دواكەوتنی 200 ملیار دینارەكە بەهۆی نەبوونی تەمویلەوە بووە
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەغدا دەڵێت:»بەهۆی نەبوونی تەمویل لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان دواكەوتووە، چونكە تەمویل بۆ وەزارەتەكانیشی دواكەوتووە».
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» دوای پەسەندكردنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای ئیتحادییەوە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت».
هاوڵاتى: بابەتی دواكەوتنی 200 ملیار دینار لەبەغداوە بۆ هەرێم گرفتی تێدایە؟
فارس عیسا: بابەتی تاخیر بوونی 200 ملیارەكە هیچ پەیوەندی بەئێمەوە نیە، ئەوە هەقی موچەخۆرانە و پێویستە بدرێت و بەردەوام بێت، هیچ سەنەدێكی یاسایش نیە خەڵكی وڵاتی خۆت بێ موچە بكەیت، بەداخەوە كە لەماوەی پێشوودا ئەمە كرا بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، هەرچەندە وەفدی هەرێم چەندین هەوڵیان دا و رێككەوتوون بەڵام حكومەتی ئیتحادی پێگرییان نەكرد ، ئێستاش لە كۆتا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار درا بۆ ناردنی 200 ملیارەكە و ئەو بڕیارە تەعمیم كراوە لەسەر وەزارەتی دارایی و نەوت و مجلس دەولەت و رەقابە و نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەسبیت كراوە، بەڵام تاخیر بوو، ئەم مانگە پەیوەندی بەهەموو وەزارەتەكانی عێراقەوە هەیە كە بۆ هیچ وەزارەتێك تەمویل نەكراوە نەك تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نەبووە، بۆیە هەر كاتێك تەمویل بكرێت بۆ كوردستانیش دەنێردرێت.
: كەی پەرلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی دەستپێدەكات؟
فارس عیسا: یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەدوای دادگای ئیتیحادی كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكات، دواتر سەرۆك كۆمار بەپێی رێكارە دەستوریەكان بانگدەكرێت بۆ دانیشتنی یەكەم كە دەبێت دوای پانزە رۆژ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بكرێت، واتە لەڕۆژی پەسەندكردنی ئەنجامەكان، بانگكردنی سەرۆك كۆمار بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و بە تەمەنترین كەسی ناو پەرلەمان ئیدارەی دانیشتنی یەكەم دەدات و تا دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، واتە سەرۆك و دوو جێگرەكانی.
هاوڵاتى: هەندێك لایەنی شیعە تائێستا ناڕەزاییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە؟ئەو پرسە گەیشتووە بەكوێ؟
فارس عیسا: هەڵبژاردن وێستگەیەكە، گواستنەوە لەدۆخێك بۆ دۆخێكی تر، بەداخەوە لەم هەڵبژاردنە لەدۆخێكی خراپ بۆ خراپتر رۆیشت و لەهەموو دنیادا وایەو لەعێراقیشدا هەندێك لایەن سەركەوتوو دەبن و بڕواشیان بەو دەنگانە هەیە كە هێناویانە، هەندێك لایەنی دیكە كە دەنگیان نەهێناوە سەركەوتوو نەبوون، چونكە تەكتیكاتی یاسای تازەی هەڵبژاردن تێنگەیشتن، لایەنیش هەیە دەنگیان هێناوە، بەڵام كورسی نا، ئیتر گومانیان هەیەو پەسەندی ئەنجامەكان ناكەن، ئەوەش هەقی خۆیانە، بۆیە دەبێت رێكاری یاسایی بگرنەبەر، تا ئەوكاتەی دادگای ئیتیحادی پەسەندی دەكات، دوای ئەوە هەموو لایەنێك بەدڵنیاییەوە دەنگی خۆی و كورسی خۆی دەزانێت، تەسبیت دەكرێت و كاری لەسەر دەكرێت و دەبێت رێزی لێبگرێت.
هاوڵاتى: ماڵی شیعە تائێستا لەناو خۆیاندا رێكنەكەوتون لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران؟
فارس عیسا: لەعێراقدا پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردەو پەرلەمان بۆ سوننەیە و شیعەش كە پۆستی سەرۆكوەزیران هی خۆیانە، تازە لەناو شیعەكاندا لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە، دوو جەمسەر دروست بووە، یەكێكیان كوتلەی سەدریە كە 73 كورسیان هەیەو ئەوەی تر ئیتاری تەنسیقی كە لەكوتلەی فەتح و دەوڵەتی قانون و عەسایبب و ژماریەكی تر پێكهاتوون كە تائێستا ئەو دوو جەمسەرە یەكتر رەتدەكەنەوە.
بۆیە تەشكیلكردنی حكومەت و دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیران ئاسان نیە كە لەحاڵەتی ئاساییی لە كابینەكانی پێشوو چەند مانگێك پێویست بوو و ئێستا زیاتری دەوێت تا لەسەر كەسێك رازی دەبن.
بەتەواویش لەدوای پەسەندكردنی ئەنجامە كۆتاییەكان كاركردنی كرداری دەستپێدەكات بۆ هەموو پۆستەكان، بەتایبەتیش پۆستی سەرۆك وەزیران كەدەبێت لەنێو خۆیان شیعە هەموویان رازی بن، لەسەر كاندیدێك و مەرجەعیەت رازیبێت و تەوافیقی دەرەكیش هەبێت و رای كورد و سوننەش گرنگە.
هاوڵاتى: تا چەند پێویستە لایەنە كوردستانیەكان لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتدا پرسی پارێزگای كەركوك یەكلابكەنەوە كە بەئیستحقاقی كورد دادەنرێت؟
فارس عیسا: بەداخەوە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە ئەو خیانەتە كرا، بارودۆخێك لەسەر كەركوك سەپێنرا كە وەزعێكی عەسكەری ناخۆش لەخۆدەگرێت و پارێزگارێك فەرزكرا زۆر شۆڤێنییە كە تەمسیلی راستەقینەی كەركوكیەكان و كەركوك ناكات، بەبێ رەچاوكردنی پێگەی كورد لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ئەو دەنگانەی كورد هەیەتی لەو پارێزگایە.
پارێزگار پشكی كوردە، بۆیە پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە، تاچەند ئەو پرسە دوادەخرێت و رێكنەكەوین بۆ خەڵكی كوردستان و كەركوكییەكان زیانبەخشە، چونكە دوبارە پرۆسەی تەعریبكردنێكی زۆر توند دژی كوردو هەموو خەڵكی راستەقینەی تر كراو هاوردەكردنی خەڵكی دیكە بەردەوامەو زەوی كورد داگیردەكرێت، بۆیە دواخستنی نە لەبەرژەوەندی كەركوك و خەڵكی كەركوكیشە، ئەوەی گرنگە ئێستا پارێزگارێكی كورد لەو پۆستە دابنرێت و ئەو پارێزگارە لاببرێت و سزا بدرێت بە رێگای یاسا، هەرچەندە ئێستا ئەندامی تازەی پەرلەمانە پێویستە واز لەپۆستی پارێزگار بهێنێت.
هاوڵاتى: پێتانوایە دەبێت پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی یەكلابكرێتەوە؟
فارس عیسا : ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو پۆستە پشكی كوردەو ئەو حاڵەتەی لە هەڵبژاردنی 2018 روویدا كە كاندیدی سەرۆك كۆمار كاندیدی حزبی بوو نەك هەموو كورد ، نابێت ئەم جارە دووبارە ببێتەوە، دەبێت ئەو كاندیدە تەمسیلی حزبە كوردستانیەكان بكات و هەموویان پێكەوە لەسەری رازی بن و بەیەك مورەشەح بچینە ئەو پرۆسەیەوە، بڕواشم وایە سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی یەكڕیزی دروست بێت و بڕواشم وایە دەبێت كاندیدێك بێت و تەمسیلی كورد بكات و بەناوی كوردستانیەوە دابنرێت.