تیرۆری سپی، لە2021 دا

ســـەرکۆ یونس

3 ساڵ لەمەوپێش



ســـەرکۆ یونس

* ڕووداوەکانی هاتوچۆ، بەیەکێک لەهۆکارەکانی لەناوچونی مرۆڤ، ئەژمار دەکرێت، ساڵانە لەجیهاندا بەسەدان و هەزاران هاوڵاتی بەم هۆکارە گیان لەدەست دەدەن و هەندێکیش دەبنە کەمئەندام وپەکەوتە، تاکۆتایی تەمەنیان بەئازارەوە دەتلێنەوە.

ئامارەکان، ئاماژە دەکەن ساڵانە نزیکەی (1.200.000) کەس بەرووداوەکانی هاتوچۆ گیان لەدەست دەدەن. لەهەرێمدا، ساڵانە ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەرزبونەتەوە و جێگای باسکردن و هەڵوەستە لەسەر کردنە.

لەدواین ئاماری بەڕێوەبەراتی گشتی هاتووچۆی هەرێمدا هاتووە، لەساڵی 2021 دا، (4119) ڕوداوی هاتووچۆ تۆمارکراوە و لەم ژمارەیە ( 662 ) مردوون و (7120 ) بریندارو کەمئەندام بوون. ئەم ئامارانە ترسناکن و جێگای سەرنجن، بەداخەوە ساڵ لەدوای ساڵ، ئامارەکان زیاتر هەڵدەکشێن و ڕووداوەکان زیاتر دەبن، لەساڵی 2020 دا نزیکەی( 2897 ) ڕووداوی هاتوچۆ تۆمارکرا و ( 432 ) کەس گیانیان لەدەستداوە و ( 4772) کەسیش بریندارو کەمئەندام بوون. جێگای ئاماژە پێدانە، ژمارەی ئۆتۆمبێل لەهەرێمدا، گەشتووەتە(1.961) ملیۆن ئۆتۆمبێل، تەنها لەساڵی ڕابردودا (122)هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون.

لەناوچوونی مرۆڤ، بەهەر هۆکارێک بێت، بەمانای لەدەستدانی سەرمایەی مرۆیی دێت، گرنگترین ئامانجی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگایەک، خودی مرۆڤـــە. کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان، لەماوەی دوو دەیەیی رابردوودا تووشی زۆرترین ڕوداوی هاتووچۆ بووە، بەشێوەیەک لەهەر چەند خولەکێکدا ڕوداوێکی هاتووچۆ تۆمارکراوە، بێ گومان هۆکارەکانی ڕوداوی هاتوچۆ لەهەرێمدا، زۆر و جۆراوجۆرن، لێرەدا بەکورتی تیشک دەخەینە سەر هەندێکیان:-

1- خراپی ڕێگاوبانەکان و یەک سایدی هاتوچۆو لەنێوان بەشێکی شاروشارۆچکەکانی کوردستاندا، هەروەها نەبوون و کەمی هێماکانی هاتوچۆ لەڕێگاکاندا، بەتایبەت ڕێگای گوندەکان.

2- زۆری ڕێژەی ئۆتۆمبێل و بەردەوام هاوردەکردنی بەبێ گوێدانە ڕوبەری هەرێم و ژمارەی دانیشتوانی، بەشێوەیەک کەلەهەرێمدا نزیکەی( 2 ) ملێۆن ئۆتۆمبێل هەیە و ساڵانە ئەم ڕێژەیە بەرزتر دەبێتەوە.

3- ناهۆشیاری بەشێکی زۆری شۆفێران بەگشتی و گەنجانی شۆفێر بەتایبەتی، لەتیژڕەوی و گوێنەدان بەیاسا وڕێنماییەکانی هاتوچۆدا.

4- ئاسانکاری لەوەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری و هەندێجار گەندەڵی و پێدانی بەرتیل پرۆسەکەی ساناتر کردووە.

5- گەورەبوونی قەبارەی دانیشتوان وهاتوچۆی زۆری هاوڵاتیانی ناوەڕاست وباشوری عێراق و هێنانی ئۆتۆمبیلی تایبەتی بۆ گەشت و لایەنی بازرگانی بۆ شاروشارۆچکەکانی هەرێم و سەرئەنجام قەرەباڵغی زیاتر پەیدا دەبێت. لەڕاستیدا، دەرئەنجامەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، چەند لایەنەیە، بەوپێیەی ڕوودانی هەر ڕوداوێکی هاتوچۆ، بە زیانی ئابوری ئەژمار دەکرێت و زەرەرە لەداهات وسامانی خێزان و کۆمەڵگا، بەشێوەیەک ئەگەر تێکڕای زەرەروزیانەکان بەگریمانە وەربگرین، بەسەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، تەنها لەساڵی 2021 دا زیاتر لە(9) هەزار ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە.

لەلایەکی ترەوە، ئەم زەرەروزیانانە هەر ئابوری نییە، بەڵکو زیان لەسەرمایەی مرۆیی کۆمەڵگا دەدات، بەلەناوچوون یان کەمئەندامبوونی هاونیشتیمانیان، بەداخەوە لەزۆربەی ڕووداوەکاندا، گەنجان قوربانی سەرەکین، هەندێجاریش کێشەی کۆمەڵایەتی و لەیەکترازانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی پەیدا دەبێت. جێگای خۆیەتی، لایەنەپەیوەندیدارەکان بەگشتی وەزارەتی ناوخۆ وبەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم بەتایبەتی.

بەبەرنامەو پلانی زانستی و واقعی چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دیاردە مەترسیدارە بدۆزنەوە و لەهەوڵی چارەسەردا بن، تا چیتر سامانی مرۆیی و ئابوری هەرێم بەرەو لەناوچوون نەچن. بەئومێدین لەساڵی نوێدا، ئامارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەساڵی ڕابردوو کەمتر بێت و بەهیوای سەلامەتی بۆ هاونیشتیمانیان.

*ئابووریناس

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار