نابێت. هەر لەسەرەتاوە موقاومەتی ئێران و موجاهیدینی خەلق (PMOI) لەپێناو دابینکردنی ماف و داخوازییەکانی گەل لە سەرانسەری ئێران و لەوانە مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، هەنگاویان ناوەتە گۆڕەپانی خەبات و بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە رژێم. گەلێکی ستەملێکراو کە بەدووقات لە لایەن دوو رژێمی دیکتاتۆریی شاو خومەینییەوە لەژێر ئازارو ستەمدا بوون. هەڵوێستەکانی ئەم سازمانە لە پەیوەند لەگەڵ پرسە خێراو پێویستەکانی کۆمەڵگا و لەوانە پرسی مافەکانی نەتەوەکان و هەروەها باکگراوند و مێژوو و پێگەی ئەم سازمانە لەگۆڕەپانی سیاسیی ئێراندا، هەر لەمانگەکانی سەرەتاو ساڵانی دوای رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی شا، متمانەی بەرفراوانی کۆمەڵگایەکی بەرەو خۆی راکێشا. هەموو لایەکمان ئەوەمان لەبیرە کە لە یەکەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، کەوتنی شا لەزستانی 1979دا، موجاهیدینی خەلق، بەڕێز (مەسعود ڕەجەوی)یان بەکاندید راگەیاند. ئەو پشتیوانییە بەربڵاوەی خەڵک لەسەرانسەری ئێران بە خەڵکی کوردستانی ئێرانیشەوە بەهەموو لایەنە سیاسییەکانییەوە، خومەینی هێندە تۆقانی کە بە پێچەوانەی بەڵێنە درۆکانی خۆی خۆی، بەشەخسی دەستێوەردانی هەڵبژاردنەکەی کرد و فەرمانی لادانی کاندیدکردنی بەڕێز رەجەویی دەرکرد. ئەم بڕیارو دوژمنایەتییەی خومەینی بەرامبەر بەمافەکانی گەل، هەرگیز نەیتوانی کاریگەری لەسەر پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان موجاهیدینی خەلق و خەڵکی ئێران و کوردستان هەبێت. دوای دەستپێکردنی وەرچەرخانی 20ی حوزەیرانی 1981و وەرزێکی نوێ و دوای راگەیاندنی (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران لەلایەن بەڕێز (مەسعود رەجەوی)یەوە لەتاران، ئەم پەیوەندییە قوڵتر خۆی دەرخست و خەڵکی کوردستان بە باوەشی کراوەەوە پێشوازیی لەهێزەکانی موجاهیدینی خەلقی لەکوردستان کرد. لەگەرماوگەرمی پەیوەندییەکی وەهادا بوو کە لە رۆژی 8ی نۆڤەمبەری 1983دا ئەنجومەنی نیشتمانی موقاوەمەتی ئێران، گەڵاڵەیەکی پەسند کرد لەمەڕ (خودموختاری بۆ کوردستان). بیرمان نەچێت کە سەرکەوتنێکی وەها مەزن و درەوشاوە لەم ئەنجومەنەدا، کە تا ئەمڕۆ جێی شانازیی هەموو مرۆڤێکی ئازاد لەئێران و کوردستانە، تەنیا بەهەوڵی ماندوویی نەناسانەی بەڕێز مەسعود رەجەوی لەم ئەنجومەنەدا بەدەستهاتووە. چونکە ئەوە کارێکی زۆر قورس و تا رادەیەک (غەیرە مومکین) بوو. چونکە لەو چەند ساڵەدا ئەنجومەنەکە کەسێکی ئەندام بوو کە لەلایەن خومەینیەوە لادرا کە خۆی بە «سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو!» دەزانی! و هاوبیرو هاوتەریبی خومەینی بوو سەبارەت بەمافەکانی خەڵکی کوردستان. بۆیە گەڵاڵەی ئەنجومەن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کوردستانی ئێران گەڵاڵەیەک بووە کە لەمێژووی ئێران و ناوچەکەدا بێ هاوتا بوو. چونکە چوونە ناو کێشەی کوردە> کاری هیچ کەسێک نییە جگە لە موقاوەمەتی ئێران. لەگردبوونەوەیەکی گەورەی موقاوەمەتی ئێران لەشاری (ڤیلپەنت)ی پاریس، لە رۆژی 30ی حوزەیرانی 2018، خاتوو مریەم رەجەوی ڕایگەیاند: «ئێمە بانگەشەی کۆمەڵگایەک دەکەین کە بەردی بناغەی لەسەر ئازادی و دیموکراسی و یەکسانییە. ئێمەو بەرگری دەکەین یەکسانبوونی ژن و پیاو، جیابوونەوەی دین و دەوڵەت، خودموختاری و ئۆتۆنۆمیی نەتەوەکان، یەکسانبوونی مافە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەموو گەلی ئێران، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ئازادی رادەربڕین، ئازادی حزب، و رۆژنامە و میدیا و کۆبوونەوەکان، داکۆکی دەکەین کە ئازادبوونی یەکێتی و ئەنجومەن و سەندیکاکان». خاتوو رەجەوی گوتیشی: «ئەو گەڵاڵەیە، واتا گەڵاڵەی خودموختاری بۆ کوردستان، کە لە 12 ماددەدا لە ئەنجومەنی نیشتمانی موقاوەمەتی ئێران پەسەندکراوە، هێشتایش یەکێکە لەگشتگیرترین مۆدێلە جیهانییەکان». هەربۆیە هەمیشە موجاهیدینی خەلق و موقاوەمەتی ئێران پشتیوانی مافەکانی خەڵکی کوردستانی ئێرانن لەئێرانی ئازادی دواڕۆژدا و ئەم مافانە مسۆگەرن بەلایانەوە.