بافڵ تاڵەبانی ئیرادەی ئەوەی تێدا دەبینرێت چاكسازی بكات

رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لەهەولێر بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

 

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە هەولێر ئاماژە بەوە دەدات كە هیوادارە بافڵ تاڵەبانی لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت بۆ ئەوەی چاكسازی بكات، دەشڵێت:» باشترە بۆ كاك لاهور بچێتە دەرەوەی یەكێتی، بەویستی خۆی بچێتە ئەوروپا یان دابنشیێت وەك هەر كەسێكی تر رێزی لێبگیرێت».

رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتی لە هەولێر لەمچاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى باس لەدۆخی ناوخۆی یەكێتی دەكات دوای رووداوەكانی 8ی تەموزی ئەمساڵ و ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە « كاك لاهور حزبێكی سیاسی دروست بكات باشترە لەوەی ئاژاوەو خوێن رشتن رووبدات، هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم كە بە ئارامی لە یەكێتی بچێتە دەرەوە».

هاوڵاتى: كورد لەپەرلەمانی عێراق لە 58 بۆ 64 كورسییەكانی زیاد كرد، كورد دەبێت چی بكات؟

رەشاد گەڵاڵی: یەكێتی 19 كورسی و پارتی 31 كورسی و نەوەی نوێ 9 و یەكگرتوو 4 و كۆمەڵی دادگەری یەك كورسی، بەگشتی كورد شەش كورسی زیاد كردووە، هەرچەندە شیعەكان 50 زائد یەك دەتوانن پێكبهێنن و لەسەر بنەمای دیموكراسی، بەڵام خۆتان دەزانن لەدوای رووخانی سەدام حوسێنەوە كە حكومەتی عێراق پێكهێندراوە لەنێوان شیعەو سوننەو كورددا بووەو تێیدا بەشداربوون بەشێوەی تەوافوقی.

سوننەكان كورسیان زیاد كردووە ئەوەش لەبەرئەوەی ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی پشتیوانییان دەكەن بۆ ئەوەی رۆڵی زیاتریان هەبێت لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بۆ كورد لەم قۆناغەی ئێستا كە 64 كورسی هەیەو دەتوانێت لەگەڵ سوننەكان یارییەكی سیاسی بكات، لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی كورد.

تەنانەت حەلبوسی كە سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق بووە 37 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە لەگەڵ كورد زۆر نزیكە، بەڵام ئێستا پەرتەوازەیی لەنێو ماڵی شیعەكان هەیەو دوو بەشن، هەروەها لەناو سوننەو كوردیشدا پەرتەوازەیی هەیە، بۆیە ئەگەر كورد بتوانێت بەیەكهەڵوێستی بچێتە بەغدا ئەوە باشە، بەڵام بەزەحمەتی دەبینم، چونكە لەناوخۆی كوردستان هیچ یەكهەڵوێستییەك بەدیناكرێت لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا.

هاوڵاتى: ئەوانەی لەناو شیعەدان و كوردسیەكانیان كەمی كردووە، چۆن دەتوانن دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن كە دوێنێ راگەیەندرا لەلایەن كۆمیسیۆنەوە قبوڵ دەكرێت بەتایبەت كە هادی عامری و عەبادی و عەمار حەكیم سێ دۆڕاوی دیاری شیعەكانی نزیك لەئێرانن؟

رەشاد گەڵاڵی: كوتلەی سیاسی زۆرن كە پاشەكشەی تەواویان كردووە، هادی عامری و عەبادی و حەمار حەكیمیش، بە زیادكردنی كورسییەك یان دووان تینوێتیان ناشكێت، بەڵام ئەگەر بەوردی سەیری دۆخەكە بكەین كە ئێران دەیەوێت ئەگەر پاشەكشە هەبێت هەوڵدەدات ناو ماڵی شیعەكان رێكبخاتەوە قوربانی بەوەش دەدات كە لایەنگرانی خۆی پاشەكشەیان كردووە.

ئێران دەیەوێت پاشەكشەی ئەو لایەنانە نەبێتە هۆی لێكترازان لەنێو ماڵی شیعەكان، بەڵكو دەیەوێت كەسێك بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دابنرێت كە نزیك بێت لەئێرانەوە و ئەوان گرەو لەسەر ئەوە دەكەن، نەك كەمكردنی چەند كورسییەكی لایەنگرانیان.

كاك لاهور حزبی سیاسی دروست دەكات ئارەزووی خۆیەتی لەدەرەوەی یەكێتی كاری رێكخراوەیی خۆی بكات، دەچێتەوە ئەوروپا ئەوە ویستی خۆیەتی، دادەنیشێت ئەوەش هەر ویستی خۆیەتی، كە خۆی باسی ئەوەی كردووە درێژەپێدەری خەباتی مام جەلال دەبێت، پێموایە بوونی دووبەرەكی بەشەهیدكردنی كوڕی خەڵك نە سوود بە كاك بافڵ دەگەیەنێت نە سوود بە كاك لاهور دەگەیەنێت

هاوڵاتى: بەڕێزتان جێگری بەرپرسی مەڵبەندی 3ی یەكێتین لەهەولێر، ئەم دۆخەی لەناو یەكێتی هەیە بەكوێ دەگات؟ بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند كە ئەوانەی دەركراون دەركراون و ناگەڕێنەوە ناو یەكێتی؟

رەشاد گەڵاڵی: ئەوەی دەیبینم دەرئەنجامێك كە دوو شەریك ناتوانن پێكەوە بمێننەوە دەبێت یەكێكیان پاشەكشە بكات لەوی تر، چونكە ناتوانن وەك رابردوو بەردەوام بن، قۆناغی بەڕێوەبردنی یەكێتی كە لە رێگەی دوو كاراكتەری سەرەكی بووە كە كاك بافڵ و كاك لاهور بووە ئەو قۆناغە كۆتایی هاتووە، باشترین چارەسەرو وەفا و دڵسۆزی لەم قۆناغەی ئێستا لەشوێن ئەوەی كە بۆ خۆیان كاراكتەری هەستانەوەی یەكێتی بوون پێش كۆنگرەو دوای كۆنگرە، لەیەك بترازێن باشترە لەوەی خوێنی خەڵك لەو ململانێیە ببێتە قوربانی.

كاك لاهور حزبی سیاسی دروست دەكات ئارەزووی خۆیەتی لەدەرەوەی یەكێتی كاری رێكخراوەیی خۆی بكات، دەچێتەوە ئەوروپا ئەوە ویستی خۆیەتی، دادەنیشێت ئەوەش هەر ویستی خۆیەتی، كە خۆی باسی ئەوەی كردووە درێژەپێدەری خەباتی مام جەلال دەبێت، پێموایە بوونی دووبەرەكی بەشەهیدكردنی كوڕی خەڵك نە سوود بە كاك بافڵ دەگەیەنێت نە سوود بە كاك لاهور دەگەیەنێت، چونكە زۆر هەوڵدرا لەلایەن دۆستەكانمان لەئێران و ئەمریكاو حزبەكانی ناوخۆی كوردستانیش ئەم كێشانە كۆتایی پێبێت، دیارە ئەو ئیرادەیە نەبووەو هەردوولا تەنازول بكەن و كێشەكان یەكلابكەنەوە، باشترین چارەسەر ئەوەیە بە ئارامی لاهور شێخ جەنگی بێتە دەرەوە لەیەكێتی.

كەسێكی وەك موراد كانی كوردەیی لە خانەوادەیەكی دڵسۆزی یەكێتی كە سێ برای شەهیدە بووە قوربانی ئەو ململانێیە، بەهۆی ئەم رووداوەوە رەنگە خەڵكێك بێتە ئەو نێوانەوەو یاری بكات بەتایبەت موخابەرانی هەرێمایەتی كارێك بكات شەڕ دروست بكات.

هاوڵاتى: باس لەوە دەكرێت بەشێك لە مەكتەبی سیاسی بڕیارە سەردانی لاهور شێخ جەنگی بكەن، هیچ زانیارییەكتان هەیە لەوبارەیەوە؟

رەشاد گەڵاڵی: سەركردایەتی یەكێتی نەیتوانی ئیحتوای ئەو كێشانە بكات و چارەسەری بكات، بۆیە لە دەرئەنجامی ئەم كێشەیە زۆرینەی سەركردایەتی دەتوانم بڵێم لەسەدا 90% نزیكتربوون لە كاك بافڵ، هەرچەند ئەوانی دیكەش بڕیاریان نەداوە لە یەكێتی بچنە دەرەوە.

دوو خاڵ لە مەكتەبی سیاسی بۆ لاهور شێخ جەنگی چووە كە بڕواتەوە بۆ ئەوروپا یان بۆ خۆی دابنیشێت و بەناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هیچ لێدوانێك نەدات، لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەمە خراوەتەڕوو، پێموابێت سەردانی هەر بەرپرسێكی یەكێتی جا چ مەكتەبی سیاسی بێت هەر لەو چوارچێوەیەدا دەبێت.

ئەگەر كاك لاهور حزبی سیاسیش دروست بكات كێشە دروست نابێت، رەنگە ئێمە وەكو كەوادری یەكێتی پێمانخۆش نەبێت حزبی سیاسی دروست بكات، لەبەرئەوەی كاریگەری خۆی دەبێت بەتایبەت لەسەر جەماوەری یەكێتی، بەڵام كاك لاهور حزبێكی سیاسی دروست بكات باشترە لەوەی ئاژاوەو خوێن رشتن رووبدات، هیوای سەركەوت بۆ كاك لاهور دەخوازم كە بە ئارامی لەیەكێتی بچێتە دەرەوە وەك كادرێك و دڵسۆزێكی یەكێتی.

نامانەوێت جارێكی تر یەكێتی وەك ساڵی 2009 كە كاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد كاریگەری لەسەر یەكێتی بەشێوەی نەرێنی دروست ببێت، چونكە ئەوە لەقازانجی یەكێتیدا نییە، ئێستاش كاك لاهور حزب دروست بكات یەكێتی لەڕووی جەماوەرییەوە لەت دەبێت و بە قازانجی نەیارانی یەكێتی دەبێت.

هاوڵاتى: پێتانوایە كە بافڵ تاڵەبانی چاكسازی و گۆڕانكاری بۆ پێشخستنی یەكێتی ئەنجامدەدات؟

رەشاد گەڵاڵی: غیابی جەنابی مام جەلالمان هەیەو زۆرجار قوربانی بەخۆی دەدا لەپێناو رزگاركردنی یەكێتی، ئەو كەرەستانەی جەنابی مام جەلالمان نییە، سەركردایەتی ئێستا سەركردایەتی رابردوو نییە، ئەم سەركردایەتیانەی ئێستا گەنجن، سەركردایەتی سەردەمی مام جەلال رۆڵ و كاریگەری خۆی هەبووە، گەنج حەماسی زیاترەو لێبوردەیی كەمترە.

جەنابی كاك بافڵ لەناو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ویست و ئیرادەی هەیە كەچاكسازی و گۆڕانكاری بكات و هیوادارین لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن لەناو حكومەت و حزبیشدا چاكسازی بكەن، كە لەسەر ئۆرگانەكانی یەكێتیش لەئەندام كۆمیتەیەكەوە تا لێپرسراوانی مەڵبەندەكانیش گۆڕانكاری چاكسازی بكرێت داهاتوو دەزانێت كە چاكسازییەكان و گۆڕانكارییەكان لەجێی خۆیدا دەبێت یان كاتەكەی گونجاو نەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار