ئەردۆغان بۆ دەرچوونی لەهەڵبژاردندا پەنا بۆ ئۆجەلان دەبات

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

لە ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، گۆڕانکاری لە پۆستی وەزیری داددا کرد، گۆڕانکارییەک کە راستەوخۆ پەیوەندی بەکورد و بەتایبەتتر بە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هەیە.

لەو رۆژەدا بەکر بۆزداغ، ناوێکی دیاری ناو حکومەتی تورکیا، بە فەرمانی ئەردۆغان کرایە وەزیری دادی تورکیا بۆ دەرکردنی رەشنووسە یاسایەک تا عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندان دەربکات و بیگوازێتەوە بۆ ژیر چاودێری لەماڵێکدا کە بۆی دیاری دەکرێت.

بەپێی وتەی جان ئاتاکلی، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیا، ئەردۆغان دەیەوێت بەم هەنگاوەی سۆزی کوردانی تورکیا رابکێشێت و دەنگی زۆربەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ پارتەکەی خۆی، پارتی دادو گەشەپیدان (ئاکەپە)، ببات.

بەکر بۆزداغ بە رەچەڵەک کوردەو پێشتر لەساڵی ٢٠١١دا جێگری سەرۆک وەزیران بووە لەکابینەکەی ئەردۆغانداو چەندین پۆستی تریشی هەبووە.

جان ئاتاکلی لە یوتیوب و تویتەری خۆی ئەو وتانەی خۆی بڵاویکردەوە و دەڵێت بەپێی ئەو شتانەی بیستوویەتی، بەکر بۆزداغ باشترین بژاردە بووە کە ئەردۆغان هەڵیبژیڕێت بۆ ئەو کارە.

ئاتاکلی دەڵێت، پارتی داد و گەشەپێدان دەیەوێت بەمزووانە رەشنووسە یاسایەک تێپەڕێنێت بە سەرکردایەتی بەکر بۆزداغ و بەندێکی رەشنووسەکە تێیدا هاتووە کە «ئەو تاوانبارانەی تەمەنیان ٧٠ ساڵە و ٢٠ ساڵیان لە زیندان بەسەر بردووە دەگوازرێنەوە و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە لەماڵەوە، بەمجۆرەش ئۆجەلان سوودمەند دەبێت لەم یاسایە و ئازاد دەکرێت».

عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردە و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە ئێستادا تەمەنی ٧٣ ساڵە و لەساڵی ١٩٩٩ەوە لەزیندانە کاتێک لەلایەن دەزگای هەواڵگری تورکیاوە لە نایرۆبی پایتەختی کینیا رفێنراو گەڕێنرایەوە تورکیا.

ئەم وتانەی ئاتاکلی لە کاتێکدایە پەكەكە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆمیتەی ناوەندیی بەڕێوەبرد و لەبەشێکیدا رایگەیاند، «كات كاتی ئازادكردنی جەستەیی ڕێبەر ئۆجەلانە».

ئاتاکلی دەڵێت ئەم کارەی سەرۆکی تورکیا بۆ ئەوەیە تا دەنگی کورد بۆ خۆی رابکێشێت لە هەڵبژاردنی گشتیدا کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ٢٠٢٣دا ئەنجامبدرێت.

رۆژنامەنووسە تورکییەکە باس لەوەش دەکات لە ئێستادا دۆخی سیاسی ئەردۆغان باش نییە و پەنا بۆ هەر کەسێک دەبات کە یارمەتی بدات، یەکیکیش لەوانە بەکر بۆزداغە کە زۆر شارەزایە لە نووسینی رەشنووسە یاسادا.

رۆژنامەنووسە تورکییەکە لەم وتانەیدا بە تەنها نییە، بەڵکو چەندین راپرسی ئەم دواییانە لەلایەن دەزگا گەورەکانی تورکیاوە ئەوەیان دەرخستووە ئاکەپە و ئەردۆغان ئاستی جەماوەرییان لاواز بووە، ئەویش بەشێکی زۆری بۆ دۆخی ئابوری تورکیا دەگەڕێتەوە لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرە کە تەنها لە ٢٠٢١ لەسەدا ٤٠ی بەهاکەی لەدەستداوە.

بەپێی راپرسییەکی دەزگای میترۆپۆڵ کە لە ١١ی مانگی رابردوو ئەنجامدرا، ئاستی جەماوەری ئەردۆغان بەجۆرێک دابەزیوە کە لە ٢٠١٥ەوە ئەو ئاستەی بەخۆیەوە نەبینیوە و لە ئێستادا ئاستی جەماوەری سەرۆکی تورکیا لەسەدا ٣٨.٦٪ە، ئەمەش کەمترە لەو رێژەیەی سێ کاندیدەکەی تر بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کە لە راپرسییەکەدا داندراوە و دوو کەسیان سەر بەپارتی جەهەپەن، ئەوانیش مەنسور یەڤاش، سەرۆک شارەوانی ئەنقەرە، و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵە.

لە راپرسییەکی تردا کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی سۆسیۆ پۆڵەتیک ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە پارتی ئاکەپە تەنها لەسەدا ٢٧%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، ئەمەش لەسەدا ١٠% کەمی کردووە بە بەراورد بە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ کە لەسەدا ٣٧% بوو.

پارتی جەهەپەش لەسەدا٢٢.٩%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پارتە هاوپەیمانەکەی بەناوی پارتی چاک، لەسەدا ١٠.٣%ی بەدەستهێناوە، هاوکات راپرسییەکە ئەوەشی دەرخستووە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەسەدا ٩.٤%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

دەزگای ئۆ ئار سی راپرسییەکی تری ئەنجامداوە و تێیدا دەرکەوتووە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە توانیویەتی لەسەدا ٣٨.٧%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت لەکاتێکدا هاوپەیمانییەتی جەهەپە-پارتی چاک لەسەدا ٣٩.٥%ی دەنگەکانی کۆکردووەتەوە.

دەزگای میترۆپۆڵ راپرسییەکی تری ئەنجامداوە و تێیدا دەرکەوتووە لەسەدا ٣٦.٧%ی خەڵکی تورکیا پێیانوایە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت قەیرانی ئابوری تورکیا رێکبخات لەبەرامبەر لەسەدا ٣٥.٤٪ی دەنگەکان کە پێیانوایە هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە دەتوانێت ئەو کارە بکات.

لەکۆتایی قسەکانیدا جان ئاتاکلی ئاماژە بە بابەتیکی تر دەکات  و دەڵێت ئەردۆغان «ئامادەکاریشی کردووە بۆ لێبوردنی گشتی» و ئەگەر لەکاتی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا بۆچوونی ئەوەی بۆ دروست ببێت کە رەنگە بدۆڕێت، ئەوا «لێبوردنی گشتی دەردەکات» بۆ ئەو کەسانەی بەندەکەی پێشوو دەیانگرێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار