ئێران رووی لەڕوسیاو چاوی لەئەمریکایە
گەمەی ئێران لەنێوان ئەمریکاو روسیا
3 ساڵ لەمەوپێش
روسیا و ئێران لەزۆرترین قۆناغەکانی پێنج سەدە رابردوودا رکابەرو نەیاری یەکتر بوون ، تاران دەیەوێت وا پیشان بدات ئێستا لەگەڵ مۆسکۆ لەمانگی هەنگویندان بەڵام مۆسکۆ بە نەفرۆشتنی فڕۆکە و قەڵغانی دژە موشەکی زاری تارانی تاڵ کرد.
ئێران و چین و روسیا وەک سێکوچکەیەکی ئەمنی و سەربازیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا و ئەوەش بە قۆناغێکی نوێی پەیوەدنیی نێوان تاران و ئەو دوو وڵاتە لێکدرایەوە، بەڵام چین و روسیا تا ئێستا پێچەوانەی هیچ سزایەکی ئەمریکا دژی ئێران هەنگاویان نەناوە، بۆیە نە پارەکانی ئێران لە چین ئازاد کراوەو نە روسیا ئامادەبوو چەک بەو وڵاتە بفرۆشێت.
بڕیاربو ئێران بە بڕی 10 ملیار دۆلار فڕۆکەی جەنگیی (سو 35) و قەڵغانی دژە موشەکیی (ئێس 400) لە روسیا بکڕێت و هاوکات گرێبەست و رێککەوتنی 20 ساڵەی نێوان ئەو دو وڵاتە واژۆ بکرێت کە دوو ساڵە لە لایەن ئێرانەوە رادەستی روسیا کراوە، بەڵام سەرۆک کۆماری ئێران بەدەستی بەتاڵەوە لە مۆسکۆ گەڕایەوە تاران.
گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ مۆسکۆ کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە چونکە سەرنجی زۆر هەبوو لەسەر شێوازی پێشوازیی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا لە رەئیسی.
شارەزایان پێیانوایە ئەوەی روسیا بەرامبەر ئێران کردویەتی بەجۆرێک ئاوی پاکی کردووە بەدەستی تاراندا چونکە لە ئێستادا مۆسکۆ دەیەوێت دڵی ئسرائیل راگرێت و هاوکات بە فرۆشتنی چەک بەئێران نەبێتە مایەی نیگەرانیی سعودیە، سەرەڕای ئەوانەش ئابوریی ئێران هیچ کاتێک بۆ روسیا جێگەی بایەخ نەبووە بە تایبەت کە ئێران لە ماوەی رابردودا گرێبەستی 25 ساڵەی ئابوریی بەبڕی 400 ملیار دۆلار لەگەڵ چین خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە .
پێشوازیی ساردوسڕی مۆسکۆ لەگەرموگوڕیی رەئیسی
رۆژی چوارشەممە (19/1/2022) ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی مۆسکۆی کردو لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا کۆبووەوە کە چەند خاڵی ئەو گەشتە مایەی لێکدانەوەی جیاوازو جێی سەرنج بووە.
شێوازی پێشوازیی لە رەئیسی هاوشانی سەرۆک کۆماری وڵاتێکی وەک ئێران نەبووە، چونکە پوتین لەفڕۆکەخانە پێشوازیی لێنەکردو سرودی نیشتیمانیی ئێران لێنەدرا و تەنانەت ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێچ شوێنێکی دیدارە فەرمییەکانی نێوان بەرپرسانی تاران و مۆسکۆ لەو وڵاتە دانەنرا.
بەشێک لە میدیاکانی ئێران وایان بڵاوکردووەتەوە کە گوایا ئەو گەشتەی رەئیسی گەشتێکی فەرمی نەبووە بۆیە زۆر ئاساییە کە پێشوازییەکە بەم شێوەیە بێت، بەڵام میدیاکانی سەر بە محافزکاران و لایەنگرانی رەئیسی هەفتەیەک پێش ئەنجامدانی گەشتەکە بڵاویان کردەوە ئەو گەشتە لەسەر دوای پوتن بووە و بڕیارە روسیا فڕۆکەی جەنگیی و قەڵغانی دژە موشەکیی بە بڕی 10 ملیار دۆلار بەقەرز رادەستی ئێران بکات و دواتر ئێران ئەو قەرزە لەو 20 ملیار دۆلارەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لە چین بلۆک کراوە بۆ مۆسکۆ بگەڕێنێتەوە.
ئەگەرچی رەئیسی لە پەرلەمانی دۆما لە روسیا وتارێکی ئاگرینی بەدڵی بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە دژی ناتۆ و ئەمریکا پێشکەش کردو رایگەیاند؛ سەردەمی وڵاتانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بەناتۆ کۆتایی هاتووە و پێشبینی دەکرێت کە ناتۆ لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵوەشێتەوە بەڵام ئەم وتارەشی نەبووە مایەی خێر بۆ وڵاتەکەی و هیچ دەستکەوتێکی لێنەکەوتەوە.
دواتر رەئیسی لە مزگەوتی گەورەی مۆسکۆ کە پێشنوێژیشی پێ رەوا نەبینرا وتارێکی پێشکەش کردو رایگەیاند روسیاو ئێران دژی داگیرکاریی ئەمریکاو ئیسرائیل لەسوریا دەجەنگن نەوەک دژی کفر و بێ باوەڕیی.
ئەم وتارەی رەئیسیش پێناچێت هیچ کارگەرییەکی لەسەر پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تەلئەبیب هەبێت بەتایبەت کە ساڵانێکە مۆسکۆ دەیەوێت دڵنیایی بدات بە تەلئەبیبی هاوپەیمانی ئەمریکا کە رێگە بەهێرشی هیچ وڵاتێک نادات بۆسەر ئیسرائیل لە کاتێکدا ئێران بەبەردەوامی هەڕەشە لەو وڵاتە دەکات.
ئێران روو لەڕۆژهەڵاتە و چاوی لەڕۆژئاوایە
کۆماری ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتی ئێستا دەیەوێت بەهەموو نرخێک رێککەوتنی ئەتۆمیی زیندو بکرێتەوە و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوەکانی تاقی دەکاتەوە چونکە ئابوریی ئێران لەسەر دەستی ئەمریکا لە لێواری هەڵدێردایە و تاکە رێگا بۆ دەربازبوون لەقەیرانە ئابورییەکان واشنتۆنە بەتایبەت کە سیستمی ئابوریی ئێستای جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایەو روسیا ساڵێک زیاترە لە ژێر کاریگەریی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا رووبەڕووی پەراوێزخستنی نێودەوڵەتیی بووەتەوە.
تەنانەت ئەگەر روسیاو چین دەیان گرێبەستی ئابوریی واژۆ بکەن بەبێ ئەمریکا ئاستەمە گرێبەستەکان بگەنە ئەنجام، نموونەی بەرچاویشی ئەو 20 ملیار دۆلارەی ئێرانە کە زیاتر لەسێ ساڵە لە چین بلۆک کراوە و تاران ناتوانێت بەدەستی بهێنێتەوە ، سەرەڕای ئەوانەش بە پێی هەندێک ئامار زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری ئێران لەسەر دەستی ئەمریکا لە بانکەکانی جیهان بلۆک کراوە و چارەنووسی ئەو پارانەش هەموی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە گرێ دراوەتەوە.
سەرجەم بازرگانیی ئێران و روسیا لە ئێستادا ناگاتە سێ ملیار دۆلار لەساڵیکدا ئەوەش قەبارەیەکی گەورە نییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەکاتێکدا بڕی بازرگانیی نیوان روسیاو تورکیا دەگاتە نزیکەی 30 ملیار دۆلار بۆیە تاران لە لایەک بە رێککەوتنی سەربازیی و ئەمنیی لەگەڵ روسیاو لە لایەکی دیکەوە بە رێککەوتنی 25 ساڵەی بازرگانیی لەگەڵ چین دەیەوێت ئەمریکا هانبدات بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی.
دەوترێت ئەم هەنگاوانە چاوداگرتن و ئاماژەی ئێرانە لەوڵاتانی رۆژهەڵاتەوە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و رۆژئاوا، چونکە لە ماوەی رابردوودا رۆبەرت مالی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لەگفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لە ڤیەننا-ی پایتەختی نەمسا پێشنیاری کردووە کۆمپانیا ئەمریکییەکان گرێبەستی ئابوریی لەگەڵ ئێران بکەن وەک دڵنیاییەکی واشنتۆن بۆ تاران کە ئەو کۆمپانیایانە پاڵپشت دەبن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هیچ بەرپرسێکی ئەمریکا هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی وڵاتەکە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نەکشێتەوە.
لەماوەی رابردوودا ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە کەناڵی (جەزیرە)ی راگەیاندبوو کۆماری ئیسلامی ئێران لەپێناو دروستکردنی هاوسەنگیی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هیچ کێشەیەکی نییە لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ وەگەڕخستنی سەرمایەکانیان لەئێران بەڵام ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوە لەلایەن لایەنگرانی توندڕەوی محافزکارانەوە بەرپەرچ درایەوە و سایتی (تەسنیم) کە زمانحاڵی ئەو باڵەی کۆماری ئیسلامییە لە بابەتێکی شیکاریدا بڵاوی کردەوە کە رەنگە وەزیری دەرەوە تێگەیشتنی تەواوەتیی بۆ دروستکردنی هاوسەنگیی نەبێت یان پەیامەکەی بەهەڵە گەیاندوو
پێنج سەدە پەیوەندیی روسیا و ئێران
تەمەنی پەیوەندیی و ململانێکانی ئێران و روسیا 500 ساڵ تێدەپەڕێنێت و بەدرێژایی مێژووی ئەو پێنج سەدەیە یان دوژمنی یەکتر بوون یان دۆست بۆیە قۆناغی پێچەوانەو چەندلایەنی زۆریان لەگەڵ یەکتر تۆمار کردوە.
ئێران و روسیا لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەکان لە ئێران پەیوەندییان هەبوە بەڵام ساڵانی (1804تا 1813) و ساڵانی (1826 تا 1828) گەورەترین و دوایین جەنگ لە نێوان ئیمپڕاتۆریەتی روسیا و دەسەڵاتی قاجارەکان لەئێران رویدا و هەر ئەوەش بوە هۆی بچوکبوونەوەی خاکی ئێران بۆ نیوە و دو رێککەوتنی گەورەی بە ناوەکانی تورکمانچای و گولستان لێکەوتەوە و باشوری قەوقاز و داغستان و سەرجەم خاکی ئەرمینیا و جۆرجیا رادەستی روسیا کرا کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندا بو.
بە پێی بەڵگەنامە مێژوییەکان روسیا تا سەرهەڵدانی یەکەم جەنگی جیهانی لەساڵی 1914 دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئێراندا هەبوە و تەنانەت دەستی هەبوە لە دەستنیشانکردنی کەسانی نزیک لەخۆی لە ناو دەسەڵات و حوکمڕانیی ئەو سەردەمەی ئێرانداو زۆر بە ئاسانی ئاڵوگۆڕی بە سیاسەتمەدارو دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کردووە.
ئەوەی جێگەی سەرنج بووە لەو سەردەمەدا، روسیا کۆنتڕۆڵی تەواوەتیی سەرچاوەی داهاتەکانی لە باکوری ئێران کردبو و لەباشوریشەوە بەریتانیا ئەوەی مەبەستی بوایە لەئێران بەدەستی دەهێنا بۆیە دەسەڵاتی سەردەمی پەهلەوی لەگەڵ ئەڵمانیای سەردەمی هیتلەر رێککەوتن دەکات ئەوەش لەگەڵ سەرهەڵدانی دوەم جەنگی جیهانیدا بوە هۆی ئەوەی بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت خاکی ئێران بە تەواوەتی داگیر بکەن ئەگەرچی تاران بێلایەنیی خۆیشی لەو جەنگە راگەیاندبو.
گەورەترین پاشەکشێ یان شکستی دەسەڵاتی ئێران لەو سەردەمەدا لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی روسیا بووە و ئێستاش ئەو برینەی ئێرانییەکان ساڕێژ نەبووە ، چونکە خاک و هەیمەنەی وڵاتەکاین بۆ زیاتر لە نیوە کەم بوەوە بویە لەم سەردەمەشدا کاتێک رێککەوتن یان گرێبەستێکی سیاسی و سەربازیی و ئابوریی لەنێوان مۆسکۆ و تاران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، رەخنەگران ئەو رێککەوتنانە بە گوڵستان و تورکمانچایی ناوزەد دەکەن وەک ئاماژەیەک بە پاشەکشێی گەورەی ئێران لە بەرامبەر روسیادا.
ئێران لەنێوان روسیاو ئەمریکپەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1899 بەڵام ئەو پەیوەندییانە لەگەڵ زیادبونی دەسەڵاتی سۆڤیەت بەسەر ئێراندا چوەتە قۆناغێکی توندوتۆڵە و بەریتانیا و ئەمریکا وەک دو هاوپەیمانی سەرەکیی لە دوای دوەم جەنگی جیهانییەوە بە بەردەوامی هەوڵی دورخستنەوەی روسیا دەدەن لە ئێران بۆیە لە ساڵی 1946 و دوای کۆتایی ئەو جەنگە، ئەمریکا داوای لە یەکێتی سۆڤییەت کرد کە سوپاکەی لە خاکی ئێران بکشێنێتەوە و بە پێچەوانەوە بۆمبی ئەتۆم لە دژی سۆڤیەت لە خاکی ئێراندا بەکار دەهێنێت.
هەڕەشەکەی ئەمریکا بوە مایەی ئەوەی ستالین سەرکردەی ئەوکاتی سۆڤیەت بڕیاری کشانەوەی سوپای سور لە ئێران بدات و ئەوەش بە قۆناغیگی گرنگی کۆتایی داگیرکاری روسیا لەسەر دەستی ئەمریکا لە ئێران لەقەڵم دەدرێت.
ئەمریکا لەو سەردەمەوە ئێرانی بەهاوپەیمانێکی نزیکی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار کرد و تەنانەت سوپای ئێرانی بە ئاستێک پڕچەک و بەهێز کرد کە بوە چوارم سوپای بەهێز و رێکخراوی جیهان و هەر لەو سەردەمەدا ئەمریکا 80 فڕۆکەی ئێف 14ی رادەستی ئێران کرد کە تەنها سوپای ئەمریکا ئەو جۆرە لە فڕۆکەیی هەبو کە تا ئێستاش بە یەکێک لە فڕۆکە بەهێزەکان و گرانەکانی جیهان ئەژمار دەکرێت و لە جەنگی ئێران و عێراقیشدا تەنها خاڵی بەهێزی ئێران ئەو فڕۆکانە بون کە بە (تام کەت) بەناوبانگن.
بە پێی ئەو بەڵگەنامە نهێنیانەی ئەمریکا کە لەساڵی 1996 بڵاوکراوەتەوە بەربەیتانیا و ئەمریکا بڕیاریانداوە ئەگەر سۆڤیەت لە خاکی ئێران نەکشێتەوە ئەوا خاکی ئەو وڵاتە و سعودیە بە بۆمبی ئەتۆم بۆردومان بکرێت بۆ ئەوەی سۆڤیەت سود لە سەرچاوە گەورەکانی نەوتی ئەو دو وڵاتە وەرنەگرێت.
لە ساڵی 1979 دوای روخانی سیستمی پاشایەتیی پەهلەوی کە بە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار دەکرا پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە دۆستایەتییەوە بوەتە دوژمنایەتی چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەگەل گرتنەدەستی دەسەڵات لەو وڵاتە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکای هەڵگرتوە و رۆژانە ئەو دروشمە وێردی سەر زمانی بەرپرسانی ئەو وڵاتەیە ئەگەر لە دڵیشەوە خواستی تریان هەبێت بەڵام بەزمان مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە و واشنتۆنیش لە ماوەی ئەو 42 ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە دو هەزار سزای بەسەر تاران و بەرپرسانیدا سەپاندوە و تەنانەت ئابوریی ئەو وڵاتەی خستوەتە لێواری هەڵدێرەوە.
هەوڵەکانی ئیران لەپێناو تێگەیاندنی ئەمریکا
نزیکەی 42 ساڵ لەئێران دروشمی دژی ئەمریکا دەوترێتەوە و چەند ساڵێکیشە هەوڵەکانی لەگەڵ چین و روسیا خستوەتەگەڕو لە نوێترین هەنگاویشدا رۆژی پێنجشەممە (21/1/2022) سێکوچکەی ئێران و چین و روسیا مانۆڕێکی سەربازییان لە باکوری ئێرانەوە دەستپێکرد و لە زەریای هندی کۆتاییان پێهێنا.
تاران ئەو مانۆڕەی وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ وڵاتەکەی لەقەڵەم دا بەڵام بەرپرسانی ئێران بە باشی درک بەوە دەکەن چین و روسیا لە قەبارەی گەورەدا دژایەتیی سیستمی سیاسی و ئابوریی جیهان ناکەن لە پێناو ئێراندا، چونکە لە رابردوشدا ئەو دوو وڵاتە هاوشانی ئەمریکا دەستیان هەبووە لە دەرکردنی 15 بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لەدژی ئێران، بۆیە هەموو هەوڵەکانی تاران بۆ ئەوەیە سەرنجی ئەمریکا راکێشێت بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی و رێگریی لەنوقمبونی لەقەیرانی ئابوریی