رێككەوتنی ستراتیژی یان مەرحەلی لەنێوان پارتیو یەكێتی ئەنجام دەدرێت
ئاسۆ قادر حاجی، نووسەرو رۆژنامەنووس بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتی
نووسەرو رۆژنەمەنووسێكی ئاگادار لەسیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات لە كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لەسەر هێڵە گشتییەكان یەكدەنگ بوون و دەشڵێت:» بڕیارە رێككەوتنی ستراتیژی یان مەرحەلی لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامبدرێت».
ئاسۆ قادر حاجی، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئاماژە بەوەش دەدات كە «رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی ئەمجارە پەنجا بەپەنجا نابێت و بەپێی بەركەوتەی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبێت».
هاوڵاتی: زانیاری ئەوە هەیە رێككەوتنێكی ستراتیژی نوێ لەنێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامبدرێت؟ لەدوایین دیداری نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی قسەی لەسەر كراوە؟
ئاسۆ حاجی: بەڵێ ئەوە راستە، قسە لەسەر هێڵە گشتییەكان كراوە كە یەكهەڵوێست بن و یەك وتاری سیاسییان هەبێت لەبەغدا، بەڵام ئەوەی دكتۆر بەرهەم كردی لەمەسەلەی زیادكردنی دوو كورسییەكەی یەكێتی، كارێكی خراپ بوو هەندێك ساردی لەنێوان یەكێتی و پارتی دروستكرد، بۆ ئەوەی خۆی لەلای ماڵی مام جەلال خۆشەویست بكات، جاری پێشوو لاهور شێخ جەنگی كردی بە سەرۆك كۆمار، ئەمجارە دەیەوێت كوڕەكانی مام جەلال بیكەنەوە بە سەرۆك كۆمار، چونكە بافڵ تاڵەبانی چەند جارێك وتوویەتی كاندیدی ئەوان دكتۆر بەرهەمە، ئەوە دۆخەكەی سارد كردەوە، بەڵام بەو مانایە نا كە كێشەی دروست كردبێت، ئەگەر ئەوە نەبوایە رەنگە زووتر بگەیشتنایەتە رێككەوتن لەسەر وردەكارییەكان، چونكە لەسەر هێڵە گشتییەكان رێكن، پێموایە ئەوەش تێدەپەڕێت، چونكە لەهەردوولا ئەو ئیرادەیە هەیە.
یەكێتی نوێ گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە چیدیكە كەلتوری دژایەتی بنەماڵەی بارزانی بڕناكات، چونكە ئەگەر بڕی بكردایە بزووتنەوەی گۆڕان ئاوای بەسەرنەدەهات، ئەوانەی گوتاری خۆیان لەسەر دوژمنایەتی هەر لایەنێك بنیات بنێن ئەوە ئەنجامەكەیەتی.
هاوڵاتی: بڕیاردراوە مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆببنەوەو تاووتوێی زەمینەسازی بۆ رێككەوتنی ستراتیژی بكەن؟
ئاسۆ حاجی: بڕیاردراوەو مەكتەبی سیاسی هەردوولا لەوانەیە لەم ماوەیەدا كۆببنەوە، بڕواناكەم كۆبوونەوەكەیان زۆر دوابكەوێت، بێگومان دیداری رانەگەیەندراویش بەردەوام هەیە، وەكو وتم لەسەر هێڵە گشتییەكان كۆكن كە بەیەك وتار بچنە بەغداو لەسەر ئەوەش لێكتێگەیشتنی تایبەت هەیە، بۆیە دەبێت هەندێك هەنگاو بهاوێژن، لەوانەیە هەستیارترین ناڵێم گەورەترین كێشە مەسەلەی سەرۆك كۆمار بێت كەیەكێتی دەیەوێت ئەمجارەش لەلای ئەوبێت و ئەوەش ببێتە عورفێك، بەڵام پارتی ئەمجارە دەیەوێت ئەوە تێپەڕێنێت، با كوردێك بێت بەڵام لەوانەیە كەسایەتییەك لەدەرەوەی یەكێتی و پارتی كە لەلایەن هەردوولایانەوە قبوڵكراو بێت، ئەو عورفەش بشكێت كە ئەو پۆستە نابێت هەتا هەتایە لەسەر حزبێك تاپۆ بكرێت.
هاوڵاتی: رێككەوتنی ستراتیژی پێشووی نێوان یەكێتی و پارتی كەئێستا كاری پێناكرێت، سودی لێ دەبینرێت بۆ رێككەوتنێكی نوێ؟
ئاسۆ حاجی: كێشە ئەوەیە رێككەوتنی ستراتیژی كۆن لەسەردەمێكدا بەسترا كە مام جەلال لەژیاندا بوو و خاوەنی بڕیاری یەكەم و كۆتایی ناو یەكێتی بوو، چونكە كەسی بڕیاردەر هەبوو لەناو یەكێتی گرفت كەمتر دەهاتە پێش رێككەوتنەكەو ئەگەر گرفتیش دروست ببوایە بەئاسانی چارەسەر دەكرا.
ئەوەندەی بزانم پارتی بەوە رازی نییە وەكو ئەوەی ئێستا هەیە هێز دابەش بكرێت و پەنجا بە پەنجا بێت
ئێستا لەغیابی مام جەلال پێویستی بەداڕشتنەوەی سەرلەبەری رێككەوتنەكە هەیە، رێككەوتنەكە لەبارودۆخێكی سیاسی دیكەدایە، هەم بارودۆخی ناوخۆی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەم لەسەر ئاستی عێراقیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەو مانایەی دەبێت بەقەد ئەو گۆڕانكاریانە گۆڕانكاری تێدا بكرێت.
ئەو رێككەوتنە ستراتیژییەو مەسەلەی پەنجا بەپەنجا و دابەشكردنی جوگرافیای كوردستان بێت شتێكی خراپەو مەترسیداریشە، ئەوەندەی من بزانم پارتی بەوە رازی نییە وەكو ئەوەی ئێستا هەیە هێز دابەش بكرێت و پەنجا بەپەنجا بێت، لە رێككەوتنەكە هەندێك خاڵی گرنگ هەیە كەڕەنگە یەكێتیش لاملی نەكات و دروستكردنی هێزێكی نیشتیمانی بەشێك بێت لەو رێككەوتنەو چیدیكە هێزی ئەم و ئەو نەمێنێت.
هاوڵاتی: پێتانوایە بافڵ تاڵەبانی دەتوانێت هەمان ئەو خاوەن بڕیارە بێت كە پێشتر مام جەلال هەیبووە لەبارەی رێككەوتنی ستراتیژییەوە؟
ئاسۆ حاجی: بافڵ تاڵەبانی ئەو زەمینەیەی بۆ سازكراوە، چونكە لایەنە بەهێزەكانی ناو یەكێتی ئەو بڕیارەیان داوەتە دەستی ئەو، ئەوانیش كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵ و سەركردە كەركوكیەكان و گەرمیانیەكان و هەورامیەكانن.
هاوڵاتی: پێشبینی دەكەیت ئەم رێككەوتنە كەی بكرێت؟ دەكەوێتە ساڵی نوێوە؟
ئاسۆ حاجی: بەڵێ بەدڵنیایی دەكەوێتە ساڵی نوێ، ئەوەندەی دەزانم زەمینەسازی دەكرێت و ئەو لیژنانەی تایبەتن بەوكارە بەردەوام لەسەر خەتن و ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون دەكەن و باوەڕ ناكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا زۆر دوابكەوێت، زیاتر چاوەڕێی ئەوەن بزانن لەبەغدا چی روودەدات.
ئەگەر بزانن شیعە نزیكن لەڕێككەوتن ئەوا كورد كێشەیەكی ئەوتۆی نابێت، نازانم رێككەوتنەكە ناوی لێدەنرێت ستراتیژی یاخود نا، بەڵام رەنگە بەپێی قۆناغ بێت، دەبێت لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژاردن بكرێت، ناكرێت وەك كاتی خۆی مەلا بەختیار وتی یەكێتی سەد كورسی بێت یاخود یەك كورسی هەر یەك حساب دەبێت، ئەو رێككەوتنە بەسەر دوو ئاستدا دابەشدەكرێت، یەكێكیان هێڵی ستراتیژییە مەسەلەی پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانە كە بۆ مەودای دوورە، ئەوی دیكە بۆ مەسەلەی بەركەوتنی پۆست و هەندێك شتی دیكەیە كە بەپێی قۆناغە، یاخود بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن هەر لایەنێك كورسی كەمتر بێت ناكرێ باسی یەك وتاری بكات بەوشێوەیەی كە بەركەوتەی هەڵبژاردن حساب نەكرێت، نە پارتی پیرۆزە نە یەكێتی ئەو دابەشكارییە گەورەترین زیانمان لێكرد، بێگومان هەڵبژاردن بۆ ئەوەیە خەڵك متمانە بەكێ دەكات لەكۆتایی كێ زیاتر دەنگی هێنا بەركەوتەی زیاترە.
هاوڵاتی: خەڵك باس لەوەدەكات رێككەوتنی ستراتیژی بۆ مەسەلەی دابەشكاری پۆست و دابەشكردنی سامانی ئەم وڵاتەیە؟ پێتوایە ئەو رێككەوتنە بكرێت دۆخی كوردستان باشتر بێت؟
ئاسۆ حاجی: هەر رێككەوتنێك بكرێت لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیەو گۆشەنیگای جیاوازی لێ دروستدەبێت و هەركەس بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی قسەی لەسەر دەكات، بەڵام لەمێژووی پارتی و یەكێتی و حكومەتی هەرێم دوو ئەزموونمان هەیە، یەكێكیان ئەوەیە یەكێتی و پارتی دژی یەك بوونەو هێزی چەكداریان دژی یەك بەكارهێناوەو ماڵوێرانی بەدواوە بووە، دواتر مام جەلال و مەسعود بارزانی كە پێكەوە ئیشیان كردبوو لەسەر ئاستی كوردستان گۆڕانكاری پۆزەتیف دروست دەبێت و بوژانەوە روودەدات و خەڵكیش لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە زیاتر حساب بۆ كورد دەكات، دەبێت كاركردنمان بەو ئاڕاستەیە بێت كە پێگەی نیشتیمانی بەهێزبێت نەك حزبی.
هاوڵاتی: پێشتر گلەیی ئەوە هەبوو كە رێككەوتنی ستراتیژی شۆڕنەكرابووەوە بۆ خوارەوە، دەیانوت مام جەلال و مەسعود بارزانی رێكن و كێشەیان نیە، بەڵام قەواعیدی هەردوولا رەخنەی توندیان لەیەكتری گرتووە؟
ئاسۆ حاجی: بڕواناكەم ئەوە ببێت، رەنگە لەناو پارتی ئەوە ئاسانتر بێت، چونكە ناوەندێتی (مەركەزییەت) بەهێزترەو سەركردەو كادرانی پارتی گوێڕایەڵی زیاتری سەركردایەتی حزبن، بەڵام لەناو یەكێتی ئەوە مێژووە كە دیسپلینی حزبایەتی لاوازەو بەقسەی سەركردایەتی ناكەن، بۆیە لەوێ زەحمەتترەو كاتی زۆرتری دەوێت، ئەگەر قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی ئەوە بكەن و لەخۆیانەوە دەستپێبكەن باشتر دەبێت.