زیندانەكانی داعش و ئەو مەترسییانەی پێشبینی کرابوو

هیوا سەید سەلیم

2 ساڵ لەمەوپێش



هیوا سەید سەلیم

شەڕی تیرۆریستانی داعش لەسوریا و رۆژئاوای کوردستان و ئازادکردنی شاری رەققە، کە تیرۆریستانی داعش دوای راگەیاندنی خەلافەتەکەیان کردبوویان بەپایتەختی خۆیان، لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، چەندە بۆ شەڕڤانان دەستکەوتێکی سیاسی و سەربازی بووە، هێندەش گرفتی درووستکردووە  بۆیان.

دوای ئازادكردنی رەققە ئۆپەڕاسیۆنی باهۆز دەستی پێکرد، کە دوایین سەنگەری بەرەی تیرۆریستانی داعش لەو ئۆپڕاسیۆنەدا تێکشکێندرا، لەوێ بەسەدان تیرۆریست لەلایەن هەسەدەوە بەدیل گیران، پێشتریش بەهەزاران خێزانی داعش لە رەققە کەوتبوونە دەست شەڕڤانان، لەنێو ئەو چەکدارو خێزانانە هاووڵاتی جیاوازی وڵاتان هەبوون، تیرۆریستی تاوانباری گەورە هەبوون، کە لەزۆر شوێنی جیهان كردەوەی تیرۆریستی گەورەیان ئەنجامداوە.

دوای گیرانی ئەو تیرۆریستانە، ژن و منداڵی داعشەکان لەکەمپی هۆڵ کۆکرانەوە کە ژمارەیان دەیان هەزار کەس دەبوو، چەکدارە دیلەکانیش کە نزیکەی شەش هەزار كەس دەبوون، خرانە زیندانەکانی حەسەکە و دێرەزۆر، بەڵام گرفتێكی گەورە لەو ژمارە زۆرەی دیلەکانی داعشدا هەبوو، کە لە رووی ئیدارەدان و پاراستنی ئەمنیەتی زیندان و کەمپەکان ئەرکێکی قورس دەکەوتە ئەستۆی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

شایانی باسە لەنێو چەکدارە دیلەکاندا هەڵگرانی رەگەزنامەی ٥٤ وڵاتی جیاواز هەبوون، هەر لەگەڵ تەواوبوونی شەڕ بەرپرسانی ئیدارەی خوجێیی رۆژئاوا بانگەوازیان بۆ ئەو وڵاتانە کرد کە چارەیەک بدۆزنەوە بۆ هاووڵاتیانیان کە ساڵانێک بوو لە ریزەکانی داعش چەکیان هەڵگرتبوو.

وێرای بانگەوازو هەوڵی زۆری دیپلۆماسی بەرپرسانی رۆژئاوا، بەڵام هیچ یەک لەو وڵاتانە، بە تایبەت ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورپایی ئامادەنەبوون خۆیان لەهاووڵاتییە داعشەکانیان بە خاوەن بکەن.

 لەبەرامبەر بەردەوامی مانەوەی داعشە دیلەکان و خێزانەکانیان لە کەمپ و زیندانەکان، ئەوان هەوڵی زۆریان دەدا بۆ دەربازبوون لە دیلی و ژێردەستەیی شەڕڤانان.

لەکەمپی هۆڵ ژنان هێرشیان دەکردەسەر پاسەوانی کەمپەکان، لە زیندان داعشەکان کە ئەزموونی زۆریان هەبوو لە لێدانی تونێڵ و هونەری شکاندنی زیندان هەوڵی ڕاکردنیان دەدا. فشاری ئەوانە وایکرد ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بۆ چارەسەری گرفتی زیندانیانی داعش بیر لە دەرچەیەکی یاسایی بکاتەوە .

لە تەمموزی ٢٠١٩ لە شاری قامیشلۆ بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە خەڵکی یاسایی و ئەکادیمی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان کۆنفراسێک لەژێر ناونیشانی ( دیداری جیهانی سەبارەت بەداعش ئاڵنگاری و ستراتیژی رووبەڕوبوونەوە) بۆ ماوەی دوو رۆژ بەسترا.

لەو کۆنفرانسە پرسی دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی تیرۆرستانی داعش هاتە ئارا،. لەراسپاردەکانی کۆنفڕاسەکەی قامیشلۆ هاتبوو کە ئەگەر ئەو وڵاتانە ئامادەنەبن هاووڵاتییەكانیان وەربگرنەوە، با بێن هاوکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا بکەن لە دامەزراندنی دادگایەک لە رۆژئاوای کوردستان بۆ دادگایکردنی چەکدارانی داعش، بەڵام هیچ یەک لەو دەیان وڵاتەی کە خەڵکیان لە ریزەکانی داعشدا هەبوو، ئامادەنەبوون بە پیر بانگەوازی کۆنفڕاسەکەوە بێن.

چونکە دەیانزانی ئەگەر ئەو كارە بكەن دەبێت بچنە ژێر باری بەرپرسیاریەتی پرسێکی یاسایی، کە ئۆباڵێ بەشداری هاووڵاتیانی خۆیان هەڵگرن لەو کارە تیرۆریستیە.

لەلایەکی دیکەش تورکیا فشاری زۆری دەکرد بۆ بێئەنجام بوونی دامەزراندنی ئەو جۆرە دادگاییە، ئەویش بەهۆی ئەوەی تورکیا دەیزانی دامەزراندنی وەها دادگایەک بە پلەی یەکەم وڵاتەکەی تۆمەتبار دەبێت لەپاڵپشتی و کارئاسانی بۆ گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش لەرێگای تورکیاوە بۆ هەریەک لەعێراق و سوریا.

لەو بارەیەوە بەدەیان بەڵگەی سەلمێنەر هەیە کە بەشی زۆریان لەکۆنفڕاسەکەی قامیشلۆ خرانە بەردەم ڕای گشتی و بەشداربوونی کۆنفڕاسەکە کە چۆن تورکیا لەدامەزراندنی رێکخراوی داعش هاوکاری ئەو رێکخراوە تیرۆریستیەی کردووە و ئێستاش دەیکات.

رۆژگار هات و ڕابوورد، نە وڵاتان ئامادەبوون ئەو چەکدار و ژن و منداڵانە وەرگرنەوە، کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتەکانیان بوون، نە هاوکاریش بوون لە دادگایی كردنی ئەو تیرۆریستانەی کە زۆربەیان تاوانی گەورەی کوشتن و تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، تەنیا ئەوە نەبێت بەرێژەیەکی زۆر سنووردار چەند وڵاتێک ئامەدەیان تێدابوون هەندێک لە ژن و منداڵە بیانیەکان وەربگرنەوە.

دوایین هەوڵی داعش بۆ دەربازبوون لەزیندانەکانی هەسەدە، ئەو هەوڵە بوو کە رۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو ٢٠/١/٢٠٢٢،  داعشەکان لە دەرەوەی زیندان و ناوەوەی زیندان دایان بۆ شکاندنی گەمارۆی ئەمنی لە زیندانی پیشەسازی شاری حەسەکە.

ئەوەی لە زیندانی حەسەکە ڕوویدا ئەو مەترسیە بوو کە دەمێکە بەرپرسانی رۆژئاوا باسی لێوەدەکەن ، گومانیش دەکرێت زیاتر لە لایەنێک دەستی لەو پیلانە تیرۆریستیە هەبێت، لەو بارەیەوە باس لە رۆڵی تورکیا و سوریا دەکرێت.

بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان باس لەوە دەکەن کە تورکیا هاوکات لەگەڵ پەلاماری خۆکوژی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێڕان پەلاماری ناوچەی عەین عیسای داوە، بە مەبەستی سەرقاڵکردنی هێزەکانی هەسەدە تا نەتواننن وەک پێویست پلانی کۆنتڕۆڵکردنی زیندان سەربخەن.

جگە لەوش هەسەدە ڕایگەیاندووە کە بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستە کە ئەو چەکانەی داعشەکان بۆ پەلاماری زیندان بەکاریانهێناوە لە تورکیاوە گەیەندراونە دەست ئەو تیرۆریستانە.

بەدەر لە تورکیا باس لە رۆڵی رژێمی سوریاش دەکرێت کە لەپشتی ئەو پلانە بووبێت، ئەویش بە هاندانی ئەو عەشیرەتە عەرەبانەی ناوچەکە کە بەشێکیان ئەندامی هێزە ئەمنیەکان و سەر بە هەسەدەن.

شایانی باسە پێشتریش رژێمی سورییا لە شارەکانی رەققە و دێرەزۆر هەوڵی زۆری داوە کێشە لە نێوان خەڵکی ناوچەکە و هێزەکانی سوریای دیموکرات درووست بکات، بەڵام وەکوو پێویست سەرکەوتوو نەبووە.

پلانی داعش لەهەڵکوتانە سەر زیندانی غوێران لەحەسەکە دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو پلانە بوو کە ساڵی ٢٠١٣ تیرۆریستان توانیان زیندانی ئەبوغرێب و تاجی لە نزیک بەغدا بشکێنن و سەدان تیرۆریست لەو زیندانانە ئازاد بکەن، کە دواتر هەر ئەو تیرۆریستانە بوون جاڕی خەلافەتی ئیسلامیان لەعێراق و شام دا.

هەروەها ئەگەر ئەو پلانەی زیندانی حەسەکە سەرکەوتوو بوایە، ئەوە هیچ گومانی تێدا نەبوو کە داعش بەشیوازێکی دیکە سەریهەڵدەدایەوە و جارێکی دیکە دەبووە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، چونکە داعشەکانی زیندانی رۆژئاوا لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی مەترسیدارن. لە ئێستادا کە هێشتا روون نیە ئەنجامی ئەم کردەوانەی رێکخراوەی داعش کە وڵاتان پشتیوانیان لێکردووە بۆ ئازادکردنی داعشە دیلەکان بەکوێ دەگات.

بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت هێزەکانی هاوپەیمانان لە نێویاندا ئەمەریکاو فەڕەنسا کە زیاتر لە ئەندامانی دیکەی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش پەیوەندیدار بوون بەپرسی سوریا و رۆژئاوای کوردستانەوە خەمێکی جدی لەئەو هێزە مەترسیەی داعش بخۆن، چونکە مانەوەیان بەو شێوەیە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە.

باشترین بژاردەش بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسیە دامەزراندنی دادگایەکە لە هاوشێوەی دادگاکانی تاوانی جەنگ لە ژێر چەتری نێودەوڵەتی، تا دادگایی ئەو تیرۆریستانە بکات و بەپێی ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە سزای پێویستیان بەسەر بسەپێنێت، دواتر بخرێنە زیندانێک کە هێزەکانی هاوپەیمانن ئەرکی پاراستنی بگرنە ئەستۆی خۆیان.

ئەگەر هاوپەیمانان ئەو هەنگاوە هەڵنەینن دەبێت ئەوە بزانن ئەو جارەش پلانەکانی داعش شکست بخوات، ئەوا جاری دیکە ناتوانرێت رێگا لەو جۆرە پیلانانە بگیرێت، بە تایبەت ئەگەر فشارەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەم شێوەیە بەردەوامیان هەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار