هێز هێزی یەكێتییەو نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت
مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزی 70ی یەكێتی بۆ هاوڵاتی:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: مەزهەر كەریم
فەرماندەی هێزی 70ی یەكێتی ئاماژە بەوە دەدات كە بافڵ تاڵەبانی ئەوەی راگەیاندووە كە نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت و دەشڵێت:»هێز هێزی یەكێتییەو نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت».
مستەفا چاورەش، فەرماندەی هێزی 70ی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی باسی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و ئەوەش ئاشكرا دەكات كە» وەك یەكێتی ئێستا ئەوی كە هەمانە بیستو هەشت لیوامان هەیە بێجگە لەوەی وەزارەتو برادەرانی پارتیش رەنگە زیاتریان هەبێت».
هاوڵاتی: یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەچی ئاستێكدایە واتا هێزەكانی 70و 80 دەڵێم چی بەسەرهات؟.
مستەفا چاوڕەش: یەكخستنەوەی پێشمەرگە ئیشی رۆژو دوو رۆژو خەیاڵیو كۆمەڵێك قسە نیە، ئێمە دوو هێزی سەرەكین یەكێتیو پارتی دوو هێزی گەورەین كە چەكمان بەدەستەوەیە هەردوولا قیادەی خۆی هەیە.
بۆ خۆم لەڕابردوودا یەكێك بووم لەوانەی لەگەڵ هێزەكانی برادەرانی فەلكو فەرماندەیی خۆمان لەساڵانەكانی دوای رووخانی سەدام حسێن دەیان كۆبوونەوەمان كردو وە بەحزوری مام جەلالو كاك مەسعودو هەردوو فەرماندەییەكە ئەوەی كە بۆمان كرا لەڕابردوودا چواردە لیوامان تەشكیل كردووە لەوەزارەتی پێشمەگە، ئێمەو برادەرانی فەلەك كەدادەنیشتین جارێك ئێمە دەچووین بۆ هەولێر جارێك ئەوان دەهاتن بۆ سلێمانی، ئەوكاتەی كاك كۆسرەتیش سیحەتی باش بوو بەشداری دەكرد لەگەڵماندا، زۆر لەو لیوایانەمان خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەو چواردە پانزە لیوایەی خۆمان لەبەینی خۆماندا ئیتیفاقمان كردووە ئیشی خۆی دەكات.
وەك یەكێتی ئێستا ئەوەی كە هەمانە بیستو هەشت لیوامان هەیە بێجگە لەوەی وەزارەتو برادەرانی پارتیش رەنگە زیاتریان هەبێت، ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەوەی كە هاوپەیمانەكانیش هاتوون داوامان لێدەكەن چەند كۆبوونەوەیان بەحزور لەگەڵ هەردوولادا كردووە، داوامان لێدەكەن هێزی پێشمەرگە یەكبخرێتەوە، پێش هەموو شتێك دەبێت خۆمان قەناعەتی ویژدانی خۆمان هەوڵبەین ئەم هێزە بكەین بەهێزی هەموو خەڵك.
پێنج شەش مانگ پێش ئێستا هێزەكانی پشتیوانیمان پێیان دەوت سەرۆك ئەركانو ئەوانە لەهەوەڵدا ئێمە نۆ هەزارمان هەبوو ناردمان، دوایی وتیان زۆرە، پێنج هەزارو تەقریبەن پێنج سەد كەس لەهێزی پشتیوانی ئەوەی تۆپو دەبابەیەو ناقیلەیەو سیلاحە قورسەكان هەموویمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگەو كیتابمان كردووە چۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە كیتابی بۆ كراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بیستم دوێنێ پێرێ ئەوەشیان ئیمزا كردوەو برادەرانی پارتیش عەینی شتیان كردووە ئەمە بۆ یەكگرتنەوەیە.
هەروەها لیوایی شانزەمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا لەواجبدایە لە مەنتیقەی کوڵەجۆو لایی كەركوك لیوایی حەڤدەمان تازە ماوەی یەك دوو مانگە خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەواجبدایە، لیوای تریشمان خستۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەحزوری كاك بافڵ بەشداری كردووە لەهەندێك كۆبوونەوە لەگەڵماندا، رێنمایی كردووین لەگەڵ ئەو برادەرانەی كە مەعنین لەگەڵ فەرماندەییو لیژنەكانیان چوون بۆ شوێنەكان لەبەرئەوە ئەمانەشمان هەمووی حازركردووە هەنگاو بەهەنگاو كارەكان دەكەین تا لەساڵی داهاتوودا بتوانین ئەو هێزە بكەین بەهێزی وەزارەتی پێشمەرگە.
هاوڵاتی: یەكخستەوەی پێشمەرگە بەوشێوەیە دەبێت ئاخۆ ئامر لیوا پارتی بووە جێگرەكەی یەكێتی بووە یان بەپێچەوانەوە؟
مستەفا چاوڕەش: ئەوە نابێت بەكێشە، كێشەی ئێمە دوژمنەكانمانن، ئێمە دەبێت هەوڵبدەین بەیەك دڵ ئیش بكەین لەعەینی كاتدا لەمەودوا كەلیواكان دەكەین بەیەك لیواكەی یەكێتی بایەكێتی بێت، لیواكەی پارتی با پارتی بێت، بەڵام هەمووی سەر بە وەزارەت بێت، ئەمەش هەنگاوێكە بۆئەوەی ئەو ورتە ورتە نەمێنێت بۆ جێگرەكەی فڵانە بۆ جێگرەكەی تەرەفی ترە هەوڵدەدەین ئەو هێزانەی حازریان دەكەین هەمووی سەر بەوەزارەت بێت.
هاوڵاتی: دواخستی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەتەواوی هۆكارەكەی سیاسیە یان لەڕووی داراییەوە گرفتتان بۆ دروست بووە؟
مستەفا چاوڕەش: خەڵك دەڵێت هێزی پێشمەرگە دەبێت یەكبخرێتەوە، ئەی مەسەلەی ئیقتیسادی لەهەموو شتێك گرنگتر نیە، پێشمەرگە معاشی دەوێت داعش لەمڕۆژانەدا بۆچی زەفەری پێبردین غەیری ئەوەی ئێمە ئەو ئیمكانیەتو شتەی مەفروز بوو ئەو پێویستیانەی كە هەیە بۆ هێزەكان، ئەو شتەی داعشێك بەو هەمووخراپیەی خۆیەوە هەندێك چەكی هەبێت ئێمە نەمانبێت ئەوان هەیان بێت، تۆ ئەو هەموو هێزە یەكدەخەیت نابێت مقەڕاتی باشی هەبێت، ئەوەی ئێستا هەیە دەبێت باشتری بكەین.
هاوڵاتی: لەسكرتاریەتی مام جەلال چەند لیوایەك یەكدەخرێت قوباد تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات ئەوە چۆنەو ئێوە ئاگادارن؟
مستەفا چاوڕەش: ئەوە ئیلاقەی بەسەر ئیشی پێشمەرگەوە نیە، ئیشی سكرتاریەتی مام جەلالو هەر هێزێك هەبێت هێزی مام جەلال یان هێزی هەر كاكێك لەكاكەكان سەر بە هێزی ئەم حەفتایەیە، بەڵام دیارە هەندێك تایبەتمەندی خۆی هەیە كاك كۆسرەتیش لیوایەك یان دوانی هەیە، بەڵام ئەوە جگەلەوەی پێویستیەكانی خۆیان دەكەن، بەڵام سەر بەهێزەكانی حەفتان، رۆژی دووشەمەی ئەم هەفتەیە كاك بافڵ دەڵێت دەبێت هەموو هێزەكان لەژێر ئەمری هێزەكانی حەفتادا بن نابێت هەركەسەو بەهەوەسی خۆی هێزی هەبێت.
هاوڵاتی: بەكرداری قسەكانی بافڵ تاڵەبانی دەست بەجێبەجێكردنی كراوە كە هێزەكان لای بەرپرسان نەمێنن؟
مستەفا چاوڕەش: هێز هێزی یەكێتیە كەس لەپێشمەرگە قارەمانترنیە، ئەوانەی ئەو هێزانەیان هەیە هەموویان مولزەمن، ئەگەر هێز هەبێت لەدەرەوەی یەكێتی تەمەننا دەكەم ئەوەش رێكبخەینەوە.
هاوڵاتی: لەكۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم باسی لەوە كرد هەرچی لەتوانایدا بێت دەیكات بۆ هێزەكانی پێشمەرگە؟بەكرداری هیچ شتێك بۆ پێشمەرگە جێبەجێكرا؟
مستەفا چاوڕەش: لەوێ بووم بۆ رۆژی دواتر پەنجا دوربینی حەراریان هێنابوو دابەشی هەشت میحوەرەكە كراوە، چواریان لایی پارتیەو چواری لای ئێمەیە، وەعد دراوە ئەو كەموكوڕیەی دیكە كە هەیە چارەسەر بكرێن، هەر بۆ رۆژی دوایی تر دوو لیژنەیان ناردووە بۆ خوارەوەی جەبهەكان لەڕووی سەنگەرەوە لەڕووی پێویستیەكانەوە قسەی لێكراوە، تەمەنا دەكەین ئەوەی باسكراوە جێبەجێ بكرێت.