قائانی لەعێراقدا وەك سولەیمانی پێ ناكرێت
ئێران لەعێراق؛ لەجەنگی سارد بۆ ئاشتیی سارد
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئێران دەیەوێت لەجیاتی جەنگی سارد لەگەڵ نەیارانی لەعێراق ئاشتییەكی سارد لەبەغدا بكات و زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیش لەگەڵ ئەمریكا مسۆگەر بكات، بۆیە پێچەوانەی رابردوو هەوڵی هێوركردنەوەو كاردانەوەكانی گروپەكانی لایەنگری خۆی دەدات لەعێراق.
پێشتر قاسم سولەیمانی لەباڵای ژەنەڕاڵێكی ئیمپراتۆریەتی شیعەدا رۆڵی گرنگی هەبوو لەیەكخستنی شیعەكان و بە پەیامێك لەتارانەوە شەقامی شیعەی لەبەغدا رێكدەخست، بەڵام دوای ئەو قائانی بە گەشتە بەردەوامەكانی بۆ بەغدا نەیتوانیوە ببێتە مایەی یەكڕیزیی شیعە، بۆیە كوشتنی سولەیمانی سەرەتای تێكچوونی خەونی ئیمپڕاتۆریەتی شیعەیە لەعێراق.
ئەگەرچی ئێران بەداهێنەری هیلالی شیعە لەناوچەكە وەسف دەكرێت، بەڵام بەرژەوەندیی وڵاتەكەی لەهەموو دین و دیانەتێك بۆ گرنگترە بەتایبەت كە نموونەی ئەوەی لەسەردەمی راگرتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ سەددام حسێن بەدی كراو روحەڵڵا خومەینی، رێبەرو دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران بەواژۆكردنی بڕیارنامەی ژمارە 598ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەكگرتوەكان بۆ راگرتنی جەنگ لەساڵی 1988 رایگەیاند ئەم كارە وەك جامی ژەهر وایە كە دەینۆشم بەڵام بەرژەوەندیی ئێران ئەوە دەخوازێت.
هەروەها دور نییە كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 ئامادەكاریی بكات بۆ نۆشینی جامێكی دیكەی ژەهر لەپێناو بوژاندنەوەی ئابوریی وڵاتەكەی كە لەسەر دەستی ئەمریكا لەلێواری هەڵدێر نزیك بووەتەوە.
ئێران زیاتر لەشەش مانگە بەنێوەندگیریی عێراق دەیەوێت كۆتایی بەجەنگی ساردو راسپێردراو لەگەڵ سعودیە بهێنێت بۆیە زۆر ئاساییە پاشەكشێ لەهەڵوێستەكانی ئێستای ئەو وڵاتە لەسەر پێگەی لایەنەكانی و لایەنگرانی لەعێراق بەدی بكرێت، وەك چۆن پێچەوانەی پێشبینییەكان لە ئاست ئەنجامەكان و ئەژماركردنی دەنگەكان توندی نەنواند پێدەچێت لەئاست دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت و سەرۆكەكەشی نەرمیی بنوێنێ و بە كەمی كێكی دەسەڵات و لاوازیی پاشكۆكانی لەعێراق رازی بێت.
تاران لەماوەی مانگێكدا سێ جار ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەلیەقی قودسی سەر بەسوپای پاسدارانی رەوانەی عێراق كردووە و هاوكات لەگەڵ كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە شیعەكانی نزیك لەخۆی كە بە چوارچێوەی هەماهەنگیی ناو دەهێنرێن لەگەڵ موقتەدا سەدر كەدۆستی جارانی ئێران و هاوپەیمانی ئێستای سعودیەیە كۆبووەتەوە، بەڵام روون نییە پێداگریی لەهیچ خواست و ئامانجێك هەبووبێت.
ئێران لەنێوان پارتی و سەدرو مالیكی
تەلەفیزیۆنی (ئێران ئەنتەرناشناڵ) كە نزیكە لەوڵاتی سعودیەوە بڵاوی كردووەتەوە؛ ئیسماعیل قائانی رۆژی یەكشەممە (30/12/2022) سەردانی هەولێری كردووە بۆ ئەوەی رێگریی لە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و موقتەدا سەدر بكات.
سەرچاوەیەك بە تەلەفیزیۆنەكەی راگەیاندووە؛ قائانی بەگەشتێكی چاوەڕواننەكراو رووی لەهەولێر كردووە و گەشتەكەو كۆبوونەوەكانی بەنهێنی ئەنجامداوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران هەڵگری پەیامی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بووە بۆ پارتی بەڵام ناوەڕۆكی ئەو پەیامە ئاشكرا نەكراوە.
ئەگەرچی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و پارتی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 75 ساڵ پێش ئێستا، بەڵام لە ماوەی رابردوودا میدیاكانی سەر بەباڵی توندڕەوی محافزكاران و سوپای پاسداران لەئێران بە بەردەوامی پارتییان بەوە تۆمەتبار كردووە كە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیی توندوتۆڵی هەیەو ئەوەش بۆ دژایەتی ئێرانە لەناوچەكەدا.
پەیوەندیی بنەماڵەی سەدرو شیعەكان لەئێران پەیوەندییەكی كۆن و مێژووییە، بەڵام ئێران بە ئاشكرا رایگەیاندووە موقتەدا سەدر نابێت بەتەنها چاوی لەو بەروبوومە سیاسی و ئاینییەی باوك و باپیرانی بێت كە لەعێراق چاندوویانە، بەزمانێكی دیكە تاران داوای بەش لەموقتەدا سەدر دەكات.
ئەو هاوپەیمانییەی كە بەناوی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكرێت و گەورەترین كێشەو ناكۆكیی لەگەڵ سەدر هەیە بەبڕوای مالیكی درێژكراوەی تێكۆشانی محەمەد باقری سەدر لەدامەزراندنی حزبی دعوەی ئیسلامی بووە كە باوكی موقتەدا سەدرە.
بەرپرسانی ئێران پێیان وایە كێشەو ناكۆكییەكانی سەدرو نوری مالیكی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 چونكە لەو سەردەمەدا كە لایەنگرانی سەدر لەپارێزگای بەسرە ویستیان خۆپیشاندان دژی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق ئەنجام بدەن، مالیكی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو خۆی گەیاندە پارێزگاكەو فەرمانی كرد بەسەركوتی ئەو خۆپیشاندانانە، بۆیە لەو رۆژەوە ئەو دوو دۆستە كۆنەی ئێران بڕواو متمانەیان بە یەكتری نەماوە.
ئێران و سعودیە لەعێراق
زیاتر لە 42 ساڵە سعودیەو ئێران ناكۆكییان هەیە بە تایبەت كە سعودیە خۆی بە نوێنەر و سەرۆكی سوننەكان لەعێراق دەزانیت و هاوكات بە هاوپەیمانی ئەمریكا لەعێراق لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام بە سەرهەڵدانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ریاز ئاڵۆزیی زۆری بەخۆیەوە بینیوەو ئەو دوو وڵاتەش لە رێگەی گروپە لایەنگرەكانیانەوە عێراقیان كردووە بە چەقی ململانێی شیعەو سوننە.
ستراتیژی ناوچەیی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە لەسەر بنەمای رووبەڕووبوونەوەی هەژمونی ئەمریكاو پشتیوانی لە گروپە شیعەكان و بەرەنگاربوونەوەی گروپە سوننە توندڕەوەكانی وەك داعش و تاڵیبان و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات و هەیمەنەی سعودیە لەسەر وڵاتانی كەنداو داڕێژراوە.
ئەم ستراتیژییەی ئێران بە بەردەوامی هۆكاری سەرەكییە بۆ بەریەككەوتنی شیعەكان و سوننەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئاستێك لە بێمتمانەیی لەنێوان تاران و ریازدا هەیە كەبواری ئەوەیان دروستكردووە ئاشتیی شیعە و سوننە لەوڵاتان بكەنە شەڕی ماڵوێرانكەرو نموونەی ئەوەش لە گۆڕەپانی عێراقدا بەدی دەكرێت.
ئێران لەئێستادا بەهۆی گۆڕانكاریی لەسیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی هەوڵی هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سعودیە دەدات، بۆیە پێچەوانەی رابردوو میلیشیا شیعەكان هێوردەكاتەوە و سەرەتای ئەو سیاسەتەش دوای هێرشكردنە سەر ماڵی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەركەوت، بەوەی كە ئێران بەپەلە هێرشەكەی ئیدانەكرد و قائانیش خۆی گەیاندە بەغداو لەگەڵ فەرماندەكانی حەشدی شەعبی كۆبوەوە.
قائانی بە فەرماندەو هێزە چەكدارەكانی شیعەی لەعێراق وتووە: ئێران سەرقاڵی دانوستانی ئەتۆمییە لەڤیەننا و نابێت جموجۆلی ئەو هێزانە لەعێراق ببێتە مایە توندبوونەوەی هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریكا لە بەرامبەر تاران.
هاوكات دوای ئەوەی محەمەد حەلبوسی، وەك لایەنێكی بەهێزی سوننە جارێكی دیكە بووەوە بەسەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی حەلبوسی كرد، ئەوەش ئاماژەیەكی دیكە بوو كە تاران هەستیاریی و توڕەییەكانی سەبارەت بە دۆخی لاوازو پەرتەوازەی شیعەكانی لایەنگریی لە عێراق كەم بووەتەوە.
قائانی و قاسم سولەیمانی
پسپۆڕانی نێودەوەڵەتی و شارەزایانی سیاسی بڕوایان وایە ئێران لەعێراق و لوبنان پاشەكشێی گەورەی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا كردووە كە دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە، یەكیان رێككەوتنی ئەتۆمییەو ئەوی دیكەیان نەمانی قاسم سولەیمانییە.
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای قودس بە كاریگەرترین بەرپرسی ئێران دوای خامنەیی لەعێراق و لوبنان لەقەڵەم دەدرا بە تایبەت كە سولەیمانی ئەزمونی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و لایەنەكانی زۆر زیاتر بوە و لە قائانی و لە سیاسەتدا بە هەیمەنە و لە بواری سەربازیشدا خاوەن بڕیاربوە، بەڵام ئەو تایبەتمەندیانە تائێستا لە قائانی بەدی نەكراوە.
پێشتر سولەیمانی بەئاماژەیەك لەتارانەوە گروپ و لایەن شیعەكانی لەعێراق رێكدەخست، بەڵام قائانی لە ماوەی مانگێكدا سێ جار گەشتی بۆ عێراق كردووە و پێناچێت توانیبێتی گروپە و لایەنەكانی نزیك لەوڵاتەكەشی رێكبخات.
پاشەكشێی ئێران بۆ ئەمریكا بۆ پارە بلۆككراوەكانی لە عێراق
گومانی تێدا نییە واشنتۆن و تاران لەعێراق ململانێی یەكتری دەكەن، بەڵام سەبارەت بە هەڵبژاردنە پێشوەخەتەكەی عێراق لەمانگی ئۆكتۆبەر، ئیمارات و توركیا ئەركەكەی ئەمریكایان بۆ دژایەتی ئێران سوك كردووە و بەرژەوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتەش وادەخوازێت كە دەستی تاران لەعێراق كورت بكەنەوە.
بەرپرسانی ئێران پێیان وایە سێكوچكە ئەمریكا و سعودیە و ئیمارات زیاترین هەوڵیان داوە رۆڵی تاران لەبەغدا و حكومەتەكەی داهاتوویدا بچووك بكەنەوە، بۆیە ئەو وڵاتە بە كەمبوونەوەی هەیمەنەی لەعێراق باكی نییە و نایەوێت ئەمریكا و سعودیە لەخۆی توڕە بكات، چونكە كاری لەپێشینەی تاران بەدەستهێنانەوەی ئەو پارانەیەتی لەعێراق كە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بلۆك كراوە.
حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری پێشوی ئێران شەش مانگ پێش لەوەی ماوەی سەرۆك كۆمارییەكەی كۆتایی بێت بەلێدوانێك گلەیی لەهەندێك وڵای دراوسێ كرد كەزیاتر لە 30 ملیار دۆلاری ئێرانیان بلۆك كردووە، دواتر دەركەوت رۆحانی مەبەستی سەرەكیی عێراق بووە، بەڵام دوای ئەوەی ئیبراهیم رەئیسی بووە سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایگەیاند؛ بڕی حەوت ملیار دۆلاری وڵاتەكەی كە قەرزە كەڵەكەبووەكانی فرۆشتنی غازو كارەبا بەعێراق بووە بلۆك كراوە.
ئێران بە نێوەندگیریی مستەفا كازمی كە بەهاوپەیمانی ژێربەژێری سەدر لەقەڵەمدەدرێت توانیویەتی ئەمریكا رازی بكات كە ئەو پارانە لەبەرامبەر كڕینی كاڵای پێویست بۆ ئێران وەربگرێتەوە واتە، عێراق پارەكان دەدات بە كاڵاو رەوانەی ئێرانی دەكات بەبێ ئەوەی تاران راستەوخۆ بتوانێت مامەڵە بەپارەكانیەوە بكات.
بەپێی نامەیەكی سەرۆكی ناوەندی بازرگانیی ئێران كە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردوەتەوە و نامەكەش رێككەوتی پێنجشەممەی رابردوی لێدراوە، ئاماژە بەوەكراوە سەرجەم وەزارەتەكانی ئێران داواكارییەكانیان بۆ دابینكردنی كاڵا سەرەكی و پێویستەكانی وەك دەرمان و خۆراك و پیشەسازیی دواكاریی ئاڕاستەی ناوەندەكە بكەن چونكە بڕێك لەپارەكانی وڵاتەكە لەبانكی بازرگانی عێراق ئازاد كراوە.