كاتی ئەوە هاتووە حزب و رێكخراوەكانی رۆژهەڵات پێكەوە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران وەرچەرخان بكەن

ئیحسان حەقیقی، ئەندامی رەهبەری یەكێتیی فیدایانی خەڵكی ئێران بۆ هاوڵاتی:

3 ساڵ لەمەوپێش



ئامادەكردنی: سەحەر كەریمی

ئەندامێكی رەهبەری یەكێتی فیدایانی خەڵكی ئێران دەڵێت:»هەرچەند بەرگری لەناوخۆ زیاترو بەهێزتر بێت و هەر چەند خەڵك رێكخستنەكانیان زیاتر و یەكگرتووتر بێت، رەوتەكانی دەرەوەی وڵات لەیەكتر نزیكتر دەبنەوە».

ئیحسان حەقیقی، ئەندامی رەهبەری یەكێتیی فیدایانی خەڵكی ئێران لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» كاتی ئەوە هاتووە حزب و رێكخراوەكانی رۆژهەڵات پێكەوە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران وەرچەرخان بكەن».

 

هاوڵاتی: ئایا پێكهێنانی بەرەی چەپ بەو جۆرەی كە حزبی حیكمەتیست و حزبی كۆمۆنیست باسیان لێوە كردوە پێتانوایە پێویستە بۆ ئەم قۆناغەی خەبات، یان نا؟

ئیحسان حەقیقی: پێش هەموو شتێك دەمەوێت بە بەڕێزتانی رابگەیەنم بیژەنی جەژەنی دەڵێت (هەمیشە تەواوی ئەو حزب و رێكخراوانەی لە دەرەوەی وڵات كاردەكەن رۆڵی دواوەی بەرەی شەڕ دەبینن و رۆڵی پشتیوانی دەبینن لەو جووڵانەوەیە.

لەكاتێكدا كە ئێمە دەبینین بێهیوایی و چەقبەستووییەك و بێكردەوەییەك هەیە لەو بزووتنەوانەی دەرەوەی وڵات. بەهۆی ئەو سەركوتكردنە بووە كە تائێستا لەناوخۆی حیزبەكاندا و لەلایەن ئەندامەكانیانەوە هەبووە، حزبەكانی دەرەوەی وڵات نەیانتوانیوە بەكردەوە هیچ هەنگاوێك بنێن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە قەیراناوییەی كە لەكۆمەڵگە و بەتایبەت كۆمەڵگەی كوردستان هاتوەتە ئاراوە، هەموو حزبەكان بەو ئەنجامە گەیشتوون كە دەبێت لانی كەم ئەگەر ناتوانن لەڕووی تیۆرییەوە یەكبگرن و بەكردەوە یەكێتییەك پێكبهێنن كە بەخۆشحاڵییەوە حزبەكەی ئێمە رێكخراوەی فیدایانی خەڵك، یەكەم رێكخراوەیەك بوو كە بانگهێشتی ئەوەی كرد كە بەرەی چەپ بەیەكەوە دانیشین و پلاتفۆڕمێكی هاوبەش داڕێژیین و بتوانین گوتارێكی هاوبەشمان هەبێت. كە چۆن بتوانین هاوكات لەگەڵ جووڵانەوەكانی ناوخۆدا بەرەو پێش بڕۆین. دەزانین هەر رێكخراوە و رێكخستنێك پەیڕەو و پڕۆگرام و بنەماو پرەنسیپ و چوارچێوەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ئێمە دەتوانین لەخاڵێكی هاوبەشدا لێك نزیك ببینەوە و پێكەوە هاوكاری بكەین.

هەست بەوە دەكەم كە بە بەراورد بەڕابردوو رێكخراوەكان تاڕادەیەكی زۆر لێك نزیك بوونەتەوە یانی ئێستا تەنانەت ئەو كەرتبوونە مێژوویییە لەنێوان حزبی كۆمۆنیستی ئێران و حزبی دیموكراتدا، ئێستا خەریكە بەهۆی زەقبوونەوەی چەمكی ستەمی نەتەوەیی و گیان بەختكردنە لاواز دەبێت و ئەو حزبانە لەیەكتری نزیك دەبنەوە. چ بگات بەخودی حزبە كۆمۆنیستەكان كە چوارچێوە و بنەمای هاوبەشیان هەیە. من زۆر گەشبینم بەو لەیەكنزیكبوونەوەیە و هەست دەكەم ئێستا قۆناغێكی هەستیاری مێژوویییە و ئەگەر ئەو رێكخراوانە بتوانن جووڵەیەك بكەن ئەمە بۆ خۆی وەرچەرخانێكی مێژووییە.

هاوڵاتی: ئێوە هەماهەنگی و مامەڵەتان چۆنە لەگەڵ حزبەكانی دیكەی رۆژهەڵاتدا؟

ئیحسان حەقیقی: حزبە كۆمۆنیستەكان كە لەگەڵ مەسەلەی نەتەوەیی كێشەیان هەیە، تێڕوانینیان بۆ حزبی دیموكرات تێڕوانینێكی راست بووە، بەڵام رەوتی یەكێتیی فیدایانی كۆمۆنیست بەهۆی ئەوەی كە مافی نەتەوەیی تائاستی جیابوونەوە بۆ نەتەوەی كورد قبووڵە، هەر بۆیە ئێمە یەكێك بووین لە یەكەم رەوتەكان كە بەرگریمان كردوە لەحزبی دیموكرات لەم ناوچەیەدا. یەكەم رەوتیش بووین ئامادەبووین هاوكاریی هەموو لایەنەكان بكەین لەناوچەكە تەنانەت لەگەڵ پژاكیش. دەی گەر بەو شێوەیە بتەوێت من جیاوازی بكەم لە نێوان مەسەلەی ناسیۆنالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستی مەسەلەیەك نییە، چونكە چارەسەركردنی مەسەلەی نەتەوەیی بەشێك بووە لە ئامانجمان.

هاوڵاتی: پرسی ناسیۆنالیستی بەڕای ئێوە چۆن دەتوانێت چارەسەر بێت بەوەی حزبە راستەكان پێیانوایە دەبێت لە ئەولەویەت دابێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد؟

ئیحسان حەقیقی: مەسەلەی ناسیۆنالیستی مەسەلەی ئێمەیە و ئێمە مەسەلەی ناسیۆنالیزمیش بە مەسەلەی خۆمان دەزانین، چارەسەركردنی مەسەلەی ستەمی نەتەوەییش ئەركی ئێمەی كۆمۆنیستە كە بەجۆرێك لەبەرانبەری رابوەستینەوە.

تەنانەت بەمافی دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی كوردستانیش تائاستی جیابوونەوە رەزامەندین، بەڵام شێوەی رووبەڕووبوونەوەمان جیاوازە، مەسەلەی ئێمە ئەوەیە كە چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی بێجگە لەڕیگای دژایەتیكردنی سەرمایەدارییەوە ئەستەمە. ئێمە لەم خەباتەدا دەتوانین لەگەڵ هەر رێكخراوەیەكدا كە بەشێوازێكی تایبەت چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی كردووەتە ئامانجی خۆی.

هاوڵاتی: جیاوازیی ئێوە لەگەڵ حزبە راستەكاندا چییە؟

ئیحسان حەقیق: جیاوازییەكە لەسەر مەسەلەی خاوەندارییەتە لەناوچەكەدا، مەسەلەی ئامرازی بەرهەم هێنانە، ئێمە دەڵێین بەڵێ ئەگەر كوردستان قەرارە ئازاد بێت، ئایا دەبێت بكەوێتە دەستی ناسیۆنالیزمی كورد، بەو مانایە كە لەژێر پاڵپشتی هێزی سەرمایەداریی دەرەكی بێت و دووبارە كەلێنی نێوان چینەكانی كوردستان كە بڕیارە لەداهاتوودا ئازاد بێت، دیسانەوە هەر هەژار هەژار بێت و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر بێت، یان ئێمە دەخوازین كوردستانێك بونیاد بنێین لەسەر بنەمای شوورای ناوخۆیی ئیدارە بدرێت.

رووداوە مێژووییەكان دەیسەلمێنن كە ئەوە كاری كردەیە، ئێمە لەسنە نموونەی ئەوەمان بووە، نموونەی توركمان سەحرامان بووە كەشارێكی وەها گەورە لەلایەن خودی خەڵكەكەیەوە ئیدارە كراوە، شارێك لەلایەن شوورای ناوچەیی و گەڕەك و شوورای شارەوە ئیدارە دراوە. ئەمە لەڕاستیدا خواستی ئێمەیە.

هاوڵاتی: بەو پێیەی بینیمان لەمانگەكانی رابردوودا ناڕەزایی و خۆپیشاندان لەئێران سەریهەڵدا، هەروەها لەدوایین نموونەدا حزبەكان پێكەوە داوای مانگرتنی گشتیان لەخەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان كرد، پێت وایە ئەوە خاڵی وەرچەرخان یان گۆڕان نییە كە دەتوانن لەگەڵ هێزە راستەكانیش كاربكەن یاخود بەتەنیا لەگەڵ هێزە چەپەكان كاردەكەن؟

ئیحسان حەقیق: بەڵێ، منیش هاوڕای بەشی دووەمی قسەكانتم كەئەگەر ئەو رەوتە بەهەرچی یەكێتییەك بگات لەنێوان حزبەكان، بێگومان باشتر وەڵامدەرەوە دەبێت لەو ناوچەیە، چونكە هەر كام لەڕێكخستنەكانی ئێمە چ كەم چ زیاد لایەنگرانێكیان هەیە لەناو كوردستان، چونكە مەسەلەی نەتەوەیی لەكوردستان مێژوو و ریشەی هەیە و ئەوەندەی مێژووی حزبی دیموكراتە واتا نزیكەی بە (70) تا (80) ساڵ مەزەندە دەكرێت. پێم وایە ئەو ئەندازەیەش - كەمتر یان زیاتر - مەسەلەی چەپ لەكوردستان ریشەی هەیە.

هەر چەند حزبەكان لەم قۆناغە مێژوویییەدا بتوانن لەیەك نزیك ببنەوە و بەكردەوە هاوكاری یەكتری بكەن، بێگومان وەڵامێكی باشتر دەدەنەوە و ئومێدەوارم بتوانین نەك تەنیا خۆرهەڵات، بەڵكو شۆر ببێتەوە بۆ ناو سەرجەم شوێنەكانی تری ئێران، یان تەنانەت ببێتە خاڵێكی بەهێز بۆ خەڵكی كوردستان. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم مانگرتنە لەسنوورەكانی كوردستان تێپەڕێنین، هێزی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامی لەجیاتی ئەوەی لەكوردستان كۆببێتەوە، دابەش دەبێت بۆ هەموو ئێران. لەئەنجامدا، دیسانەوە ئەمە لەبەرژەوەندی تەواوی ئەو خەڵكەدایە كە مانیانگرتوە.

هاوڵاتی: پێت وایە ئێوە دەتوانن لەگەڵ هێزە راستەكانیش هاوكاریی یەكتری بكەن كە لەم دوایییانەدا وەڵامی خەڵك وەڵامێكی دروستی داوای حزبەكانیان دایاوە، بۆ ئەوەی دووكان و بازاڕەكانیان دابخەن، رای یەكێتیی فیدایانی خەڵك لەم بارەیەوە چییە؟

ئیحسان حەقیق: لەڕاستیدا من ئێستا وتەبێژی سازمانی فیدایانی خەڵك نیم و ئەندامم و ئەوەی دەیڵێم زیاتر بیروڕای خۆمە، بەڵام وەك ئەندامێكی رێكخستنەكانی یەكێتیی فیدایانی خەڵك رەنگە رەنگدانەوە و بۆچوونی رێكخستنەكانیش بێت. هەروا كە ئاماژەم پێدا، ئێمە دەتوانین لەم قۆناغە مێژووییەدا لەگەڵ هەر رەوتێك كە دژایەتی ئەم سیستمە بكات.

هاوڵاتی: بەرنامەی فیدایانی خەڵكی ئێران بۆ ئەم قۆناغە لەخەباتی خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران چییە؟

ئیحسان حەقیق: هەرچەند بەرگری لەناوخۆ زیاترو بەهێزتر بێت و هەرچەند خەڵك رێكخستنەكانیان زیاترو یەكگرتووتر بێت، رەوتەكانی دەرەوەی وڵات لەیەكتر نزیكتر دەبنەوە، بۆ وێنە ئێمە لەدەورەی كۆنفدراسیۆندا ئەزموونی مێژووییمان هەیە و زۆربەی ئەو رەوتانەی خوازیاری رووخاندنی دەسەڵات بوون، لەپەنای یەكتری بوون و لەوانەیە هاوشانی یەكتری كاریشیان كردبێت، بەڵام كاتێك داوەستانێك لەناو كۆمەڵگەدا هەیە و خۆڕاگرییەك بەرچاو ناكەوێت، لەناو وڵاتیشدا تەنیا شتێك هەبێت لەنێوان حزبەكاندا مەسەلەی دابەشبوون و كەرتبوونە. بەڵام لەو نموومە مێژووییەدا ئێمە بینیمان كە لەو بەرخودانەی كوردستاندا لەڕاستیدا گرنگ نەبوو كە ئایا حزبەكان چەپن یان راستن و پاڵپشتی ئەو مانگرتنەیان كردو هاوخەمی ئەو خێزانانە بوون كە منداڵەكانیان گیانیان بەختكرد بوو و یان لەسێدارە درابوون یان حكومدراون و ئێمە هەموو ئەوانەمان بەچاوی خۆمان دی. یانی كاتێك كە ئێمە چووینە بەر باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی گوێ بەوە درابێت كەچەپن یان راست، بەڵام ئامانجی هاوبەشمان ئیدانەكردنی كۆماری ئیسلامییە كە لاوان لەسێدارە دەدات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار