نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی جەختیان لە هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە کرده‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی دەکەنه‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ سێشەممە 7ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیێنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا وتوێژیان لەبارەی "هەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد کە بنکەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هاووڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتى."

لە راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووە "کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی هەوڵەکانی پێشمەرگە کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە چەکدارەکانی عیراقدا به‌ پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکه‌وه‌، بەتایبەتيش لە ناوچەکانی بۆشایيی ئەمنیی نێوان هەردوولادا."

هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیشی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ چالاککردنی لیژنە هاوبەشەکانی هەماهەنگی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەدا کرده‌وه‌ بۆ بەرپەرچدانەوە و دەرکردنی پاشماوەکانی داعش و بنەبڕکردنیان کە لەسەر عیراق و کۆی ناوچەکە بوونه‌ته‌ مه‌ترسى.

وەک لە راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، تەواوی ئاماده‌يى هەرێمی کوردستانيشى بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقیەکاندا دووپاتكرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە."

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار