دوكانێكی وێنەگرتنی لەكەمپێكی ئاوارەكان بۆ بووك‌و زاواكان كردووەتەوە

كچە كورتەباڵایەكی ئێزیدی 15 هەزار وێنەی ژیانی ئاوارەیی بەكامێراكەی ئەرشیف دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

نیسان ناوی كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەتی ئاوارەی ئێزیدییە لەماوەی حەوت ساڵدا لەكەمپی كەبەرتووی سەر بەدهۆك دەژی 15 هەزار وێنەی ئاوارەیی ئەرشیف كردووەو دەڵێت:»دەمەوێت ئازاری ئێزییدیەكان پیشانی جیهان بدەم». 

نیسان میرزا ، تەمەن 21 ساڵ ، خەڵكی قەزای شەنگالە، خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام هیچ رۆژێك بیری لەوە نەكردووە كە ئەو جیاوازە لەگەڵ خەڵكی تر، بەڵكو وەكو كەسێكی ئاسایی رەفتاری لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا كردووە، بەدوو شێوە خزمەت بەئاوارەكانی كەمپی كەبەرتوو دەكات.

یەكەم هەزاران وێنەی خۆشی و ناخۆشی دانیشتووانی كەمپی كەبەرتوو لای خۆی پاراستووە، جگە لەمەش وێنەی هەزاران ئاوارەی ئێزیدی لای ئەوە هەر لەپیاوی بەتەمەن تا بچووكترین منداڵ، دووەم دوكانێكی تایبەتی كردووەتەوە بۆ وێنەگرتنی ئەو كچ و كوڕانەی دەچنە ناو ژیانی هاوسەرگیری لەكەمپی كەبەرتوو و هەموو ئاوارەكانی سنوری پارێزگای دهۆك، لە رێگای دوكانەكەی داهاتێك بۆ خۆی و خێزانەكەی دابین دەكات.

نیسان میرزا لەلێدوانێكدا بە وت:»  لەئابی 2014 كە هاتینە كەمپ، ئەوساڵ خوێندنم فەوتا، ئەوەش بەهۆی ژیانی ئاوارەیی نەمتوانی بخوێنم ،بەڵام بۆ ساڵی دووەم  بڕیارمدا هەرچونێك بێت دەست بەخوێندن بكەم، چوومە خوێندنگا بەڵام بەهۆی كورتەباڵاییەوە رووبەڕووی توانجی زۆر بوومەوە، رۆژێك دوو نەمتوانی بەردەوامی بەخوێندنی خۆم بدەم، بۆیە وازم لێهێنا ، ساڵی یەكەم پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بووم ، دوای دوو ساڵ جارێكی تر بڕیارمدا بچمەوە خوێندن  ئێستا پولی نۆیەمی بنەڕەتیم».

«زۆر حەزم لە وێنەگرتنە، سەرەتا بە باوكم وت حەزدەكەم كامێرایەكم  بۆ بكڕی هەرچەند دۆخی ئێمە لەڕووی داراییەوە زۆر خراپ بوو، بەڵام دڵی منی نەشكاند، ئەو رۆژە لام خۆشترین و بەتامترین رۆژ بوو، چونكە خەونی من ئەوە بوو ببم بە خاوەن كامیرایەك ، هەر رۆژی دواتر لەبەیانیەوە تا ئێوارە دەستم بەوێنەگرتن كرد ،هەر شتێكی جوان و سەرنجڕاكێش بەچاوی كامێراكەم دەچركێنم، هەروەها ئازارو دۆخی ناخۆشی ژیانی ئاوارەیی لە رێگای كامێراكەم پێشانی هەموو جیهان دەدەم».

لەبەرئەوەی نیسان خاوەن پێداویستی تایبەتە، زۆرجار تووشی بێزاركردن و قسەی ناشیاو دەبێتەوە، بەڵام ئەو قسانە نەبوونەتە رێگر لەبەردەم نیسان تا واز لەئیشەكەی بهێنێت، لەمبارەیەوە نیسان وتی: « بێگۆمان ئەو قسانە بۆ من زۆر ناخۆش بوون ، بەڵام بەهیوا بووم كە رۆژێك دێت خەڵك بەچاوێكی گەورەو پڕ لەخۆشەویستی سەیرم دەكەن، بۆیە بەردەوام بووم لەسەر پیشەكەی خۆم تا توانیم دوكانێكی تایبەت بە وێنەگرتن بۆ  بۆنەكان و بوك و زاوا بكەمەوە ، ئێستا خاوەن ستافێكی تایبەتم بەوێنەگرتن» .

 لەماوەی حەوت ساڵی رابوردوو، نیسان لە رێگای كامێراكەی 15 هەزار وێنەی ژیانی ئاوارەیی بە كامێراكەی خۆی چركاندووە ، وتیشی: « هەموو وێنەكان لەلای خۆم پاراستووە، ئەمەش بۆ دیكیۆمێنتكردنی ژیانی ئاوارەیی ئێزیدییەكانی شەنگال لەسنوری پارێزگای دهۆك، تا هەموو خەڵك بزانیت لەماوەی حەوت ساڵی  رابوردوو ئاوارە ئێزیدییەكان چۆن ژیاون ، كێشەكانیان چی بوون، سەرەتا كۆمەڵێك كەس بەمنیان دەوت ئەم كارەی تۆ دەیكەی بۆچییە یان چ قازانجێكی هەیە، بەڵام ئێستا بۆ هەموو ئەو كەسانە روون و ئاشكرابووە كە ئەو ئیشەی من كردوومە خزمەتێكی گەورەیە بۆ ئاوارەكانی شەنگال«.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار