سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك ناكەین
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات سازش لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك ناكەن بۆ پارتی و دەشڵێت:» بڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بەدوورخراوەكانی یەكێتی بڕیاری سەركردایەتیشە».
پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوەش دەخاتەڕوو كە سەركردایەتی كەم ناكرێتەوەو دەستكاریش ناكرێت چونكە ئەوە دەبێت لەكۆنگرەدا بڕیاری لەوشێوەیە بدرێت.
هاوڵاتی: گۆڕانكارییەكانی یەكێتی لەسەر چی بنەمایەك كراون؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئەو گۆڕانكاریانە كۆمەڵێك گۆڕانكارین كە بۆ باشتركردن و كاراكردنی ئۆرگانەكانن، لەداهاتووشدا لەهەر شوێنێكی دیكە پێویست بكات، گۆڕانكاری بكرێت دەكرێت و گۆڕانكاری ئاسایی حزبییە.
هاوڵاتی: قسەیەك هەیە كە دەسەڵاتەكان دراون بە بافڵ تاڵەبانی بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بكات، سەركردایەتی هیچ رایەكی هەبووە لەم مەسەلەیەدا یاخود بڕیارەكان تەنیا لای بافڵ تاڵەبانین؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: بەڵێ سەركردایەتی رای هەبووە لەسەر گۆڕانكاری و رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان، بۆ ئەو بابەتانە زۆرینەی سەركردایەتی دەسەڵاتی بڕیاردانی داوەتە كاك بافڵ وەكو هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەو دەسەڵاتانەی پێدراوە كە گۆڕانكاری و چاكسازی لەكوێ پێویستە لەناو ئۆرگانەكاندا ئەنجام بدات.
هاوڵاتی: لەدوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمموزەوە تائێستا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێـتی كۆنەبووەتەوە، ئایا دوای ئەم گۆڕانكاریانە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش گۆڕانكاری تێدا دەكرێت؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: سەركردایەتی كەم ناكرێتەوە و دەستكاریش ناكرێت چونكە ئەوە دەبێت لەكۆنگرەدا بڕیاری لەوشێوەیە بدرێت، ئەوەی دەكرێت رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان و چاكسازییە، هەر هەنگاوێكی تر بێت لەچوارچێوەی كاری حزبی دەكرێت، بەڵام هەندێك گۆڕانكاری هەیە دەبێت لەكۆنگرە یاخود پلینیۆم بڕیاری لێبدرێت، وەكو كەمكردنەوە هیچ بڕیارێكی لەوشێوەیە نییە.
هاوڵاتی: ئایا پێش كۆنگرەی یەكێتی پلینیۆم ئەنجام دەدرێت؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: هەر قسەیە جارێ.
هاوڵاتی: سەركردایەتی یەكێتی لەئایندەیەكی نزیكدا كۆدەبێتەوە؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: پێشتر سەركردایەتی یەكێتی كۆبووەتەوە بەڵام رەنگە هەمووی پێكەوە كۆنەبووبێتەوە، كاك بافڵ لەماوەی رابردوودا لەگەڵ سەركردایەتی هەموو ناوچەكان كۆبووەتەوە، ئەویش بۆخۆی جۆرێكە لەكۆبوونەوە، ئەگەر كۆبوونەوەی دیكەش پێویست بكات دەكرێت.
هاوڵاتی: لەسەر پۆستەكانی بەغدا یەكێـتی دەیەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، بەڵام پارتی دەڵێت ئێمەش كاندیدمان هەیە باس لەوەش دەكرێت جگە لە دكتۆر بەرهەم، مەلا بەختیاریش خۆی كاندید دەكات، ئەم پرسە چۆن چارەسەر دەكرێت؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: هەر پۆستێك كە یەكێتی بەئیستیحقاقی خۆی بزانێـت خۆی كاندیدی خۆی دیاریدەكات، پۆستی سەرۆك كۆماریش بەهەمانشێوە ئیستیحقاقی یەكێتییە، تەنها یەكێتی خۆی كاندیدی خۆی دیاری دەكات، كە گفتوگۆكان دەستپێدەكات بۆ دروستكردنی حكومەت و پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە ئینجا رەنگە باس لەكەسێك بكرێت.
هاوڵاتی: سەبارەت كۆبوونەوەی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی باس لەوەدەكرێت لەسەر زۆر شت كۆكبوون، ئایا هیچ شتێكی كۆبوونەوەكەی بۆ ئێوە باس كردووە؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: بێگومان كاك بافڵ هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوەبووە كە كۆدەنگییەك دروست بكات پێشتر لایەنی دیكەشی بینیوە لەو چوارچێوەیەدا بووە وەكو كورد دەبێت یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین، پێویستە ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتییمانیان هەیە كۆك بین لەسەری، پێویستە پرۆژەیەكی نیشتیمانیمان هەبێت و بیكەینە بنەڕەتێك بۆ گفتوگۆكانمان لەدانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق.
هاوڵاتی: وەفدێكی پارتی سەردانی سلێمانی كرد، باس لەوەشدەكرێت رەنگە رێككەوتنی ستراتیژی تازە بكرێتەوە یاخود رێككەوتنێكی دیكە ئەنجام بدرێت، هیچ گفتوگۆیەك هەیە لەوبارەیەوە؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: لەماوەی رابردوودا كۆمەڵێك كۆبوونەوە كراوەو هاتنی پارتیش بۆ دەباشان كۆبوونەوەیەكی باش كرا كە تێگەیشتنی باش هەبووە لەسەر زۆر بابەت، لەداهاتووشدا كۆبوونەوەی دیكە دەكرێت بۆ كۆمەڵێك بابەت و پرسی گرنگ لیژنەی هاوبەش دادەنرێت هەوڵەكانیش بۆ ئەوەیە كە كورد پێكەوە بچێتە بەغداو پرۆژەی هاوبەشی هەبێت.
هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت كە پارتی بۆیە باسی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكات تا پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرێت؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: هەمیشە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بووە، لەبەرامبەردا رێككەوتنێك هەبووە كە پۆستی سەرۆكی هەرێم و چەند پۆستێكی دیكە بۆ پارتی بوون، جگە لە رێككەوتنی ستراتیژی چەندین رێككەوتنی دیكەمان لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ رێككەوتنێكیش بە فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە.
لەمەسەلەی پارێزگاری كەركوكیشدا بەهەر پێوەرێك بیپێویت ئیستیحقاقی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، بەهیچ شێوەیەكیش گفتوگۆی لەسەر ناكرێت، بەتایبەت پارێزگاری كەركوك، چونكە بەدەنگیش زۆرترین دەنگی كەركوكمان هێناوە وەكو كورسیش زۆرترین كورسیمان هەیە لەواقیعی كەركوك و خەڵكەكەشی هەر ئەوە دەڵێ كە دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ ئێمە بێـت.
هاوڵاتی: ئەگەر بێتو پارتی سوربێت لەسەر ئەوەی كاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئێوە چی دەكەن؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئێمە هیوادارین رێككەوتنی لەسەر بكرێت، وەكو هەموو پۆستەكانی دیكە كە پەیوەندی بەكوردەوە هەیە نەبێتە هۆی ئەوەی كێشەی لەسەر دروست ببێت، بۆئەوەی هەرچی هەوڵ و توانامان هەیە یەكی بخەین تا بتوانین پێكەوە داكۆكی لەمافەكانی كورد بكەین، كاتیش ماوە بۆ گفتوگۆكردن بێ ئەوەی بگاتە ركابەری لەسەر پۆستەكە.
هاوڵاتی: دەوترێت ئەگەر سەدریەكان بێنە سەر دەسەڵات و كازمی دووربخەنەوە مەترسی لەسەر كوردستان دروست ببێت چونكە سەدر پێشمەرگەی بەمیلیشیا ناوبردووە؟ ئایا پێویستە چی بكرێت؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: مەسەلەی یەكدەنگی زۆر گرنگە، مەترسیەكان تەنها بابەتی عەرەبی شۆڤێنی نییە، رۆژانە هەرێمی كوردستان لەژێر چەندین مەترسیدایە، وەك چۆن لەچەند رۆژی رابردوودا داعش پەلاماریدا هەروەها مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكان، بۆیە پێویستە لایەنەكان یەكدەنگ بن، مەسەلەی سەدریش من پێم وایە ئەوەی كە باسی پێشمەرگەی كردووە زیاتر دەچێتە چوارچێوەی موزایەدەی سیاسی و راكێشانی سۆزی شەقام، ئەگەرنا پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق و بابەتێكە لەدەستووردا هاتووە، ئەگینا بەقسەی كەس پێشمەرگە نابێت بەمیلیشیا و هێزێكە رۆڵێكی سەرەكی هەیەو وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
هاوڵاتی: پرسی ئەو كەسانەی دوورخراونەتەوە لەیەكێتی كۆتایی هاتووە؟ یاخود ماوەتەوە بۆ دانوستان چونكە قسەی جیاواز لەسەر ئەو پرسە دەكرێت؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئەو پرسە كاك بافڵ قسەی لەسەر كردووە، قسەی ئەویش قسەی هەموومانە، ئێمە هەموو بڕیارێكمان داوەتە دەستی كاك بافڵ كە ئەویش ئەو قسەیەی كردووە حەتمەن قسەی هەموو سەركردایەتییە.
هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت ماوەیەكی دیكە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ببێتە سكرتێری گشتی، باس لەدانانی دوو جێگریش دەكرێت یەكێكیان هەولێری و یەكێكیان كەركوكی، ئەمە باس كراوە؟
پۆڵا سیروان تاڵەبانی: ئاگاداری هیچ بابەتێكی لەوشێوەیە نیم، بەڵام ئۆرگانە حزبیەكان رێكدەخەینەوە و قۆناغێكی تازە دەستپێدەكەین بۆ زیاتر رێكخستنەوە و كاراكردنەوەی ئۆرگانە حزبیەكان لەوچوارچێوەیەشدا چی پێویست و چی باش بێت ئەوە دەكرێت.