حكومەت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لەكۆمپانیاكان پەنا بۆ وەزارەتی داد دەبات

هاوڵاتى ناوو بڕی ئەو قەرزە بڵاودەكاتەوە كە كۆمپانیاو وەبەرهێنەرەكان دەبێت بیدەنەوە بە حكومەت

3 ساڵ لەمەوپێش




سەركۆ جەمال

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند ساڵێكە داوای ئەو قەرزانە دەكات كە بەوتەی خۆی لەلای وەبەرهێن و كۆمپانیا و بازرگانانە، بۆ ئەو مەبەستەش رێوشوێنی دەستپێكردووە، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش دەڵێت تائێستاش بەشێك لەكۆمپانیا و بازرگانەكان قەرزیان بە حكومەت نەداوەتەوە.

بەپێی نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی زۆری قەرزەكان نزیكەی 15 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوەو بازرگانان و وەبەرهێنەران لەكاتی خۆیدا نەیانداوەتەوە بەوهۆیەوە لەگەڵ ئەو سووەی چووەتەسەری گەیشتووەتە یەك ترلیۆن و 307 ملیار و 793 ملیۆن و 798 هەزار دینار كە لەبنەڕەتدا 513 ملیار و 500 ملیۆن و 114 هەزار و 843 دینار بووە.

بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەش ئەنجومەنی وەزیران داوای لەوەزارەتی دارایی كردووە ئەو قەرزانە پاكتاو بكات، وەزارەتی داراییش داوای لەوەزارەتی داد كردووە دەست بەفرۆشتنی موڵك و ماڵی خاوەن قەرزەكان بكات.

بەپێی نووسراوەكان كە هەندێكیان بۆ سەردەمی كابینەی بەرهەم ساڵح سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە چەندین جار حكومەتی هەرێم داوای لەچەند كۆمپانیایەك كردووە قەرزەكانیان بدەنەوە، داواكارییەكەش بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری و بانكەكان نێردراوە.

لەدوایین ئاگاداركردنەوەشدا كە مێژووەكەی بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی دیوانی ئەنجومەنەكەوە وەزارەتی دارایی ئاگاداركردووەتەوە كە دوایین جار قەرزارەكان ئاگادار بكەنەوە لەو ماوەیەی بۆیان دیاریكراوە قەرزەكان بدەنەوە.

هاوڵاتى بۆ وەرگرتنی رای وەزارەتی دارایی پەیوەندیكرد بە نەبەرد فوئاد وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ناوبراو وتی :» ئاگاداری ئەو نووسراوە نیم بۆیە قسەی لەسەر ناكەم».

هاوكات یاسین مەحمود، سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بەهاوڵاتى وت :»بەهۆی ئەوەی نووسراوەكان كۆنن ئاگادارنیم بەوردی چی كۆمپانیایەك قەرزی داوەتەوە یاخود نا، بەڵام هەندێك لەكۆمپانیاكان بەڕێگەی جیاواز قەرزەكانیان داوەتەوە بەحكومەت».

یاسین مەحمود كە هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیای بەڕێزە وتیشی: «ئەوەندەی ئاگاداربم تائێستا كۆمپانیای نالیا یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی قەرزی بە حكومەت نەداوەتەوە، بەڵام كۆمپانیای بەڕێز سەرجەم قەرزەكانی بۆ حكومەت گەڕاندووەتەوە».

بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتى، له كابینەكانی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا و بازرگان قەرزیان لەحكومەت كردووە و تا ئێستا ئەو قەرزانە نەدراونەتەوە.

 كاتی خۆی قەرزەكانی بە پێوەری یاسایی كراوەو لەجیاتی قەرزەكە، خانوو، یان موڵكێك وەك رەهن له بەرامبەر ئەو قەرزە خەوێنراوە، قەرزەكانیش جۆراوجۆرون، بەشێكیان قەرزی بچووكە، بەشێكیان قەرزی بازرگانین، بەشێكیان قەرزی گەورە و قەرزی بچووك و پرۆژەی بازرگانین، بەڵام لەهەمان كاتیشدا كۆمپانیا و بازرگان هەیە پارەیان لای حكومەتە.

هەر بەپێی زانیاریەكان لە مانگی هەشتی 2021 ەوە حكومەت دەستی بەسەر رەهنی قەرزداراندا گرتووە و هاوكات لە 13ی 5ی 2020 حكومەت لەڕێگای نووسراوێكەوە داوای لە بانكەكان كردووە لیژنەی تایبەتمەند پێكبهێنن بۆ پۆلێنكردنی قەرزەكان و رێكارەكانی وەرگرتنەوەی قەرزەكان.

پێشتر عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو: بەپێی یاسای قەرزی ساڵی 1977، هەر بازرگانێك پارەی حكومەتی لابێت، دەبێت لە بەرامبەر ئەوەدا رەهنی دانابێت، جا ئەو رەهنە خانوو، كۆمپانیا، یان هەر شتێكه، بۆ ئەوەی ئەگەر لە ماوەی دیاریكراودا قەرزەكان نەدەنەوە، ئەوەی بەڕەهن دانراوە حكومەت لێی وەردەگرێت و لەجیاتی قەرزەكە دەیفرۆشێت، یان دەیخاتە سەر میلاكی وەزارەتی دارایی و ئەم یاسایەش لە 1/7/2020ـوە جێبەجێ كراوه.

سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندبوو:» هەرچەندە ئەمە پرۆسەیەكی كەمێك ئاڵۆزەو رێكاری خۆی هەیه، چونكە ئەگەر هات و ئەو رەهنەی دایناوە بەشی ئەو قەرزەی نەكرد كە لەحكومەت كردوویەتی، دەبێت ئەوەی دەمێنێتەوە وەك قەرز لێی وەربگیرێتەوه».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار