کــۆچ وەک چــارەســەر

سامان وەستا بەكر

2 هەفتە لەمەوپێش



سامان وەستا بەكر

کۆچ:

کۆچ گواستەوەی رەوانی مرۆڤە لەشوێنێکەوە کە خەونەکانی تیابەدی نەهێناوە بەرەو شوێنێک کە پێشتر بەڕۆح بۆی رۆشتووە بۆ بەدەستهێنانی هەمان خەون پێش گواستنەوەی فیزیکی جەستە.

کۆچ ناڕەزای مرۆڤ نیە لەهۆکارێک یان زیاتر بەڵکو پرۆتێستە لەکۆی سیستمی ئابوری، کۆمەڵایەتی، ئیداری و سیاسی.

کۆچ رووخانی پایەکانی مرۆڤە لەسەر زەوی باوباپیران و دروستکردنەوەیەتی لەسەر خاکی بێگانەکان.

کۆچ ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ بەتاڵ ئەبێتەوە لە هیوا، ئەو ساتەیە کە بڕیاری دابڕانی تیا دەدا، ئەو رۆژەیە کە روو دەکاتە نادیار.

کۆچ لەدەستدانی ماتمانەی مرۆڤەکانە بەئێستاو داهاتوو لەشوێنێکی دیاریکراو، گەڕانیشە بەدوای شوێنێکدا بۆ ئێستاو داهاتوو.

کۆچ بێئومێدی مرۆڤەکانە لە ئایندە، دڵشکانیانە لە دادوەری، ناڕەزاییانە لە سەرۆکەکان، بێزاربوونیانە لە بەڕێوەبردن، ساردبوونەوەیانە لە نیشتمان، نامۆبوونیانە بە خاک، شەرمکردنیانە لە ناسنامە، دابڕانیانە لە داهاتوو، نەفرەتکردنە لە نایەکسانی.

کۆچ تەنگپێهەڵچنینە لەجوگرافیایەک کە مێژووی رەچەڵەکی مرۆڤێکی تیا نووسراوەتەوە، بەرەو جوگرافیایەک کە لەخاڵی سەرەتا و لەسفرەوە بینووسێتەوە و بیناسێنێ و بیسەلمێنێ.

کۆچ دیاریەیەکە لە دروستبوونی مرۆڤەوە بوونی هەبووە، جا خۆیست بووبێت یان بەزۆرەملێ، بەڵام کۆچی ناچاری دیاردەیەکی نوێیە کە سیاسی و کەسانی دەسەڵاتدار مرۆڤەکان ناڕاستەوخۆ ناچارئەکەن و هانیان دەدەن کە وڵات و زێد و ماڵ و مێژووەکەیان جێبهێڵن، ئەویش لەڕێی دروستکردنی جیاوازی چینایەتی، کە کەمینەیەکی وڵات دەبێتە دەرەبەگ و زۆرینەکەش بە مسکێن، بەجۆرێک کە درەبەگ نەک تەنها زەوی و سامانی گشتی وڵات بۆ خۆی دەبات، بەڵکو بەری رەنج و ماندووبوونیش بە زۆرینە رەوانابینێ، هەمیشە لەهەوڵی بەدەستهێنانی زیاترایە تا کارئەگاتە ئەوەی کە زۆرینە هەست بەنامۆ بوون، چەوسانەوە، زوڵم و ستەم بکات و بەشێکی بیر لەکۆچ بکاتەوە، ئەو بەشەشی کە دەمێننەوە بیر لە دوو شت دەکەنەوە «راپەڕین و کۆچ»، هەرێمی کوردستان بە نموونە.

زۆرینەی کۆچبەر ئەگەر کزترین تروسکایی لە ئاسۆی وڵاتی خۆیدا بەدیبکات ئەوا بە هەموو رۆشنایی جیهانی ناگۆڕێتەوە.

مرۆڤی کۆچکەر ئەو کەسەیە نە لەسەر خاکی خۆی بواری ژیانی هەیە و نەئەشتوانێ لە تاراوگە ئۆقرە بگرێ، ئەو کەسەیە کۆتایی هەموو رۆژێ ئومێدەخوازێ ئەو رۆژە دواڕۆژی بێ لە غوربەت، ترسی ئەوەی هەیە لەسەر خاکی غەریبی چاولێکبنێت.

بۆچی کۆچ:

خەڵک لەدەست حکومەتێکی دەست پیسەوە  بۆ دەستی ئۆپۆزسیۆنێکی ساختەچی رادەکەن.

خەڵک لەدەست بازرگانی سیاسی گەندەڵ و خۆسەپێن بۆ دەست سیاسی تازە هەڵتۆقیوی قەرزارو قەزەم رادەکەن.

خەڵک چۆن کۆچ ناکەن کە  زیاتر لە سی ساڵە باجی چەند ساڵێکی بەناو خەباتی شاخی بەشێک لەسیاسیە بازرگانەکان دەداتەوە، بەشێکیشیان بەرهەمی بەناو خەباتی باوک و باپیریان دەخۆن، بوونەتە هۆکاری پێگەیاندن و دروست بوونی بەناو ئۆپۆزسیۆنێک کە گڕوگاڵ بەدزی ساختەچێتی و گاگۆڵکێ بەرەو کۆڵانە نادیارو تاریکەکانی پارەی دزراوی میلەت بکات.

ئێستاش ڕەوشتی ڕامیاری و کۆمەڵایەتیان گەشتۆتە ئاستێک کە یەکتری ژەهر خوارد بکەن، تا تەمەنی گەندەڵی و دزی و خۆسەپێنی و ژیانی شاهانەیەن لەسەر شانی خەڵکی مافخوراو درێژە پێبەن.

کە ئەمە ڕەوشتی نوخبەی سیاسی میلەتێکبێت بێگومان خەڵکی متمانەی نامێنی و لە شوێنێکی تر بەدوای ژیاندا دەگەڕێ، کە دڵنیابێ لە خواردنەوەی قومێ ئاو یان پارویەک نان بەدڵنیایی و بەبێ ترس.

خەڵک چۆن کۆچ نەکەن کاتێ بەشێک لە سیاسیەکان هێندەی پێشکەشکارێکی هەواڵی ڕۆژانەی  تێڤییەکان لە میدیا جیاوازەکانەوە دەردەکەون و باس لە چەمکەکانی دیموکراسی ودادپەروەری و یەکسانی دەکەن،   کەچی کاتێ دوای «ژەهر» خوارد کردن لەباشترین نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا چارەسەر وەرەگرن بە فرۆکەی تایبەت دەگەڕێنەوە کەچی  لە یەکەم قسەیدا دەڵێ» بەردەوام دەبم لەدژایەتی کردنی گەندەڵی»، خەڵکێکی زۆری قەزایەک بە چەندین پاس دەگوێزنەوە بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ پێشوازی تا بڵێن تا ئێستاش خەڵکمان لەگەڵە، هەموو ئەمانەش بەپارەی دزراوی میللەت.

کاتێک لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و ناوەڕاست و باشوری عێراق مووچە لەکاتی خۆیدا وەرەگیرێ، مووچەی فەرمانبەرێکی ئەو ناوچانە زیاتربێ لە هاوتاکەی لەهەرێم، لیتری بەنزین لەو ناوچانە ٤٥٠ دیناربێ بەڵام لەهەرێم دووقات بێ ئیتر ئەمانە هەمووی هۆکارن بۆ بێئومێد بوون.

کۆچی چوگرافی یان ئابوری؟

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو ماڵبات پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی کەنەدا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئینگلتەرا، یابان، سەنگافورە، نیوزلەند، ئەسکەندەنافیا.هتد وڵاتەکانیان بەجێناهێڵن؟

بێگومان وەڵامی زۆرینە ئەوە ئەبێ کە لەو وڵاتانەتا دیموکراسی و مافی رادەربڕینی ئازاد هەیە.

لە ڕاستیا ئەمە نیوەی وەڵامەکەیە بەڵام نیوەکەی تری کە گرنگترە ئەوەیە کە خەڵکی ژیانێکی شایستەی بۆ فەراهم کراوە، سکی تێرە، مووچە لەکاتی خۆیا وەردەگرێ و خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، جیاوازی چینایەتی لە نزمترین ئاستدایە.

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو ماڵبات پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی ئیمارات، قەتەر، بەحرەین، سعودیە، عومان و کوێت وڵاتی خۆیان بەجێناهێڵن، لەکاتێکدا سیستمی سیاسی ئەم وڵاتانە دیکتاتۆریەو لەلایەن ماڵبات و خێزانە خۆسەپێنەکانەوە بەڕێوەدەبرێن؟

ڕاستە لەم وڵاتانە مافی ئازادی دەربڕین و سیاسی لە قاڵبدراوە کەچی خەڵکەکەی کۆچ ناکەن، بەڵکو لەبری کۆچ ساڵانە چەند گەشتێک دەکەن بۆ هەڵمژینی هەناسەیەکی ئازادی و دەگەڕێنەوە وڵات و ماڵی خۆیان هۆکاری ئەمەش تەنها یەک خاڵی جەوهەریە ئەویش “گیرفانی پڕ”ە.

ئایا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران و هەردوو ماڵبات پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆچی خەڵکی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئەمریکای باشور و بەشێک لە ئاسیا وڵاتەکانیان بەجێدەهێڵن لە کاتێکدا دیموکراسی و مافی ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی بوونی هەیە؟

ئەمجارەشیان هۆکارەکەی هەر ئابوریە، خەڵکی ئەم وڵاتانە وێڕای بوونی دیموکراسی بەڵام بەهۆکاری بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەتر و بژێویەکی باشتر بۆ ژیان کۆچ دەکەن.

ئاخر مرۆڤ لەگەڵ هەموو شتێکا هەڵەبکا بەڵام دەرەقەتی برسێتی نایەت، دایکان و باوکان هەست بە نەنگی دەکەن کاتێک کارێکی زۆردەکەن بەڵام ناتوانن پێداویستی مناڵەکانیان دابین بکەن.

گەنجەکان هەست بەدابڕان لە ژیان دەکەن لەکاتێکدا نەک توانای گەشت و گەڕانیان نیە بەڵکو شانسی هەلی کاریشیان نیە.

فێرخوازان هەست بە دۆڕان دەکەن کاتێک دەبینن هاوڕێکانیان ٩٩ لە ١٠٠ لەتاقیکردنەوەی کۆتاییدا دەهێنن و لە هیچ زانکۆیەک ناویان نایەتەوە ، کە ئەمە دەکرێ یەکێک بێ لە بەهێزترین و ترسناکترین هۆکار بۆ پاشەکشێی وڵات لە و ڕەوڕەوەی گەشەکردن و زانست.

گرنگە دەسەڵاتدار ئەوە بزانێ کە تەنیا ئازادی و دیموکرسی سک تێر ناکات و بەس نیە، لەکاتێکدا ئەم دوو چەمکە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاری جدیدایە، بەڵکو ئەوەی مرۆڤ بەخاک و نیشتمانەوە دەبەستێتەوە سکی تێرە، پاشان دیموکراسی و هاوتایی و یەکسانی و هەموو چەمکەکانی تر، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەم ئازادی سیاسی و کاری میدیایی لەژێر هەڕەشەی جدیدایە هەم برسێتیش لە هەڵکشاندایە.

مرۆڤ کاتێ برسیبێت تەنها بیر لە خواردن دەکاتەوە، کاتێک کە تێریش بێت بیر لە دادپەروەری دەکاتەوە.

ئێستا پرسیارە جدییەکە ئەوەیە لە دەسەڵات و هەردوو ماڵباتی خۆسەپێنی هەرێم و ئۆپۆزسیۆنە ساختەچییەکەش، ئایا بە بەرنامە خەڵک برسی دەکەن تا بیر لە دادپەروەری و یەکسانی و دیموکراسی نەکەنەوە؟

دەسەڵات و کۆچ

دەسەڵاتی هەرێم لەڕێی وتەبێژەکەیەوە سوکایەتی بە کۆچبەران دەکات و خۆی لە بەرپرسیارییەتی دەدزێتەوە.

وتەبێژەکەی دەسەڵات دەڵێ بەشێکی کۆچبەران خەڵکی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ن، بەشێکیش خەڵکی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی «پ.ک.ک»ن و بەشێکیشیان خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجەن، بەواتایەکی تر مەبەستێتی بڵێ خەڵکی هەولێر و بادینان کۆچ ناکەن و ڕازیین بەوەی کە هەیە.

خۆ ئەگەر دابەزینە ئاستی بیرکردنەوەی وتەبێژەکەی دەسەڵات، ئەوا عوزر لە قەباعەت خراپتر

١. حکومەت نابێ جیاوازی لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی ترا بکات.

٢. دەبێ ماف و خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنێک بە هاوتایی و یەکسانی دابین بکات.

٣. حکومەتی رەشید دەبێ خۆی بە بەرپرس و باوکی کۆی هاووڵاتیان بزانێ نەک بەهۆکاری ئینتمای سیاسی پۆڵێنیان بکات.

٤. حکومەت نابێ خۆی بدزێتەوە لە چارەسەرو ئەستۆپاکی بکات لەبەرپرسیاریەتی.

حکومەت کاتێ خۆی دانی پیادەنێ کە کۆچبەران خەڵکی زۆنی زەردنین، واتە ڕاستەوخۆ دانی پیادەنێن کە ئەوان تەنها حکومەتی ئەو ناوچانەن کە دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە و خۆیان بەبەرپرسی شوێنەکانی تر نازانن.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی هەرێم، دەڵێ ئەو خەڵکە درۆدەکەن و چیرۆکی ناڕاست لەسەر  هەرێمی کوردستان دروست دەکەن!

گۆڤاری (زە ناشناڵ ئینترێست) دەنوسێت سەرکردەکانی کورد بە فرۆکەی تایبەت گەشت دەکەن کەچی خەڵکەکەی بەدەست بێ مووچەییەوە دەناڵێنێ، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە.

هەر ئەو گۆڤارە دەنوسێ حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر داهاتی خەڵکیدا گرتووە و بانکەکان پارەی خەڵکی ناگێڕنەوە، ئەمە قسەی کۆچبەرەکان نیە.

کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری لە دێکۆمێنتارییەکا لەسەر کۆچبەران بەووردی باس لە ڕەوشی ئابوری و نایەکسان وی هەلی کارو نادادپەروەری و بەرتەسکبوونەوەی ئازادییەکان و گیراوانی بادینان ئەکات وەک چەند هۆکارێک بۆ کۆچکردن، خۆ ئەمەشیان قسەی کۆچبەران نین.

خەڵک لەدەست ئەوە ڕائەکەن کە کەرتی گشتی وڵات ڕادەستی گوایە کەرتی تایبەت کراوە تا هەلی کار بارەخسێنرێ، بەڵام کۆی کەرتی تایبەت لەژێر دەستی کۆمپانیاکانی هەردوو حیزبی بنەماڵەیایە و ئەوانیش لەبری ڕەخساندنی هەلی کار، داهاتی وڵاتیان بەبارمتە گرتووەو کارمەندەکانیش بە کۆیلە

ئایا  وتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئاگایارن کە نزخی یەکەی نیشتەجێ بوون و زەوی و موڵکداری لە بادینان بەتایبەتی لە زاخۆ بەڕێژوی سەرو ٪٢٠ دابەزیووە؟ ئایا پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان کردووە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە موڵک و ماڵیان تاڵان فرۆش ئەکەن و ملی ڕێئەگرنە بەر و ئەو سەرمایەی جەنگەڵەکانی ڕوسیای سپیان پێخۆشترە لە دوبەیەکی دەسەڵات؟

ئایا ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن زیندانی کردنی بەناهەقی شیروان شێروانی و مامۆستا بەدەل بەرواری و هەموو ئەوانەیتر یەکێکن لەو هۆکارانەی کە گەنجان ئومێدیان بە داهاتووی خۆیان لە هەرێمی کوردستان نەمێنێ.

ئایا  ووتەبێژەکەی دەسەڵات و دیندار زێباری ئەزانن کە بادینان و زاخۆ، نە گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجەی برا سەوزەکەیانە و نە شنگال و قەندیل و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی «پ.ک.ک»ن دوژمنی دوژمنەکەیان*؟

(تورکیا دۆستی خەونی شاعیری پ.د.ک)

 نابێ ئەوش لەبیر بکرێ کە مرۆڤەکان بەردەوام کۆچ ئەکەن، خەڵکی ئەسکەندەناڤیا بەرەو هەتاو «خۆر»، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژئاوا بەرەو ژیانێکی کۆمەڵایەتی گەرموگوڕتر، خەڵکی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بەشێک لە ئاسیا و ئەمریکای باشور بەرەو ئابوریەکی یاشتر، خەڵکی ئەفریقا بەرەو مافەکانی مرۆڤ، خەڵکی هندستان و وڵاتانی چواردەوری بەرەو  هەلی کار.

پرسیارێک بۆ دەسەڵاتدران، ئاخۆ خەلكی هەرێمی کوردستان بەرەو کام لاو بەچ هۆکارێک کۆچ بکەن، کێش هۆکاری کۆچی بەلێشاوە دوای سی ساڵ حوکمڕانی کوردی؟

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار