هەسەدە هەوڵی هەڵاتنی پێنج هەزار ئەندامی داعشی شكست پێهێنا

چەكدارانی داعش لەدەرەوە و شانە نوستوەكانیشیان لەناوەوە پەلاماری هێزە كوردیەكانیاندا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، دۆخی گرتوخانەی غوێرانیان كۆنترۆڵ كردووە، كە چەكدارانی داعش لەدوێنێوە پشێوییان تێدا دروستكردبوو، بەڵام هەندێك سەرچاوەی هەواڵ باس لەهەڵاتنی 20 زیندانی داعش و كوژرانی چەند ئەندامێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات و چەند چەكدارێكی هێرشكاری داعش دەكەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لەبارەی ئەو ئاڵۆزییەی شەوی ڕابردوو چەكدارانی داعش لە گرتوخانەی غوێران لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان دروستیان كرد، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بە هاوكاریی هەسەدە، دۆخی ناو گرتوخانەكەیان كۆنترۆڵ كردووە، دوای ئەوەی چەكدارانی داعش بەتانیی و ماددەی پلاستیكییان لەناو گرتوخانەكەدا سووتاندووە، بۆ ئەوەی ئاڵۆزیی دروست بكەن. هەر لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ژمارەیەك ئەندامی شانەی تیرۆرستیی، كە لەدەرەوەی تەلبەندەكانەوە هێرشیان كردە سەر گرتوخانەكە، بەرەو

گەڕەكی زهور لەنزیكی گرتوخانەكە هەڵهاتن و خۆیان لە ماڵی هاوڵاتیاندا حەشارداوە، هێزەكانی سنوورەكەش، ناوچەكەیان گەمارۆداوە. هەسەدە دەشڵێت هێشتا دۆخی ئەمنیی دەوروبەری گرتووخانەكە ئاسایی نییە و چەكدارانی داعش هاووڵاتیان وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنن.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی هەسەدە شانەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە گەڕەكی زهور و هەندێك ناوچەی دەوروبەری لەرووی باكوورییەوە خەڵكی مەدەنی وەكو قەڵغانی مرۆیی بەكاردەهێنن، هەندێك راپۆرت باس لەوەدەكەن چەند كەسێكی مەدەنییان كوشتووە لەوانەی ئامادەنەبوون فەرمانەكانی ئەو شانانە جێبەجێ بكەن و ئامادەنەبوون ماڵەكانیان بەجێبهێڵن و بچنە ناوچەی دیكە.

شەوی 20ی كانوونی دووەمی 2022، هێزەكانی سووریای دیموكرات زانیاری لەبارەی دروستبوونی پشێوی لە گرتووخانەیەكی شاری حەسەكە كە ژمارەیەك ئەندامی داعش تێیدا بەندكراون، بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، دوای ئەوەی شانە نووستووەكانی داعش لە حەسەكە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان لە نزیك گرتووخانەی گوێران تەقاندەوە، ئەندامانی داعش لە ناو گرتووخانەكەدا دەستیان بە یاخیبوون كرد و هەوڵی هەڵاتنیان دا، دواتر شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەسەدە و شانە نووستووەكانی داعش لە گەڕەكەكانی دەرەوەی گرتووخانەكە دروستبوو.

هەر سەبارەت بە رووداوەكەی حەسەكە، دەزگای هەواڵگریی سەربازیی عێراق، برووسكەیەكی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، تێیدا هاتووە:بەپێی زانیارییەكانمان كە لەیەكێك لە هاوكارانمانەوە پێمانگەیشتووە كاتژمێر 9ی شەوی 20ی كانوونی دووەمی 2022، لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو كە دواتر رووبەڕووبونەوەی چەكداریی بەدواداهات، گرتووخانەی پیشەسازی لە پارێزگای حەسەكە لە سووریا رووبەڕووی هێرشێكی تیرۆریستی لەلایەن چەكدارانی داعش بووەوە.

 بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكە دەردەكەوێت تیرۆریستان نیازیان هەبووە چەكدارەكانیان كە ژمارەیان پێنج هەزار چەكدار دەبێت ئازادبكەن، كە زۆرینەیان لە سەركردە باڵا مەترسیدارەكانن و بیاننێرن بۆ عێراق بۆ پشتیوانیكردنی ریزەكانیان. لەدوای كۆتایی هاتنی تەواوەتی داعش لە ساڵی 2019 لە كۆتا پێگەی ڕێكخراوەكە لە باغۆزی سوریا، نزیكەی 62 هەزار ژن و منداڵ و پاشماوەی چەكدارانی داعش كرانە چەند كەمپێكەوە لە سوریا، هەرچەندە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان چەندین جار هۆشداری داوە لە مەترسی كەسوكاری ئەو چەكدارانە بەڵام تائێستا بەشێك لەوڵاتان ئامادەنین ئەو كەسانە وەربگرنەوە كە زیاتر لەنیوەیان بیانین و خەڵكی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و ئاسیای ناوەڕاستن، ئێستاش زیاتر لە 42 هەزار لە كەسوكاری چەكدارانی داعش لەو كەمپانەدا ماون كە كەمپی هۆل لە حەسەكە گەورەترینیانە.

یەكەمجار نییە چەكدارانی داعش هەوڵی هەڵاتن دەدەن لە زیندانیەكان لەسوریا و عێراق، بەڵام ئەم هەڵاتنەیان گەورەترین هەوڵی هەڵاتنە،كەمپی غوێر كە ئەمجارە چەكدارانی داعش هەوڵیاندا بیشكێنن و زیندانیەكانی ناوی بهێننە دەرەوە نزیكەی پێنج هەزار ئەندامی داعشی تێدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار