شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی بریندار‌و چەند سەرنجێك

كۆچەر عزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



 

 

 

 

كۆچەر عزیز

بە فڕۆكە مەیانگوێزنەوە بۆ نەخۆشخانەی شارێكی دیكە، لە شارەكانی خۆیان نەخۆشخانەیان بۆ دروست بكەن

بە فڕۆكە مەیانگوێزنەوە بۆ نەخۆشخانە پێویستییە سەربازییەكانیان بۆ دابین بكەن و سەنگەرەكانیان بۆ توندوتۆڵ بكەن

كاتژمێر ٣:١٠ خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێشمەرگەیەكی برینداری هێرشەكەی شەوی رابردووی كفری بە فڕۆكەی فریاگوزاری، بە مەبەستی چارەسەركردنی، گەیەندرایە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.. بەهۆی زۆری خوێن بەربوونەكەیەوە لە ماوەی یەك كاتژمێردا زیاتر لە ٨ بوتڵ خوێنێ تێكرا جگە لەوەی لە نەخۆشخانەی گەرمیانیش چەند بوتڵێكی دیكەی خوێن وەرگرتبوو.

دیارە پێشتر پزیشكان و بەرپرسانی نەخۆشخانەكە ئاگاداركرابوونەوە كە بریندارێكی ئەو هێرشە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەكە، بۆیە ئامادەكاری تەواو كرابوو بۆ چارەسەركردنی و ئەوەی پێویست بوو بە زیادەوە پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكە زۆر بە دڵسۆزی و زیاتر لە توانای خۆیان بۆ ئەو پێشمەرگەیان كرد و هەمووان وا پەرۆشی بوون، ئەگەر كەسێكی نزیكی خێزانی خۆشیان بوایە رەنگە هەر ئەوەیان بۆ بكردایە. تەنها بۆئەوەی بتوانن رێگری لەخوێن بەربوونەكەی بكەن.

بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە تا كەی حكومەت و بەرپرسانی تەندروستی لە خەمساردیدا دەبن و بیر لەوە ناكەنەوە هەر هیچ نەبێت لە ئیدارە سەربەخۆكان هاوشێوەی شارەكان نەخۆشخانەیەك دروستبكرێت و تەواوی پێداویستی پزیشكی و چارەسەرەییەكانی تێدا بێت لەگەڵ پزیشک و پسپۆڕی بە ئەزموون بۆئەوەی ئەوەی کە هەیە خراپتر نەکرێت و بنێردرێتە شارێکی دیکە، بۆئەوەی چی دیكە رۆڵەكانی ئەم نیشتمانە نەبنە قوربانی كە دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی رێگەی لێ بگیرێت.

جا شتێكی دیكە لە هەمووی زیاتر جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە بە فڕۆكە ئەو بریندارە گەیەندرایە نەخۆشخانە لە دوای رووداوەكە تا ئەو كاتەی گەیشتە نەخۆشخانەكە زیاتر لە چوار كاتژمێری پێچوو جا ئەگەر بە ئۆتۆمبێل بیانهێنایە بۆ بەیانی رەنگە بگەیشتایە یاخود رەنگە هەر نەگەیشتایە و لە رێگا شەهید ببوایە.

بۆیە ئەو پێشمەرگەیە كە خاوەنی چوار منداڵە بتوانرایە لە گەرمیان چارەسەری بۆ بكرێت و ئەو ماوە زۆرە نەبرێت تا دەگاتە سلێمانی بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بكرێت دەكرا بارودۆخی بەوجۆرە نەبوایە كە ئێمە بینیمان.

دیمەنێكی دیكەی تراژیدی ئەمشەوی نەخۆشخانەكە كەسوكار و هاوڕێیانی ئەو پێشمەرگەیە بە دیار شەهیدبوونی كوڕەكەیانەوە دانیشتبوون، تەنها چاوەڕێی رەحم و كەرەمی خوای گەورە بوون، بەڵام بەرپرسانی حكومی و حزبی وەزارەتی پێشمەرگە هەموو جار دوای رووداو هێرشەكان لە بەیاننامەكانیاندا ئیدانەی هێرشەكان دەكەن بێ ئەوەی پلانێكیان هەبێت چی تر ئەو هێرشانە دووبارە نەبنەوە، چی دیکە منداڵان بێ باوک نەبن و دایکان جگەر سووتاو نەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار